مەسرور بارزانی پەیامێكی لەسەر مووچە ڕاگەیاند



سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەنگاوی پێویستمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی ناوە و دەشڵێت: “پارە و داهات هەمووی لەدەست من نییە و هەموو مانگێک بۆ مووچە دەبێت شەڕ بکەم.”

مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵی لە هەولێر لە وتارێكدا ڕایگەیاند، “ئەگەر کۆچ لە عێراق دەستپێبکات بۆ هەرێمی کوردستان، ئەوا لێرەشەوە بەرەو ئەورووپا دەستپێدەکات.. کۆچکردن کێشەی ئەمنی و ئابووری بەدوای خۆیدا دێنێت”.

وتیشی، “بەهۆی وشکەساڵییەوە لە هەندێک شوێن گۆڕانی دیمۆگرافی ڕوویداوە و ئەگەر چارەسەری وشکەساڵی نەکرێت دەبێتە مەترسی و هەنگاوی پێویستمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی ناوە و ئەوەی لەسەر ئێمە پێویستە لە هەرێمی کوردستان دەیکەین.”

جەختیشی كردەوە، له‌سه‌ر دەسەڵات و حکومەتە کار لەسەر ئەو پرسە بکات، ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەمێکە دەستمان بەو هەنگاوە کردووە، هاوشێوه‌ی دروستکردنی پۆند و بەنداو، بووژانەوەی دارستانەکان و بەکارهێنانی گازی بەفیڕۆدراو به‌كارهێنانی بۆ وزە لەبری ئەوەی ژینگە پیس بکات.

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، دەتوانین كاری زیاتر بکەین، بەڵام ئەو ئیمکانیاتەی لەبەردەستمانە ئەوەندەبووە، بۆیە ئەرکی حکومەتی فیدراڵییە کە وەبەرهێنان لەو بوارەدا بکات و کوردستان ژینگەیەکی گونجاوی هەیە، کە دەست بکرێت بە هەنگاوەکانی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی ژینگە.

سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەران وتی، “”پارە و داهات هەمووی لەدەست من نییە و هەموو مانگێک بۆ مووچە دەبێت شەڕ بکەم”.

مەسرور بارزانی وتیشی، “چاوەڕیی بەغداین بۆ ناردنی مووچەی مانگی چوار و هەموو پابەندییەکانی خۆمانمان جێبەجێ کردووە”.

زانکۆی زاخۆ ڕوونکردنەوەیەک لەسەر ڕووداوەکەی ئەمڕۆ بڵاودەکاتەوە
پێشت زانکۆی زاخۆ ڕوونکردنەوەیەک لەسەر ڕووداوەکەی ئەمڕۆ بڵاودەکاتەوە
تەیف سامی هەڵوێستی لەسەر تەوتین و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاگەیاند
دواتر تەیف سامی هەڵوێستی لەسەر تەوتین و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاگەیاند
پەیوەندیدار