بارزانی: ناكرێ لەو وادەیەی دیاری كراوە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوەبچێت



سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بە باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا لە عێراق دەڵێت: ناكرێ لەو وادەیەی بۆ هەڵبژاردن دیاری كراوە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوەبچێت و جەختیشی كردۆتەوە، پارتی هەمیشە لەگەڵ هەڵبژاردن بووە.

ئەمڕۆ چوار شەممە 17ی نیسانی 2024 لە شاری هەولێر، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوازی لە تۆماس سیلەر، باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق كرد.

بەپێی ڕاگەیەنراوی بارەگای بارزانی، سەرۆكی پارتی ئاماژەی بەوەدا، كە هەر لەدوای ڕاپەڕینەوە پارتی دەستپێشخەری دیموكراسی و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و گواستنەوەی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بۆ شەرعیەتی یاسایی و دەستووری بووە و هەردەم ئامادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بووە لە هەرێمی كوردستان.

وتوشیەتی، “ئەو تێبینیانەی پارتی لەسەر هەڵبژاردن هەیەتی بەهۆی بێبەشكردنی پێكهاتەكان لە هەڵبژاردن و زۆربوونی گیروگرفتی تەكنیكی و دەستكاریی نادەستووریی یاسای هەڵبژاردن و هەوڵدان بۆ دیزاینی پێشوەختەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بووە. پارتیش لەپێناو پاراستنی بەها دیموكراتیەكان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد ئەو هەڵوێستەی وەرگرتووە”.

بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە، كە پارتی هەمیشە لەگەڵ هەڵبژاردن بووە و ئێستاش پارتی داوا دەكات بە زووترین كات ئەو سەرنج و بابەتە تەكنیكیانەی، كە ڕێگرن لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی تەندروست چارەسەر بكرێن و هەروەها سیغەیەكی گونجاویش بۆ بەشداریی پێكهاتەكان و پێشێلنەبوونی مافەكانیان بدۆزرێتەوە و داواش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەین، كە گەرەنتیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی شەفاف و بێگەرد بكەن بۆ ئەوەی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەرخەری دەنگی خەڵك و ئیرادەی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان بێت.

بارزانی سوپاسی هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكانی كردووە، كە “بە پەرۆشیەوە هاتوونەتە سەر هێڵ و بە بایەخەوە ڕا و تێبینیەكانی پارتیان وەرگرتووە”.

بارزانی هێماشی بەوەدا، “ناكرێ لەو وادەیەی بۆ هەڵبژاردن دیاری كراوە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوەبچێت، بەڵام هەندێك بەرەوپێشچوون هەیە لەوەی كە لایەنەكان پێكەوە كار لەسەر نەهێشتنی گیروگرفتەكان بكەن، بە دڵنیایشەوە چارەسەركردنی ئەو گرفتانە پێویستی بە دەرفەتی زیاتر هەیە، بۆیە دواخستنی هەڵبژاردن بۆ چەند مانگێك زۆر گرنگترە لەوەی هەڵبژاردنێك بەڕێوە بچێت، كە تێیدا مافی دەنگدەران و پێكهاتەكان پێشێل كرابێت”.

بارزانی هیواشی خواست، “بە بەشداریی هەموو لایەنەكان و نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمیسیۆنی عێراقی بتوانرێ كەموكوڕییەكان چارەسەر بكرێن و ڕێگە بۆ هەڵبژاردنێكی ڕاستەقینە و پاك و شەفاف خۆش بكرێت و چارەسەرێكی گونجاویش بۆ بەشداریی پێكهاتەكان بدۆزرێتەوە”.

لای خۆشیەوە، باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق جەختی لەوە كردەوە، كە یەكێتیی ئەورووپا تێبینی و سەرنجەكانی پارتی لەسەر لایەنە تەكنیكییەكانی هەڵبژاردن و بێبەشبوونی پێكهاتەكان بە جددی وەرگرتووە و لە نزیكەوە لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان بەدواداچوون بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە دەكات.

ڕاشیگەیاند، كە هەم یەكێتیی ئەورووپا و هەمیش نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر ئەوە هاوڕان، كە هەڵبژاردن بە بێ بەشداریی حزبێكی گەورەی وەك پارتی، دیموكراتیانە و سەركەوتوو نابێت.

ساڵانە 100 هەزار دۆلار و لە ماڵەوەش ئیش بکە، ئەو ئیشە دەست کێ دەکەوێت؟
پێشت ساڵانە 100 هەزار دۆلار و لە ماڵەوەش ئیش بکە، ئەو ئیشە دەست کێ دەکەوێت؟
وەزارەتی دارایی عێراق هەڵوێستی لەسەر پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاگەیاند
دواتر وەزارەتی دارایی عێراق هەڵوێستی لەسەر پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاگەیاند
ەیوەندیدار