عەدنان موفتی: بەشێک لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی نادەستوورین



سەرۆکی خولی دووەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەشێک لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بە نادەستووری وەسف دەکات و هۆکاری ئەو دۆخەش کە ئێستا بەسەر هەرێمی کوردستاندا هاتووە بۆ ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی دەگەڕێنێتەوە.

عەدنان موفتی، سەرۆکی خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمریکا سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی ڕاگەیاند، “بەشێک لە بڕیارەکان زیاد لە سنووری خۆیان ڕۆشتوون، چونکە هەندێک لەو بڕیارانە لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدڕاڵی و بەشێکیشیان هی پەرلەمانی عێراقن، بەڵام دادگای فیدڕاڵ خۆی کردووەتە خاوەنیان ئەمەش پێچەوانەی دەستووری عێراقە. دادگای فیدڕاڵی ڕاستە بڕیارەکانی کۆتایین، بەڵام دەستوور لە سەرووی هەموو یاساکانەوەیە”.

وتیشی، “دوو ماددەی گرنگ هەن لە دەستووردا یەکێکیان پەیوەندی بە قەوارەی هەرێمەوە هەیە کە دەنگی بۆ دراوە؛ ماددەکە دەڵیت قەوارەی هەرێم پارێزراوە بە هەموو یاساکانیەوە؛ واتە پێش دەنگدان بە دەستوور ئەمە جێگیرکراوە، بەڵام بە نموونە لابردنی کورسی پێکهاتەکان کە بە یاسا ڕێکخراوە و یەکێتی و پارتی دەنگیان لەسەر داوە؛ لابردنیان بە بڕیاری دادگا پێشێلکاری یاسای هەرێمی کوردستانە”.

عەدنان موفتی دەڵێت: “پرسیار لەوەدایە کە کورسی کۆتاکان هەڵوەشایەوە، بۆچی کورسی پێکهاتەکان لە بەغداد و موسڵ هەڵنەوەشایەوە؟ لەمەوە تێدەگەین بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی تەفسیر دەکرێت کە لایەنی سیاسی هەیە”.

سەرۆکی پێشووتری پەرلەمان سەرەڕای ئەوەی بەشێک لە بڕیارەکانی ئەم دواییە دادگای فیدڕاڵی بە “نا دەستووری” ناو دەبات، دەشڵێت هۆکاری ئەو ئاڵەنگارییانەی سەر قەوارەی هەرێم پەرتەوازەیی ناوخۆیی لایەنەکانی هەرێمی کوردستانە. ئەو سیاسەتی هەرێم بە “دوو ئیدارەیی” ناودەبات و و لایەنەکانیش تۆمەتبار دەکات بە زاڵبوونی “فەرهەنگی براکوژی” بەسەریان.

سەرۆکی پێشووتری پەرلەمان دەڵێت،” ئەگەر یەکڕیزی هەبووایە نەدەگەشتینە ئەمڕۆ. تا ئێستا دوو ئیدارەیی یەکی نەگرتووەتەوە، کە نادادپەروەری و گەندەڵی و هەموو قەیرانەکان بە هۆی ئەمەوە دروست بوون. هەموو هۆکارەکان ئەوە بوون نەمانتوانی زاڵبین بەسەر ناکۆکیەکاندا. فەرهەنگی شەڕی ناوخۆ بووە هۆی ئەوەی هەرکەس فەرهەنگی خۆی هەبێت و بە گوتاری جیا بچنە بەغدا، ئەمەش زیانی گەیاندە هەرێم.”

وتیشی، “دەبێت یەکڕیزبین و بە یەک سیاسەتەوە مامەڵە لەگەڵ عێراق و وڵاتانی دراوسێش بکرێت. لە هەموو ئەو ساڵانەی گوتاری هاوبەشمان هەبووە، هەرێم باش بەڕێوەچووە وە خەڵکیش ڕازی بووە و دەستکەوتی گەورەش بۆ گەلەکەمان بەدەست هاتوون، لە پێش هەمووشیانەوە جێگیرکردنی مافەکانی کوردە لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا”.

هەرچەندە ڕۆژی 10ی حوزەیران بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشان کراوە، بەڵام گومان دەکرێت پرۆسەکە لەو وادەیەدا بەڕێوەبچێت و عەدنان موفتیش دەڵێت، “ئومێد دەکەم هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت و پارتیش بەشدار بێت. چەندجارێک دواکەوتنی خراپە، بۆشاییەکی تەواو هەیە لە دەسەڵاتی یاسادانان. ئەگەر پارتیش بەشدار نەبێت و بایکۆت بکات زیانێکی تر دەگەیەنێت و کەمووکوڕی تێدا دەبێت. لە ڕووی کرداریشەوە نازانم چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت بە بێ پارتی. بە ڕیکەوتن بێت باشترە لەوەی بچینە کێشەیەکەوە کە نازانین دەرەنجامەکەی چی دەبێت.”

ڕووسیا لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بەرەنگاری دوژمن دەبێتەوە
پێشت ڕووسیا لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بەرەنگاری دوژمن دەبێتەوە
ئاگرەکەی بازاڕی لەنگەی هەولێر کۆنترۆڵ کرا
دواتر ئاگرەکەی بازاڕی لەنگەی هەولێر کۆنترۆڵ کرا
ەیوەندیدار