كەركوك دوای 4 مانگ لە هەڵبژاردن ناتوانێت حكومەتی خۆجێیی پێكبهێنێت



جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، گفتوگۆ لەگەڵ پێکھاتەکان بۆ پێکھێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک بەردەوامە و لێکنزیکبوونەوەی باش ھەیە، بۆ ئەوەی حکومەتێک بە بەشداریی ھەموو لایەنەکان پێک بێت و دۆخی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە و کێشەکان چارە بکرێن.

ماوەی 4 مانگ تێپەڕیوە بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە 18ی 12ی 2023دا و هێشتا عەرەب و توركمان ئامادەنین پارێزگارێكی كورد بۆ شارەكە دابنرێت لەكاتێكدا یەكێتی بە بردنەوەی 5 كورسی لەپێش حزبەكانی دیكەوەیە و زۆرینەی كورسی پارێزگاكەی بردۆتەوە و هاوكات لەگەڵ پارتی و مەسیحییەكان خاوەنی 8 كورسین لەكۆی 15 كورسی پارێزگاكە.

د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە پشكی پارتی بۆ ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی وتویەتی، “گفتوگۆ لەبارەی پێکھێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک بەردەوامە و چوار مانگ بەسەر ھەڵبژاردندا تێپەڕ دەبێت تا ئێستا نەتواندراوە حکومەتی خۆجێی پێک بھێندرێت، کە گوزارشت لە ڕای خەڵکی کەرکوک بکات، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە دۆخەکە زۆر ھەستیارە لە کەرکوک”.

وتیشی، “گفتوگۆی بەردەوام لەگەڵ پێکھاتەی تورکمان و عەرەب هەیە و ھەنگاوی باشمان ناوە، بۆ ئەوەی بتوانین لە نزیکترین کاتدا حکومەت پێک بهێنین و پۆستی پارێزگار و پۆستەکانی دیکەش یەکلا بکرێنەوە، بۆیە ئێستا لە ئەنجامی گفتوگۆکان لێکنزیکبوونەوەی باش ھەیە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، “دەمانەوێت حکومەتێک بە بەشداریی ھەموو پێکھاتەکان پێک بێت، بۆ ئەوەی دۆخی پارێزگای کەرکوک ئاسایی بکرێتەوە و سەرجەم کێشەکانی ئەو شارە چارە بکرێن”.

 

سودانی لە 9ی نیساندا پەیامێکی بڵاوکردەوە
پێشت سودانی لە 9ی نیساندا پەیامێکی بڵاوکردەوە
بەوێنە؛ مانگ بینرا و سبەینێ‌ جەژنە
دواتر بەوێنە؛ مانگ بینرا و سبەینێ‌ جەژنە
ەیوەندیدار