ئەنگوستیلەکەی ڕەئیسی دیاریی کێ بوو؟



دوای رووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆکی ئێران و شاندی یاوەری و دۆزینەوەیان لە ناوچەیەکی شاخاوی تەبرێز، ئەنگوستیلەیەک پشتراستی دۆزینەوەی تەرمی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆکی ئێرانی کردەوە و هەمان ئەو ئەنگوستیلەیە چیرۆکی کوژرانی قاسم سولەیمانیشی هێنایەوە یاد کە ئەویش لە سەر وەختی کوژرانیدا بەو ئەنگوستیلەیە،کوژرانی پشتڕاست کرایەوە.

 

ئەنگوستیلەکەی ڕەئیسی، کە لە بەردی عەقیقی یەمەنی دروستکراوە و ئایەتێکی قورئانی پیرۆزی لەسەر نەخشێنراوە، بەپێی قسەوباسی نێو میدیا و تۆرەکۆمەڵایەتییەکانی ئێران، دیاری عەلی خامنەیی ڕابەری ئێرانە، کە دوابەدوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی لە ساڵی ٢٠٢١ بە دیاریی پێشکەشی کردووە.

دیمەنی ئەنگوستیلەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری کۆچکردووی ئێران دوای کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی، لە لایەن ماڵپەڕە ئێرانییەکانەوە بڵاوکرایەوە، کە ئەوە دیاریی عەلی خامنەیی بووە بۆی.

 

دیمەنێکی ڤیدیۆیی کە ڕۆژی دووشەممە ٢٠ – ٥ – ٢٠٢٤  لە لایەن میدیا ئێرانییەکانەوە بڵاوکرایەوە، ئەو ساتەی دۆکیۆمێنتکرد کە ئەنگوستیلەیەک دۆزراوەتەوە  بەشێک لە ئایەتی ژمارە ٢١ی   سورەتی یوسفی لەسەر نوسراوە؛

(وَاللَّهُ غَالِبٌ عَلَى أَمْرِهِ) ” خودا بەسەر کاری خۆیدا زاڵ و بە دەسەڵاتە”.

 

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوە و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکە لە کاتی گەڕانەوەیان لە ناوچەی خودافەرین لەسەر سنووری هاوبەش لەگەڵ ئازەربایجان بەرەو شاری تەبرێز لە ئاکامی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەیان گیانیان لەدەستداوە.

 

دیمەنی ئەنگوستیلەکەی ڕەئیسی، هەمان دیمەنی ئەنگوستیلەکەی قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودسی هێنایەوە بەرچاو کە لە ساڵی ٢٠٢٠ کاتێک بە مووشەکێکی ئەمریکی کرایە ئامانج.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی بی بی سی، ئەنگوستیلەکانی تایبەت بە دەستی ڕاست هەمیشە تایبەتمەندیی دەرکەوتنی سولەیمانی بووە، دەتوانرێت لە هەموو وێنەکانیدا جیا بکرێتەوە کە لە میدیاکاندا بڵاودەکرێنەوە، جا لە کاتی وتارەکانیدا بێت، یان لە کاتی نوێژەکانیدا، یان لە کاتی گەشتە سەربازییەکانیدا.

 

چەند ئەنگوستیلەیەک هەبوون کە لە وێنەکانی سولەیمانیدا دەردەکەوتن، لەوانە ئەو ئەنگوستیلە بەناوبانگەی کە لە کاتی کوژرانیدا لە پەنجەیدا بوو، هەروەها دانەیەکی دیکە کە وشەی “خودا”ی لەسەر هەڵکەندرابوو.

 

ئەنگوستیلەکان لە بەردی عەقیقی یەمەنی دروستکراون و ئایەتەکانی قورئان یان وشەی خودایان لەسەر هەڵکەندراوە و بەپێی میدیاکانی ئێران، واتای ئایینی و هێمای پێگەی کەسەکانیان هەڵگرتووە.

 

ئەنگوستیلەی زیوی ڕووپۆش بە بەردی بەنرخ، لای پیاوان نەریتێکە کە لەناو موسڵمانانی سوننە و شیعەدا بەربڵاوە، هەرچەندە لەناو شیعەکاندا زیاتر بڵاوبووەتەوە و دەرکەوتنێکی خوازراوی باویشە بۆ ئاماژەدان بە باوەڕی ئەو کەسانەی دەیکەنە پەنجەیان، کە  زۆربەی کات ئەنگوستیلەکان لەسەر پەنجە توتەی دەستی ڕاست دادەنرێن، هەندێکجاریش لەسەر پەنجەی ئەڵقەی هاوسەری دادەنرێت و هەندێکیش ئەو دووانە تێکەڵ دەکەن.

 

بەردی بەنرخی بەناوبانگ بۆ ڕازاندنەوەی ئەنگوستیلەکانیش بریتین لە؛ فەیروزە، ئاسنی چینی، مرواری، عەقیق، یاقوت و زمرود.

 

بەپێی گێڕانەوەکان، ئەو بەردە بەنرخانە هۆکاری دڵخۆشی و رۆزی و ڕێزداری و بەرزی پێگەن بۆ بەکارهێنەرانیان.

 

یەكێتی هەڵوێستی لەسەر دیاری كردنی 5 كورسی بۆ پێكهاتەكان ڕاگەیاند
پێشت یەكێتی هەڵوێستی لەسەر دیاری كردنی 5 كورسی بۆ پێكهاتەكان ڕاگەیاند
سودانی و بارزانی دەچنە تاران
دواتر سودانی و بارزانی دەچنە تاران
پەیوەندیدار