ئەرێ ئەزموونتان لەو شکستانە وەرنەگرت؟



عەبدولواحید محەمەد – نووسەر

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بەو پەڕی حەماسەتەوە بەشداریان لە ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١دا کرد و تیایدا سەرکەوتن، هەموولا چاویان لەسەر ئەوەبوو لاپەڕەیەکی تازە بکرێتەوە و تەواوی لایەن سیاسیەکان بەشداربن لە نوسینەوەی مێژوو بە چاک و خراپیەوە، هەروەها داڕشتنی بەرنامەیەک کە دڵخوازی هەموان بێت، بەرپرسیارانە کار بۆ بەرجەستەکردنی بکەن.

مخابن ڕێگەیەکی هەڵەیان گرتەبەر و هەر زوو کەوتنە کێبڕکێکردنی یەکتر و هەوڵدان بۆ مۆنۆپۆڵکردنی تەواوی جومگەکان، بێ ئەوەی هەژمار بۆ ئەوەبکەن پڕۆسەی تاک لایەنە و دەرگیربوون پێیەوە لێکەوتەی خراپیدەبێت، ئەزمونی ساوای هەرێم کە خۆی لە ئیدارەیەکی دیفاکتۆدا دەبینیەوە، ڕووبەڕووی گرفت و ئاڵەنگاری گەوورەی دەکاتەوە و سەرەنجام لە بنی دەرنایێت.

بیرمەندەکان و سیاسیە دڵسۆزەکان و تەنانەت دۆستەکانیشمان، زۆریان وت دەربارەی خراپی ئەو هەڵسوکەوتە و بەرەنجامەکانی، بەڵام بەشێک لەو لایەنە سیاسیانە کە غروریەت بەرچاوی گرتبوون و کەڵکەڵەی چاوچنۆکی پانتایی ئەم هەرێمەی لەبەرچاو ئەوەندە بچووک کردبووبەوە کە هەمووی کۆبکەنەوە بای شەو و ڕۆژێکیان ناکات، بۆیە ئاویان لە هیچ شتێک نەخواردەوە، تەنانەت شکست بۆ گەلی کوردستان گرنگ نەبوو لایان، تەنها بەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتی و هیچیتر.

بەداخەوە موسەلسەلی ئەو شێوە بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتکردنە، لەسەر وەختێکی دیاریکراودا نەوەستا و درێژەیان پێدا، سەرباری بانگەوازی بەردەوام کە ئەوە بەرەو ئاسۆیەکی لێڵ و نادیارمان دەبات، هەر نەوەستان و دەستیان بۆ هەندێک فایل برد کە نەک لەلای ناوخۆ بگرە لە لای وڵاتانیش بەجۆرێک لەسەرکێشی لێکدەدرایەوە، دیارە وردەکارییەکان زۆرن، بەڵام لێرە ئاماژە بە هەندێکیان دەدەین کە لەسەرکێشی و نەخوێندنەوەی داکەوتەکە(واقیعەکە) زیاتر، هیچ بە خۆوە هەڵناگرێت، بۆ نمونە:

یەکەم، پڕۆسەی ئابووری سەربەخۆ: ئەساسەن خۆی لە دەرهێنانی نەوت و فرۆشتنی دەبینیەوە، لەو سەروەختە هەرچی خەڵکی دۆست و شارەزا هەبوو وتیان مەیکەن، هەوڵێکی دۆڕاوە و سودی لێ نابینن، کەچی هەر سووربوون و سەرەنجام سەرخان و بنخانیان لەسەر دانا و دواجاریش بە زۆر ڕادەسی بەغدادیان کردەوە، باسی قەرز و قۆڵەشی ناکەم کە ڕەنگە هەتا نەوەکانیشمان هەر لەسەرمان بمنێنێت.

دووەم، داعش دراوسێی نوێمانە: هەموو دەیانوت ئەوانە دڕندە و بەربەرین، لە شوێنێک گاردراون بۆ دوژمنایەتی کورد، کەچی دەیان وت ئەوانە دراوسێی تازەن و دەبێت لەگەڵیان هەڵبکەین، دواجار دەرچوو دوژمنی بابەکوشتەی کوردن و سڵ لە هیچ ناکەنەوە، هاتن هەولێریش بگرن، ئەگەر دژە تیرۆر و دۆستەکانمان نەبوایە، کارەساتێکیان دەخولقاند هەرگیز ژیان تیایدا ئاسایی نەدەبۆوە .

