خەڵك؛ هۆكاری دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران ئاشكرادەكات



زیاتر لە 10 ڕۆژ بەسەر مانگی ئایار تێپەڕیوە و هێشتا مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی دیكەی هەرێم دابەشنەكراوە و تا ئێستاش هیچ بڕیارێك لە بەغداوە نییە بۆ ناردنی مووچە و وەك پەرلەمانتارێكی كورد لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: هیچ ئاماژەیەک دیار نییە بۆ ناردنی مووچە، چونكە هەرێم نە داهاتی ڕادەست كردووە و نە تەوتینی مووچەی كردووە.

عومه‌ر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە خوولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، پاش ناردنی‌ (یه‌ك ترلیۆن و 900 ملیار دینار) بۆ هه‌ردوو مووچه‌ی‌ مانگه‌كانی‌ (شوبات و ئازار)ی‌ ئه‌مساڵ له‌ماوه‌ی‌ نزیكه‌ی‌ دوو هه‌فته‌دا، به‌ڵام وا جارێكیتر به‌غدا ناردنی‌ مووچه‌ی‌ مانگی‌ (نیسان)ی‌ دواخست، ئه‌م دواخستنه‌ بێ هۆ نیه‌، هه‌روه‌ك چۆن توانی‌ به‌ ناردنی‌ دوو مووچه‌ی‌ یه‌ك له‌ دوای‌ یه‌ك پابه‌ندی خۆی به‌ بڕیاری دادگا و نیه‌ت باشی‌ خۆی‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ مووچه‌ پیشان بدات.

ڕاشیگەیاند، دواخستنی‌ مووچه‌ی‌ مانگی‌ (نیسان) له‌لایه‌ن به‌غداوه‌، ئه‌گه‌ر گریمان هۆكاری‌ سیاسی‌ بێت وه‌ك هه‌میشه‌ لایه‌نه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات به‌غدای‌ پێ تاوانبار ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ ته‌نها هۆكارێكی لاوه‌كیه‌ و هۆكاری‌ سه‌ره‌كی‌ دواكه‌وتنی‌ مووچه‌ی زۆر به‌ ڕونی‌ بۆ دوو هۆكار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

به‌وته‌ی عومه‌ر گوڵپی، “هۆكاری یه‌كه‌م ڕاده‌ست نه‌كردنی داهاتی ناوخۆی هه‌رێم به‌ ئه‌ژمێرێكی‌ حكومه‌تی‌ فیدڕاڵی و پابه‌ندنه‌بوونی به‌یاسای بودجه‌، هۆكاری دوه‌میش ئه‌نجام نه‌دانی پڕۆسه‌ی ته‌وتینه‌ و تا ئێستا هه‌رێم خۆی‌ له‌ بازنه‌ی‌ (هه‌ژماری‌ من) ده‌رنه‌كردوه‌ و به‌ پاساوی‌ جۆراوجۆر خۆی‌ له‌م بڕیاره‌ ده‌دزێته‌وه‌ و به‌ زویی‌ نه‌چووه‌ به‌ده‌م ئه‌م پڕۆسه‌یه‌وه‌”.

ئاشكراشی كرد، داهاتی‌ ناوخۆی‌ سێ مانگی‌ كۆتایی ساڵی‌ 2023 و چوار مانگی‌ سه‌ره‌تای‌ ئه‌مساڵ، كه‌ ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت به‌ پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ خۆشیان بێت ئه‌وه‌ بۆ هه‌ر مانگێك 320 ملیار دیناره‌، بۆ هه‌ر حه‌وت مانگه‌كه‌ دوو ترلیۆن و 240 ملیار دینار ده‌كات و كه‌س نازانێت ئه‌م داهاته‌ چی‌ لێكراوه‌ و بۆ كوێ ده‌چێت؟.

بۆ بەدواداچوونی زیاتر سەبارەت بە پرسی هەژماری بانكی بۆ مووچەی فەرمانبەران و ڕادەست كردنی داهاتی ناوخۆ بە عێراق و كاتی دابەشكردنی مووچە، (خەڵك) پەیوەندی بە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم و فارس عیسا، بەرپرسی نوێنەرایەتی هەرێم لە بەغدا كرد، بەڵام پەیوەندییەكانیان بەردەست نەبوون.

لای خۆشیەوە، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، حکومەتی هەرێم نە داهاتی نەوتی، نە نانەوتی ڕادەست نەکردووە تا مووچە بێت و تەنها ڕایگەیاندووە ئامادەیە داهات ڕادەست بکات، بەڵام نەیکردووە، بۆیە هیچ ئاماژەیەک دیار نییە بۆ ناردنی مووچە.

ڕوونیشی كردۆتەوە،  تاوەکو بەبانکیکردنی مووچە وەک لە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیدا هاتووە جێبەجێ نەکرێت، مووچە نانێردرێت و وتيشى، “تۆمارکردنی فەرمانبەران بەو شێوەیە نییە فەرمانبەر بچێتە بانک و هەژمار بۆ خۆی بکاتەوە، بەڵکو دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان زانیارییەکانی فەرمانبەران بۆ بەغدا و بانکی بازرگانی عێراق بنێرێت بۆ ئەوەی ئەو بانکە هەژمار بۆ فەرمانبەران بکاتەوە”.

ئاشكرای كردووە، “محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێی ڕاگەیاندین، نامەوێت گرفت بۆ مووچە دروست ببێت”.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە وەزارەتی دارایی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئێستا بانکی TBI زیادکراوە بۆ فۆرمی تۆمارکردنی مووچەخۆران لە هەژماری من.

ڕوونیشی كردۆتەوە، بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) دەبێت بە حەوتەمین بانکی پڕۆژەی هەژماری من. فەرمانبەران و مووچەخۆران سەرپشکن لە هەڵبژاردنی بانکی دڵخوازی خۆیان و بانکی زیاتریش بەڕێوەن.

سەرۆککۆماری عێراق: هاوکار دەبین لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و ھەرێم
پێشت سەرۆککۆماری عێراق: هاوکار دەبین لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و ھەرێم
هەڤاڵ ئەبوبەكر: 3 هه‌زار دۆنمی‌ گۆیژه‌ و ئه‌زمه‌ڕمان سه‌وز كردووه‌
دواتر هەڤاڵ ئەبوبەكر: 3 هه‌زار دۆنمی‌ گۆیژه‌ و ئه‌زمه‌ڕمان سه‌وز كردووه‌
ەیوەندیدار