“ئیفا”بەناوی ئەو بارهەڵگرە کراوە کە تێدا لەدایکبووە و کەسوکارشی پێی ئەنفال کران



شادیە ئیسماعیل عەلی (ئیفا) دەڵێت: “کاتێک بارهەڵگرێکی ئیفا دەبینم دەڵێم ئەوە لانکی لەدایکبوونی من بووە و مێژوویەکی تراژیدیا و ناخۆشە، بەداخەوە هەرچەندە لە پڕۆسەکەدا دوای حەوت مانگ لە مانەوەمان لە کەمپی تۆبزاوە لێبوردنی گشتی دەرچوو، بەڵام باوکم بەر لێبوردنەکە نەکەوت و لەگەڵ ١٩ کەسی دیکەی گوندەکەمان ئەنفالکران”.

شادیە ئیسماعیل عەلی، منداڵێکی لەدایکبووی ناو بارهەڵگرێکی سەربازی سەردەمی پڕۆسەی ئەنفالە و دایک و باوکی لە پڕۆسەکەدا ئەنفالکراون، بەڵام بۆخۆی ڕزگاری بووە و بەهۆیەوە ناوی خۆی کردووەتە ئیفا، وەک ئاماژەیەک بۆ ناوی ئەو ئۆتۆمبێلەی کە تیایدا لەدایک بووە.

شادیە ئیسماعیل، لە ساڵی ١٩٨٨ لە سکی دایکی دا دەبێت، کاتێک دایک و باوکی بەر شاڵاوی ئەنفال دەکەون و، لەکاتی گواستنەوەیان لە گوندەکەی خۆیان، گوندی عەلیاوە لە سنووری شارەدێی قادرکەرەم لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی بۆ کەمپی زۆرەملێی تۆبزاوە لە سنووری پارێزگای کەرکووک، شادیە لەناو بارهەڵگرێکی سەربازیی لە جۆری ئیفا لە دایک دەبێت.

لەبارەی ڕووداوەکەوە، شادیە ئیسماعیل عەلی دەڵێت: “ساڵی ١٩٨٨ گوندەکەمان بەر شاڵاوی ئەنفال دەکەوێت و خەڵکەکەی دەگوازرێنەوە بۆ شارەدێی لەیلان لە سنووری پارێزگای کەرکووک، دواتر کاتێک لە لەیلانەوە دەمانگوازنەوە بۆ کەمپی زۆرەملێی تۆبزاوە، من لەناو ئۆتۆمبێلێکی ئیفای سەربازیی لە دایک دەبم، بۆیەش نازناوم دەبێتە ئیفا”.

شادیە ئیسماعیل کە ئێستا خاوەنی سێ منداڵە، وتی: “ئەوکاتەی کە گەورەبووم نازناوی ئیفام بۆخۆم هەڵبژارد و ویستم لە ناسنامەکەشم ناوەکەی خۆم لە شادیەوە بگۆڕم بۆ ئیفا، بەڵام لەسەر وەسیەتی باوکم ناوم هەر بە شادیە ماوەتەوە، ئێستا تەنیا لە ناسنامە ناوم شادیەیە ئەگەرنا هەموو کەسوکار و هاوڕێکانم هەر بە ئیفا بانگم دەکەن”.

IFA بارھەڵگرێکی قەبارە مامناوەندە کە لەلایەن کۆمەڵەی IFA ی ئەڵمانیای ڕۆژھەڵاتەوە لە ساڵی ١٩٦٥ تا ساڵی ١٩٩٠ دروستکراوە، ئەم کۆمپانیایە لە ١٧ی کانوونی دووەمی ١٩٩٠ کۆتایی بە بەرھەمھێنانی بارھەڵگرەکان ھێنا.

 

ئەو بارهەڵگرە بۆ گواستنەوەی سەربازیی لە سەردەمی ڕێژێمی بەعسدا کەڵکی لێ وەردەگیرا و لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا بەکار هێنرا.

لەبارەی بینینی ئۆتۆمبێلەکە و بیرهاتنەوەی بیرەوەرییە ناخۆشەکانی سەردەمی ئەنفال، شادیە ئیسماعیل (ئیفا) وتی: “من پڕۆسەکەم بیرنایەت، بەڵام کاتێک ئۆتۆمبێلی ئیفا دەبینم دەڵێم ئەوە لانکی لەدایکبوونی من بووە و مێژوویەکی تراژیدیا و ناخۆشە، بەداخەوە هەرچەندە لە پڕۆسەکەدا دوای حەوت مانگ لە مانەوەمان لە کەمپی تۆبزاوە لێبوردنی گشتی دەرچوو، بەڵام باوکم بەر لێبوردنەکە نەکەوت و لەگەڵ ١٩ کەسی دیکەی گوندەکەمان ئەنفالکران”.

ئەنفال یەکێکە لە تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی کە لەلایەن ڕژێمی بەعسی ڕووخاو  بەرامبەر گەلی کورد ئەنجامدرا و پڕۆسەکە لە ساڵی ١٩٨٨ بە چەند قۆناغێک بەردەوامبوو.

 

بەپێی ئامارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئاکامی پرۆسەی ئەنفالدا، ١٨٢ ھەزار کەسی مەدەنی بووەنەتە قوربانی.

سبەینێ‌ هەڵمەتی نیشتمانی كوتانی منداڵان لە خوێندنگەكان دەستپێدەكات
پێشت سبەینێ‌ هەڵمەتی نیشتمانی كوتانی منداڵان لە خوێندنگەكان دەستپێدەكات
حكومەتی هەرێم ڕۆژێك پشووی فەرمی ڕاگەیاند
دواتر حكومەتی هەرێم ڕۆژێك پشووی فەرمی ڕاگەیاند
ەیوەندیدار