سێهەم، بەزمی ئاڵا هەڵکردن لە کەرکوک: لەو شارە خۆشەویستە لە هەموو شوێنێک ئاڵای کوردستان هەڵکراو بوو، هاتن سیناریۆی هەڵکردنی ئاڵایان نمایشکرد کە لە بنەڕەتدا هیچ موجەب نەبوو، لە ختوخۆڕای عەرەب و تورکمانیان واگا هێنایەوە و هەتا ئێستاش باجەکەی دەدرێت. چوارەم، ڕیفراندەم: هەموو نەورۆزان کە هەوا گەرمدەبوو باس و خواسی سەربەخۆیی دەهاتە گۆتن، بۆ ئەوە هاتنە سەر ئەنجامدانی ڕاپرسی، هەرچی کونی لە زاریدابوو، لە ناوەوە و دەرەوە، وتیان نەیکەن بڤەیە و دەستتان دەسوتێ، لێ گوێییان نەگرت و کردیان، دوو ڕۆژی پێنەچوو وتیان بۆ سەربەخۆییمان نەبووە، دوای ئەوەی نیوەی خاکی کوردستانیشی لەسەر دانرا بە مەمنونیەوەش پێیان سڕکردن.

پێنجەم، داهاتای نەوتی و نانەوتی: لەوەیان ناچمەوە سەر هەڵدانەوەی ورد و درشتی چونکە زۆری دەوێت، تەنها ئاماژە بە دوا بڕیاری ئەنجومەنی باڵای دادوەری دەدەم، کاتێک بڕیاریاندا حکومەت ناوەند مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بدات، لەبەرامبەردا هەرێم داهاتی نانەوتی ڕادەست بکات، لەو ڕۆژەوە سیاسەتی مشک و پشیلە گیراوەتەبەر و مامەڵەی جیاواز بەو پرسەوە دەکرێت، دیارە نایانەوێت بە ئاسانی بچنە ژێرباری جێبەجێکردنی ئەو بەشەی بڕیارەکەوە، هەر ڕۆژێ لێدوانێکدەدەن، سەریان لە هەموو خەڵکی شێواندییە، ئەوە لەکاتێکدا سوور دەزانن دەبێت هەر بیکەن دەنا چیتر مووچە بە ئاسانی نایەت.

شەشەم، کێشەی تەوتین و هەژماری ئەوان: لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی باڵای دادەوەریدا تەئکید لەسەر تەوتین کردنی مووچە لە بانقە حکومییەکان کرابوو، واتە لەڕێگەی دروستکردنی کارتی بانکی مامۆستایان و فەرمانبەران ڕاستەخۆ لە بانکەکانەوە مووچەکانیان وەرگرن، لێ تا ئەم ساتە پڕۆسەکە بە پاساوی جۆراجۆر، جارێک هەژماری ئەوان و جارێکیتر ڕێکنەکەوتن و لیستی ناوە ڕاستەقینەکان نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەکاتێکدا ئەوە خواستی زۆربەی هەرە زۆری ئەو توێژانەن کە لە پێشدا ئاماژەمان پێدا.

بە بڕوای خۆم دەبوو حکومەت ئاوی لێ نەخواردبایەوە، چونکە ئەوە باشترین چارەسەرە بۆ مووچە و تەنانەت بۆ حکومەتی هەرێمیش، ئیللا ئەگەر ئیننەکی تێداهەبێت، ئێمە نەیزانین و ئەوان بیزانن.

پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانیش بۆ باسێکیتر لێدەگەڕێم با لە ناو دوو نانی گەرمبێت، لەژێر ڕۆشنایی ئەو هەوراز و نشێوە کە من لایەنی کەمم خستووەتەڕوو، دەنا زۆر زۆرە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە بە حکومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکان بوترێت، ئەرێ ئەزموونتان لەو شکستانە وەرنەگرت؟ هێشتا دڵتان ئاوی نەخواردۆتەوە؟ هەر دەتانەوێت لەو بارودۆخە ئاڵۆزکاویەدا بژین؟ کە من دڵنیام ڕۆژ لە دوای ڕۆژ باجەکەی قورستر دەبێت و دواجار پێتان نادرێت.

 

شارەوانی سلێمانی بڕیارێک دەربارەی پرۆژەکانی نزیک دەریاچە و ڕووبارەکان دەردەکات
پێشت شارەوانی سلێمانی بڕیارێک دەربارەی پرۆژەکانی نزیک دەریاچە و ڕووبارەکان دەردەکات
ڕێگایەکی سادە و سەلامەت بۆ باشترکردنی بینین فێرببە
دواتر ڕێگایەکی سادە و سەلامەت بۆ باشترکردنی بینین فێرببە
پەیوەندیدار