بارزانی : بەئاشكرا پەنا بۆ دەستی دەرەكی و دادگای فیدڕاڵ بردرا



سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەمیانی پێشوازیكردنی لە كونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر ڕایگەیاند، پارتی لەگەڵ ئەوەیە كە هەڵبژاردنێكی پاك و ئازاد بە بێ دەستێوەردان و دیزاینی پێشوەختە بەڕێوەبچێت و هەڵوێستی پارتیش لەبەر ئەوە بووە، كە پیلانی دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی خەڵكی كوردستان سەرنەگرێت.

ئەمڕۆ دوو شەممە (1ـی نیسانی 2024) لە سەڵاحەددین، مەسعود بارزانی پێشوازی لە یان برایم، كونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر كرد.

بارەگای بارزانی بڵاویكردۆتەوە، لەدیدارەكەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بابەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم و هەڵوێست و تێبینیەكانی پارتی لەسەر هەڵبژاردن و كونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، وڵاتەكەی لەگەڵ ئەوەیە هەرێمی كوردستان بەهێز و سەقامگیر بێت و ئاڵۆزی و نیگەرانییەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێم چارەسەر بكرێن.

كونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر، ئامادەیی وڵاتەكەشی نیشان دا بۆ هاوكاریكردنی لایەنەكانی هەرێمی كوردستان لەپێناو تێپەڕاندنی قەیرانە سیاسیەكان و چارەسەركردنی گرفتەكان لەگەڵ حكوومەتی عێراقی فیدراڵ.

لای خۆشیەوە، بارزانی ستایشی ڕۆڵی فەرەنسای كرد كە پشتیوانی دۆزی گەلی كوردستان بووە و پەیوەندیی نێوان گەلی كوردستان و گەلی فەرەنسای بە پەیوەندییەكی مێژوویی و بێوێنە وەسف كرد.

بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە، كە پارتی بنیاتنەری شەرعیەت و هەڵبژاردنی هەرێم بووە، ماوەی دوو ساڵە پارتی هەموو هەوڵێكی دا كە هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، بەڵام ڕێگریی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كرا، بە ئاشكرا پەنا بۆ دەستی دەرەكی و دادگەی فیدڕاڵ بردرا بۆ ئەوەی كێشە بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دروست بكرێت.

وتیشی، “بێبەشكردنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیەكان لە هەڵبژاردن، بێبەشكردنی سەدان هەزار دەنگدەر لە دەنگدان، بێبەشكردنی هەڵەبجە لە ژمارەی حەقیقیی كورسیەكان و سەپاندنی ڕێوشوێنی نادروست لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، وا دەكات هەڵبژاردن تەعبیر لە دەنگی ڕاستەقینەی خەڵكی كوردستان نەكات”.

بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، پارتی لەگەڵ ئەوەیە كە هەڵبژاردنێكی پاك و ئازاد بە بێ دەستێوەردان و دیزاینی پێشوەختە بەڕێوەبچێت. هەڵوێستی پارتیش لەبەر ئەوە بووە كە پیلانی دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی خەڵكی كوردستان سەرنەگرێت.

جەختیشی كردەوە، “هەموو ئەو كەموكوڕیە تەكنیكی و پێشێلكارییە دەستووری و یاساییانە چارەسەر بكرێن و ئیرادە و دەنگی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان دوور لە پیلان و ئەنجامی پێشوەختە سەر بگرێت”. داواشی كرد، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكار بێت بۆ چاودێری و گەرەنتیكردنی هەڵبژاردنێكی ئازاد و ڕاستەقینە كە لە خزمەت شەرعیەت و دەنگی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان بێت.

شەوی قەدر كەیە و نیشانەكانی كامانەن و بۆچی ئەو ناوەی لێ‌ نراوە؟
پێشت شەوی قەدر كەیە و نیشانەكانی كامانەن و بۆچی ئەو ناوەی لێ‌ نراوە؟
ژمارەیەك دبلۆماتكار و دوو سەركردەی باڵای ئێران كوژران
دواتر ژمارەیەك دبلۆماتكار و دوو سەركردەی باڵای ئێران كوژران
ەیوەندیدار