بەمەبەستی دابەزاندنی نرخی گۆشت، ئاژەڵ بۆ سلێمانی هاوردە دەکرێت



لیژنەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی چاودێرییان بۆ بازاڕ چڕ دەکەنەوە و بەمەبەستی هەرزانکردنی نرخی گۆشتیش، ئاژەڵی سەربڕین بۆ سلێمانی هاوردە دەکرێت.

بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ رۆژانی جەژن و پێش جەژن ئامادەیی هێزە ئەمنییەکان و لیژنە هاوبەشەکان لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان، کۆبوونەوەیەک لە دیوانی قائیمقامیەت ئەنجامدرا و تێیدا ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی داوای لە لیژنە هاوبەشەکان و تیمی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بەوردی چاودێری کوالێتی و نرخی خواردن و پێداویستییەکان بکەن.

وتیشی: لەگەڵ ئەوەی ڕێگری لە کار و بازاڕی کەس ناکەین، پێویستە دوکاندار و دەستگێڕەکانیش ئاستەنگی هاتووچۆ بۆ هاووڵاتییان و شۆفێران دروست نەکەن، بەپێچەوانەوە ناچار بەگرتنەبەری رێکاری یاسایی دەبین.

لەبارەی نرخی خواردن و شمەکەوە ئاماژەی بەوەکرد بەهۆی دابەزینی بەهای دۆلارەوە نرخی خۆراک و پێداویستیە بنەڕەتییەکان جگە لە گۆشتی سوور، بەراورد بە ساڵی پار لە بازاڕەکاندا دابەزیوە.

قائیمقامی سلێمانی، لیژنە هاوبەشەکان و بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی راسپارد ئەم چەند رۆژەی نزیکی جەژنی رەمەزانی پیرۆز سەردانەکانیان بەرۆژ و شەو بۆ بازاڕ و دوکان و شوێنە گشتییەکان زیاتر بکەن.

هەر لە کۆبونەوەکەدا نوێنەرانی ئاسایش و هاتوچۆو لایەنە ئەمنییەکان تەئکیدیان کردەوە کە ئامادەکاریی پێویستیان کردووەو تیمی هاوبەشی گەڕۆک و جێگیریان لە هەموو بازاڕو ئەو شوێنانە دەبێت کە کۆبونەوەی هاووڵاتییانی تێدایە.

لەسەر هاتنی گەشتیاران و ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران، ئاماژە بەوەکرا کە دەبێت تەواوی میوانخانەو چێشتخانەو نانەواخانەو مۆڵەکان لە رۆژانی جەژندا کراوەبن.

لای خۆشیەوە بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری سلێمانی رایگەیاند؛ بەرزبونەوەی نرخی گۆشتی سوور پەیوەندی بە جیهانەوە هەیە و تەنها لە هەرێم گۆشتی ئاژەڵ گران نییە، بەڵکو لە جیهاندا نرخەکەی بەرز بووەتەوە، ئێستا رۆژانە بڕێکی زۆر ئاژەڵی سەربڕین هاوردەی شاری سلێمانی دەکرێن، کە بەدڵنیاییەوە کاریگەری لەسەر دابەزینی نرخی گۆشت دەبێت.

ئۆتۆمبێلێک لە ڕێی درۆنەوە بۆردومان کرا
پێشت ئۆتۆمبێلێک لە ڕێی درۆنەوە بۆردومان کرا
مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆدەبێتەوە
دواتر مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆدەبێتەوە
ەیوەندیدار