یەکەی “نەتساح یەهودا”ی ئیسرائیلی، کێن و چ کارەن؟



سەرچاوە ئەمریکییەکان ئەوەیان ئاشکرا کرد، کە ئەگەر هەیە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، سزاکانی سەر کەتیبەی “نەتساح یەهودا”ی سەر بە سوپای ئیسرائیل بە هۆی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کەرتی ڕۆژئاوا بخاتە بواری جێبەجێکردن، ئێستا سەرنجەکان ڕوویان لەسەر ئەم کەتیبەیە یە، کە وایکرد ئەمریکا بۆ یەکەمجار سزای هاوپەیمانەکەی بدات.

یەکەی نەتساح یەهودا، هەمیشە جێگەی مشتومڕێکی زۆر بووە کە پەیوەندییان بە کاری توندڕەوی و توندوتیژی دژ بە فەڵەستینییەکانەوە هەیە، بەتایبەتی گیانلەدەستدانی عومەر ئەسەدی تەمەن ٧٨ ساڵی بە ڕەگەز (فەلەستینی – ئەمریکی)، کە دوای دەستگیرکردنی لە خاڵێکی پشکنیندا بە دەم و دەستبەستراوی لەشەوێکی ساردی زستاندا جێهێڵراو و پاشان گیانی لەدەستدا.

 

دوابەدوای ڕووداوەکە، فەرماندەی یەکەی نەتساح یەهودا سەرزەنشتکرا و دەستبەجێ فەرماندەی یەکە و فەرماندەی فەوج لە کارەکانیان دوورخرانەوە، بەمەش پەراوی ئەو لێکۆڵینەوە تاوانکارییەی کە بەبێ هیچ دادگاییکردنێک بەرامبەر سەربازەکان کرابووە وە، داخرا.

 

ئیسرائیل لە کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ ئەو یەکەیەی لە کەرتی ڕۆژئاواوە گواستەوە بۆ باکوور، هەرچەندە ڕەتیکردەوە بەهۆی هەڵسوکەوتی سەربازەکانەوە ئەو کارەیان کردبێت.

 

بە شێوەیەکی سەرەکی ئەندامانی ئەم یەکەیە لە پیاوانی ئاینی و گەنجانی توندڕەو پێکهاتبوون.

بەپێی ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل، سەربازەکانی ئەم یەکەیە بەریەککەوتنیان لەگەڵ هێزەکانی ژنان نییە، هەروەها کاتێکی زیاتریان پێدەدرێت بۆ نوێژکردن و خوێندنی ئایینی.

 

سەربازانی ئەم یەکەیە، بەشدارییان لە زۆر ڕووداوی مشتومڕاوی و توندوتیژیدا کردووە، هەروەها لە ڕابردوودا بە ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپ لەگەڵ زیندانیانی فەلەستینیدا سزا دراون، هاوشێوەی ئەوەی لەگەڵ عومەر ئەسەدی بەساڵاچوو ڕوویدا.

 

یەکەی “نەتساح یەهودا” لە کەرتی ڕۆژئاوا جێگیرە، کە بووەتە شوێنی مەبەستی سەربازانێکی توندڕەو کە لە هیچ یەکەیەکی شەڕکەری دیکەی سوپای ئیسرائیل وەرنەگیراون.

 

ئێستا کە سزاکانی ئەمریکا هاتووەتە ئاراوە، بەو پێیەی سەرچاوەکان ڕوونیان کردووەتەوە، بڕیارە نوێیەکان ڕێگری دەکەن لە وەرگرتنی هەر جۆرە چەکێکی ئەمریکی یان مەشقێکی سەربازی بۆ یەکەکە و ئەندامەکانی.

 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ دەستی بە لێکۆڵینەوە لەو یەکەیە کردووە، دوای ئەوەی سەربازەکانی لە چەندین ڕووداوی توندوتیژی دژ بە هاووڵاتیانی مەدەنی فەلەستینی تێوەگلاون، بەڵام سەرکردەکانی ئیسرائیل لەنێویاندا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیران کاردانەوەی توندیان نواندووە بەرامبەر ئەو لێکۆڵینەوانە.

بێنی گانتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل لەمبارەیەوە ڕایگەیاندووە، یەکەی نەتساح یەهودا “بەشێکی دانەبڕاوە لە سوپای ئیسرائیل” و پابەندە بە یاسای سەربازی و نێودەوڵەتیی.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل دادگای “بەهێز و سەربەخۆ”ی هەیە، کە توانای مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پێشێلکارییە گوماناوییانەی هەیە.

 

گانتز وتی: ئێمە ڕێزێکی زۆرمان بۆ دۆستانی ئەمریکیمان هەیە، بەڵام سەپاندنی سزا بەسەر یەکەکەدا پێشینەیەکی مەترسیدار دادەنێت و پەیامی هەڵە دەنێرێت بۆ دوژمنە هاوبەشەکانمان لە سەروەختی شەڕدا.

 

هاوکات ئیتامار بن گڤیر وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیلیش سەپاندنی سزای بەسەر سەربازانی ئیسرائیلی بە “هێڵی سوور” زانی.

 

بن گڤیر ڕاپۆرتە نوێیەکانی بە “لەڕادەبەدەر مەترسیدار” وەسف کرد و ڕایگەیاند کە پێشبینی دەکات وەزیری بەرگریی ملکەچی بڕیارەکانی ئەمریکا نەبێت و پێویستە پشتگیری تەواو لە ئەندامانی نەتساح یەهودا بکرێت.

 

بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئەمریکییەکان کە ناویان نەهێنراوە، ئاماژە  بەوەکراوە، سزاکانی سەر ئیسرائیل بەرامبەر رەفتاری نامرۆییانەی ئەو یەکەیە بریتین لە؛ ڕێگری لە گواستنەوەی چەکی ئەمریکی بۆ یەکەی نەتساح یەهودا، بێبەشکردنی سەربازان لە مەشقکردن لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا یان بەشداریکردن لە هەر چالاکیەک کە لەلایەن ئەمریکاوە پارەدار دەکرێت.

 

بڕیاری سزادانی نەتساح یەهودا، لەسەر بنەمای ئەو لێکۆڵینەوەیە بووە کە پێش ٧ی ئۆکتۆبەر ئەنجامدراوە و لێکۆڵینەوەی لە ڕووداوەکانی کەناری ڕۆژئاوا کردووە.

 

لەوەتەی شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە دەستیپێکردووە، ئەمریکا سێ خولی سزای بەسەر بەشێک لە ئەندامانی هێزە سەربازییەکاندا داوە، بەهۆی کردەوە توندوتیژییەکانیان دژی فەلەستینییەکان.

دابەشکردنی مووچەی مانگی چوار دەستیپێکرد
پێشت دابەشکردنی مووچەی مانگی چوار دەستیپێکرد
نرخی دۆلار دابەزی
دواتر نرخی دۆلار دابەزی
ەیوەندیدار