سبەینێ‌ كوتانی منداڵانى خوێندنگەكان لە سەرتاسەری هەرێم دەستپێدەكات



لە سبەینێوە یەك شەممە و لەگەڵ كردنەوەی دەرگای خوێندنگە و باخچەكانی ساوایان، هەڵمەتی كوتانی منداڵان دژی نەخۆشی سورێژە لە سەرتاسەری هەرێم دەستپێدەكات و وەزیری تەندروستی داوا لە دایكان و باوكان دەكات هاوكاری تیمەكان بكەن بۆ كوتانی منداڵەكانیان.

هەڵمەتەكە لە ڕۆژی یەك شەممە (14ـی نیسانی 2024) دەست پێدەكات و ماوەی دوو هەفتە دەخایەنێت، كە منداڵانی باخچەی ساوایان و خوێندكارانی قۆناغی یەكەم تاوەكو قۆناغی شەشەمی بنەڕەتی دەگرێتەوە.

بەپێی گشتاندنێكی وەزارەتی پەروەردە، ئەو هەڵمەتە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی هەرێمە ئەنجام دەدرێت، هەڵمەتێكی گشتگیر و فراوانی سەرتاسەریی لە هەرێمی كوردستان دەبێت و لەنێو باخچەكانی ساوایان و قوتابخانە سەرەتاییەكان دەست پێدەكات بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدراڵ، ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی WHO و ڕێكخراوی یونسێف، هاوكات بەردەوامیش دەبێت لە زیادكردنی هۆشیاری كۆمەڵگا سەبارەت بە كوتانی ڕۆتینی و مەترسییەكانی نەخۆشی سورێژە و هاندانی خێزانەكان بۆ كوتانی منداڵەكانیان و پەیڕەوكردنی كوتانی منداڵەكانیان بەپێی خشتەی بڕیاردراو.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاندووە، هەڵمەتێكی فراوانی نیشتمانیی كوتان دژی نەخۆشی سورێژە بە پێكوتەی دژەڤایرۆسی سورێژەی تێكەڵاو دەست پێدەكات.

سورێژە نەخۆشییەكی ڤایرۆسی گواستراوەیە، وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی گرتنەبەری ڕێوشوێنەكانی پاراستنی تەندروستی هاووڵاتییان و نەوەكانی ئاییندە، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو هەڵمەتەكە دەست پێدەكات.

سامان بەرزنجی ئاماژەی بەوەشكردووە: ئەم هەڵمەتە ماوەی دوو هەفتە لە ڕێگەی سێ هەزار و 280 كارمەندەوە نزیكەی 873 هەزار و 191 منداڵ دەكوترێن.

چاوەڕێش دەكرێت هەزار و 94 تیمی تەندروستی، كە پێكهاتوون لە سێ هەزار و 280 كارمەند و هەزار و 100 سەرپەرشتیار، 10 هەزار و 916 سەردان بۆ سێ هەزار و 981 قوتابخانە و باخچەی ساوایان بكەن، كە هەزار و 100 ئۆتۆمبێلیش ئامادەكراوە بۆ گواستنەوەی تیمەكان.

بۆ جەژن نزیكەی 200 هەزار گەشتیار ڕوویان لە سلێمانی و هەولێر كردووە
پێت بۆ جەژن نزیكەی 200 هەزار گەشتیار ڕوویان لە سلێمانی و هەولێر كردووە
بەهای دۆلار جارێكی دیكە بەرزبووەوە
دوات بەهای دۆلار جارێكی دیكە بەرزبووەوە
پەیوەندیدار