قوباد تاڵەبانی ئامادەى ڕێوڕەسمی بەکارخستنی پڕۆژەى کارگەى ئالیکی تەبارە بوو



قوباد تاڵەبانی، جێگرى سەرۆک وەزیران چەند پڕۆژەیەکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی لە سنوورى کۆیە بەسەرکردەوە و بە هەوڵێکی گرنگی لەقەڵەمدان بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابوورى.

ڕۆژى چوارشەممە، لەو سەردانەیدا جێگرى سەرۆک وەزیران، لەگەڵ بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بەنداوی شەوگێڕی بەسەرکردەوە و دەستخۆشی لە هەوڵەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کرد بۆ بنیاتنانی بەنداو لە ناوچە جیاوازەکاندا و بە هەنگاوێکی گرنگی لە قەڵەمدا بۆ ڕووبەڕووبونەوەى کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.

هەرلەوبارەیەوە و بە لەبەرچاوگرتنی تواناى بەنداوی شەوگێڕ بۆ گلدانەوەى 1.3 ملیۆن مەتر سێجا ئاو و سەرڕێژبوونی لەمساڵدا، قوباد تاڵەبانی خۆشحاڵى خۆى نیشاندا و بنیاتنانی بەنداوەکانی بە فاکتەرێکی گرنگ زانی بۆ بەهێزکردنی سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێم و زامنی ئاسایشی ئاو و پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ.

دواى گوێگرتن لە سوودەکانی بەنداوەکە بۆ گەشتیارى و کشتوکاڵ و سامانی ماسی بۆ گوندەکانی سنوورەکە، جێگرى سەرۆک وەزیران ئاماژەى بەوەکرد دەبێ هانی برا جوتیارەکانمان بدەین کە شێوازی کشتوکاڵى پێشکەوتوو بگرنەبەر لەپێناو کەمتر بەفیرۆدانی ئاو، بەتایبەت کەمکردنەوەى ئەو بڕەى پێویستە بۆ ئاودانی بەرووبوومەکان و زیاترکردنی ئاستی بەرهەمى کشتوکاڵى جوتیاران.

قوباد تاڵەبانی لە دووەم وێستگەشدا، ئامادەى ڕێوڕەسمی بەکارخستنی پڕۆژەى کارگەى ئالیکی تەبارە بوو لە کۆیە و گرنگی وەبەرهێنانی لەم بوارەدا دووپاتکردەوە و بەهەنگاوێکی پێویستی زانی بۆ زامنکردن و پاراستنی سامانی ئاژەڵ.

لە ڕێوڕەسمەکەدا گرنگی بەگەڕخستنی کارگەکە خرایەڕوو لە ڕووى بەرهەمهێنان و کەمکردنەوەى تێچووى کڕین و هاوردەکردنی ئالیک، هەروەها لە ڕووى خۆراکیی و سودەکانی بۆ پاراستنی تەندروستی ئاژەڵى.

جێگرى سەرۆک وەزیران، لە میانی بەسەرکردنەوەى بەشەکانی کارگەکەدا ئاماژەى بەوەکرد، کە کارگەکانی ئالیک دەکرێت ببنە باشترین بزوێنەرى پیشەسازی پەلەوەر و ماسی و ئاژەڵى، لە ڕێى سوودوەرگرتن لە بەرهەم و پاشماوەى کێڵگە کشتوکاڵییەکان بۆ بەرهەمهێنانی ئالیکی گونجاو بەپێى ستانداردی جیهانی و پێکهاتەى خۆراکی، جگە لەوەش ببنە هۆکارێک بۆ دابینکردنی دەرفەتی هەلى کار بۆ هاووڵاتییانی سنوورەکە.

قوباد تاڵەبانی داواى لە وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کرد کە ئاسانکارى زیاتر بۆ دامەزراندنی ئەم جۆرە پڕۆژانە بکەن لە پێناو پڕکردنەوەى پێداویستی ناوخۆ و کەمتر پشت بەستن بەهاوردەکردنی ئالیک لە دەرەوە، هاوکات زامنی ساغکردنەوەى بەرهەمى جوتیاران و کەمکردنەوەى تێچووى بەرهەمهێنانی گۆشت و پەلەوەر و ماسی کە دواجار بە دابەزاندنی نرخەکانیان لە بازاڕدا دەکەوێتەوە بۆ کەمکردنەوەى بارگرانی لەسەر هاووڵاتییان.

ئەنجامی كۆبوونەوەی شاندی هەرێم و عێراق ڕاگەیەنرا
پێشت ئەنجامی كۆبوونەوەی شاندی هەرێم و عێراق ڕاگەیەنرا
ئاماری هەڵوەشانەوەی خێزانەکان لە عێراق بڵاودەکرێتەوە
دواتر ئاماری هەڵوەشانەوەی خێزانەکان لە عێراق بڵاودەکرێتەوە
پەیوەندیدار