ڕەمەزان پەیڕەوە جیاوازەکانی لە هەڵەبجە لەسەر یەک سفرە و خوان کۆکردەوە



دانیشتووانی گەڕەکێکی شاری هەڵەبجە، وەک نەریتێکی ساڵانە و لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا لەسەر یەک سفرە و خوان کۆدەبنەوە و بەیەکەوە بەربانگ دەکەنەوە.

لە شاری هەڵەبجە جگە لە موسڵمان کۆمەڵەی کاکەییش دەژین کە بیروباوەڕیان جیایە، بەڵام ئەمە نەبووەتە ڕێگر لەبەردەم پێکەوە ژیان و تێکەڵاوی لەنێوانیاندا، بە پێچەوانەوە وەک خۆیان باسی دەکەن لە خۆشی و ناخۆشیدا هەردەم بەیەکەوەن و بەشداری گشت چالاکی و ڕێوڕەسمەکانی یەکتر دەکەن.

گەڕەکی گۆران ستی کە بەشێکی دانیشتووانەکەی کاکەیین و دراوسێ لەگەڵ موسڵمانەکاندا بەیەکەوە بە تەبایی دەژین، ساڵانە لە کۆتایی ڕۆژەکانی مانگی ڕەمەزاندا هەموو بەیەکەوە خوانێکی بەربانگ ئامادە دەکەن و لە کۆڵانەکە لەسەر یەک سفرە بەیەکەوە نان دەخۆن.

ئەم نەریتە ماوەی حەوت ساڵە لەلایەن دانیشتووانی ئەو گەڕەکەوە زیندوو کراوەتەوە، ئەندامانی خێزانەکان بە گەورە و بچووکەوە هەموو بەشداری تیادا دەکەن، وەک خۆیان باسی دەکەن پێشتریش لە سەردەمانی کۆندا هەر هەبووە و هەموو لە دەوری یەک سفرە و خوان کۆبوونەتەوە.

هاوسەر ئەمین حەمە سەعید، وەک سەرپەرشتیاری چالاکییەکە، باسی لەوە کرد کە ساڵانە لە گەڕەکی گۆران ستی شاری هەڵەبجە وەک نەریتێک هەموو دراوسێکان لە دەوری یەک سفر و خوان کۆدەبنەوە و ئێوارەخوان و بەربانگێک سازدەکەن و، وتی: ”هەموومان بەیەکەوە دەستەجەمعی یەک جۆر خواردن دروست دەکەین، لە یەک ماڵ خواردنەکە ئامادە دەکەین، خانمان خواردنەکە دروست دەکەن و پیاوەکانیش هەموو هاوکار دەبین”.

هەروەها هاوسەر ئاماژەی بەوە کرد کە ماوەی حەفت ساڵە ئەم نەریتە بەردەوامە و ساڵانە لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز و لە کۆتایی ڕۆژەکانی ئەم مانگەدا دووبارەی دەکەنەوە و دەڵێت: ”مەبەستمان لەمە زیاتر پێکەوە ژیان و تەبایی و خۆشەویستی و ڕێزە لە نێوان دراوسێکاندا. دەمانەوێت لە نێوان کۆمەڵگەی کوردەوارییدا پەرە پێ بدەین، چونکە ئەمە داب و نەریتێکی کۆنی کوردەوارییە کە لە دێر زەمانەوە هەبووە و ئێمەش ماوەی حەفت ساڵە زیندوومان کردووەتەوە کە لەسەر یەک سفرە وەک یەک ماڵ و یەک خێزان کۆدەبینەوە. ئەم چەند ساڵەی لەم جۆرە چالاکییەدا کۆبووینەتەوە تەنیا موسڵمانەکان نەبووین، بەڵکو برایان و دراوسێیانی کاکەییشمان لەگەڵدا بووە، وەک دەزانن کاکەییەکان لە هەڵەبجە کەسانی باش و بەڕێز و خۆنەویست و دراوسێی باشن، ئێمەش ئەم دراوسێیەتیەمان قۆستووەتەوە بۆ ئەم جۆرە چالاکیانە، کاکەییەکانیش هاوشانی ئێمە ساڵانە هاوکار دەبن بۆ ڕازاندنەوەی سفرە و خوانی بەربانگ، ئەمەیش بۆخۆی ئەوپەڕی تەبایی و پێکەوە ژیانە”.

هاووڵاتییەکی کاکەیی بە ناوی زەوار حەمە عەزیز ساڵح (٤٢ ساڵ) کە بەشداری لە ئامادەکردنی خوانی بەربانگەکەدا کردووە ڕایگەیاند: ”من وەک کاکەییەک ساڵانە لەگەڵ دراوسێ موسڵمانەکانمدا بەشدار دەبم لە ئێوارە خوانێک یان بەربانگێکدا و لە پێداویستییەکان و ئامادەکارییەکاندا بەشداری دەکەین. ئەمە نیشاندانی نەریتێکی پێکەوە ژیانە کە هەر لە کۆنەوە کاکەییەکان لەگەڵ موسڵمانەکان بەیەکەوە ژیاون و هیچ جیاوازی نەبووە لە نێوانیاندا و بەشدار بوون لە ڕێوڕەسم و بۆنەکانی یەکتریدا. لە خۆشی و ناخۆشیدا بەیەکەوەین”.

هاووڵاتییەکی دیکەی دانیشتووی گەڕەکەکە بە ناوی تابان حوسێن تەمەن ٤٣ ساڵ، باسی لە چالاکییەکەیان کرد و ڕایگەیاند: ”لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا ئێوارەیەک لێرە بەیەکەوە وەک یەک خێزان هەموو کۆڵانەکە بەشدار دەبین لە دروستکردنی خوانی بەربانگ لەسەر یەک سفرە کۆدەبینەوە. ئەوانەی بەشدارین لە ئامادەکردنی ئەم سفرە و خوانە هەر یەکە و شتێک لە ئەستۆ دەگرێت و ئامادەی دەکات”.

دژە تیرۆری کوردستان دەربارەی بۆردومانەکەی تورکیا ڕوونکردنەوە دەدات
پێشت دژە تیرۆری کوردستان دەربارەی بۆردومانەکەی تورکیا ڕوونکردنەوە دەدات
ئۆتۆمبێلێک لە ڕێی درۆنەوە بۆردومان کرا
دواتر ئۆتۆمبێلێک لە ڕێی درۆنەوە بۆردومان کرا
ەیوەندیدار