بابەکر زێباری: عێراق تەنها لە شەنگال دەتوانێت شەڕی پەکەکە بکات، ئەگینا لە قەندیل کۆنترۆڵ ناکرێت



ڕاوێژکارێکی سەربازی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە دووری دەزانێت حکومەتی عێراق لەگەڵ پەکەکە لە قەندیل ڕووبەڕوو ببێتەوە، بەوپێیەی “پەکەکە لە قەندیل کۆنترۆڵ ناکرێت.”

بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە، حکومەتی عێراق ئەگەر بیەوێت لە شەڕی پەکەکە هاوکاری تورکیا بکات، تەنها دەتوانێت لە شەنگال و مەخمور هاوکاری بکات کە لە ژێر دەسەڵاتی خۆیدان، ئەگینا پەکەکە لە قەندیل کۆنترۆڵ ناکرێت.

ئاماژەی بەوەکرد، پەکەکە لە شەنگال لە ژێر چەتری حەشدی شەعبیدا جموجۆڵ ئەنجامدەدەن و چالاکی دەکەن.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا دوێنێ سەردانی بەغدای کرد لەگەڵ حکومەتی عێراق چەندین ڕێکەوتنامەی جیاوازی لە بوارەکانی ئاسایش و ئابووری و گەشەپێدان لە نێوان هەردوو وڵات واژۆکرد.

پاش کۆبوونەوەیەکی چەند کاتژمێری و واژۆکردنی ڕێککەوتنامە و یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو وڵات، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند، گفتووگۆمان کرد لەبارەی هەنگاوی هاوبەشمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەکەکە کرد، پێشوازی لەوەش دەکەین کە پەکەکە لە عێراق وەکو ڕێکخراوێکی قەدەغەکراو دانراوە.”

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی، ڕێگە نادەین هیچ هێزێک خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنێت.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و بەرپرسانی باڵای عێراق، 26 ڕێککەوتن و یاداشتی لێکتێگەیشتنیان لە بوارەکانی ئاسایش، بازرگانی، ئاو، ڕێگەی گەشەپێدان و چەند بوارێکی دیکە واژۆکرد.

هاوکات پاش ئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا کۆبووەوە، سەردانی هەولێری کرد، لەلایەن شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێدەکرا، بۆ تاووتوێ کردنی چەند پرسێکی گرنگ کۆبوونەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ هەولێر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، شاندی هەرێمی کوردستان و سەرۆک کۆماری تورکیا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە دەبێت کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە ڕێگەی دانوستان و لەسەر بنەمای دەستوور.

ئینتەر پێنج هەفتە پێش کۆتاییهاتنی سێریا ئەی، جامەکەی بەدەستهێنا
پێشت ئینتەر پێنج هەفتە پێش کۆتاییهاتنی سێریا ئەی، جامەکەی بەدەستهێنا
سەرۆکایەتی هەرێم: سەرۆککۆماری تورکیا به‌رده‌واميى پشتگيريى وڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپاتكرده‌وه‌
دواتر سەرۆکایەتی هەرێم: سەرۆککۆماری تورکیا به‌رده‌واميى پشتگيريى وڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپاتكرده‌وه‌
ەیوەندیدار