سودانی هەمواری بودجە دەنێرێتە پەرلەمان و بەشێكی تایبەتە بە هەرێم



 

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەمواری بودجەی بۆ ساڵی 2024 تەواو كردووە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو ڕەوانەی پەرلەمانی بكات، كە بەشێكی تایبەتە بە هەرێمی كوردستان و مووچەی فەرمانبەران.

دوای پەسەند كردنی بودجەی سێ‌ ساڵی عێراق (2023 و 2024 و 2025)، بەڵام لە ساڵی ڕابردوودا كێشە لە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروست بوو بەهۆی بڕگەیەكی یاسای بودجە، كە باسی (خەرجی فیعلی) دەكات و بەو هۆیەوە پشكی هەرێمی كەم كردەوە و مانگانە لە 600 بۆ 700 ملیار دینار ڕەوانەی هەرێم دەكرا بۆ مووچە، كە هەندێكی بەشێوەی قەرز بوو.

بەهۆی دروست بوونی كێشە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكان و چوونی شاندی فەرمانبەران و مامۆستایان بۆ بەغدا، جارێكی دیكە شاندی حكومەتی هەرێم چووەوە بەغدا و لەگەڵ حكومەتی عێراقی ڕێككەوتن بۆ جیاكردنەوەی پرسی مووچە و بڕیارە لە هەمواری یاسای بودجەدا، وشەی (خەرجی فعلی) لاببرێت و بڕی پارەی مووچە بخرێتە سەر خەرجی سیادی و هاوكات بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دەبێت مووچەی مووچەخۆران بەردەوام و بێ‌ دواكەوتن وەك فەرمانبەرانی عێراق خەرج بكرێت.

بۆ بەدواداچوونی زیاتر لەسەر گۆڕانكارییەكانی ناو یاسای بودجە، (خەڵك) پەیەوەندی بە چەند پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغداوە كرد، بەڵام ڕەتیان كردەوە لێدوان بدەن بە پاساوی ئەوەی، “هێشتا هەمواری یاسای بودجە و خشتەكان نەگەیشتوونەتە پەرلەمان و بەردەست پەرلەمانتاران و ئاگاداری وردەكارییەكەی نین”.

موزەڕ ساڵح كەرویی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، دوای تەواو كردنی خشتەی بودجە و دەنگدان لەسەری لە ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیار وایە هەفتەی داهاتو ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق بكرێت بۆ هەمواركردنەوەی.

ڕاشیگەیاندووە، لەگەڵ ئەوەی یەكێك لەگرنگترین هۆكارەكانی هەموار كردنەوەی بودجەی ساڵی (2024) كەمكردنەوەی كەموكورتیە داراییەكانی كورتهێنانە، بەڵام جارێ دیار نییە گۆڕانكارییەكان چۆن و لە كام خشتەدا كراون.

ئاماژەی بەوەشكردووە، بۆ دەنگدان و پەسەندكردن لەسەر هەمواری بودجەی ساڵی (2024) پەرلەمان پێویستی بە زیاتر لە سێ هەفتەیە، ئەوەش دوای ئەوەی وردبینی لە خشتەكان و گۆڕانكارییەكاندا كرا.

ئەو پەرلەمانتارە جەختیشی كردۆتەوە، بودجە گرەنتی میكانیزمی خەرجكردنی بودجەی پارێزگاكان بۆ دابینكردن و پارەداركردنی پڕۆژە و خزمەتگوزارییەكان دەكات لەسەرجەم پارێزگانی وڵاتدا.

بە ڤیدیۆ؛ لەبەردەم خوێندنگەیەك بارهەڵگرێك لە 50 خوێندكار دەدات
پێشت بە ڤیدیۆ؛ لەبەردەم خوێندنگەیەك بارهەڵگرێك لە 50 خوێندكار دەدات
خۆرگیرانی تەواوەتی لەم مانگەدا ڕوودەدات
دواتر خۆرگیرانی تەواوەتی لەم مانگەدا ڕوودەدات
ەیوەندیدار