نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەکانی هەرێم دادەبەزێت؟



بریارێکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ کەمکردنەوەی باجی هاوردەکردن لەسەر ئاژەڵ کاریگەری لەسەر هاوردەکردنی زیاتری ئاژەڵ و دابەزینی نرخەکان دەبێت، بازرگانێکی ئاژەڵیش دەڵێت، “ئەگەر بڕیارەکە جێبەجێبکرێت نرخی گۆشت دادەبەزێت”.

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بۆ کەمکردنەوەی باجی هاوردەکردن بە ڕێژەی ٪٥٠ لەسەر گۆشتی سوور، بەڵام پاش سێ ڕۆژ لە بڕیارەکە هێشتا کاریگەری لەسەر نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەکانی هەرێم دروستنەکردووە.

گۆشتفرۆشێک لە شاری سلێمانی بۆ (خەڵک) ڕایگەیاند، تا ئێستا نرخی گۆشت دانەبەزیوە، بڕیارەکە زیاتر لە ١٠ ڕۆژی پێویستە بۆئەوەی کاریگەری لەسەر بازاڕ دروستبکات، دەبێت ڕێگە بدرێت ئاژەڵی زیاتر لە دەرەوەی وڵاتەوە هاوردە بکرێت بۆ ئەوەی نرخی گۆشت لە بازاڕەکاندا کەم ببێتەوە.

ئاسۆ عومەر، وتەبێژی فەرمی بازاڕی قەسابەکانی سلێمانی لە چاوپێکەوتنێکیدا ڕایگەیاند، نرخەکان تا ئێستا دانەبەزیوە، نرخی یەک کیلۆ گۆشتی مەڕ لە نێوان (23 بۆ 24) هەزار دیناردایە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بازرگانەکان پێشتر ئاژەڵیان بە نرخی بەرز کڕیوە بۆیە ناتوانن بەو نرخە کەمتر بیفرۆشن، هەر بڕیارێک بدرێت، لانیکەم دە ڕۆژی دەوێت بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانی لەسەر بازاڕ دەربکەوێت.

تۆفیق محەمەد، بازرگانی ئاژەڵ بۆ تۆڕی میدیای خەڵک ڕایگەیاند، بڕیارکەی ئەنجومەنی وەزیران کاریگەری دەکاتە سەر دابەزینی نرخی ئاژەڵ و گۆشتی سوور، ئەگەر پێشتر کیلۆی ١٥٠ دینار بێت دەبێتە ٧٥ دینار.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا جوڵەی بازاڕ بە ڕێژەی ٪٩٠ وەستاوە و کەس ئاژەڵ ناکڕێت بەهۆی نرخە زۆر بەرزەکەیەوە، تا ئێستا هیچ گۆڕانکارییەک لە بازاڕی ئاژەڵدا دروست نەبووە.

حکومەتی هەرێم ڕۆژی ٢٧ی ئازار، کۆمەڵێک بڕیاری پەسەندکرد، یەکێکیان کەمکردنەوەی باجی هاوردەکردنی گۆشتی سوور بوو بە ڕێژەی ٪٥٠، هەر بۆیە پێشبینی دەکرێت نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەکان داببەزێت.

هونەرمەندێك بۆ ڕەمەزان (دیدەكەم) بڵاودەكاتەوە
پێشت هونەرمەندێك بۆ ڕەمەزان (دیدەكەم) بڵاودەكاتەوە
تەندروستی عێراق دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان دادەمەزرێنێت
دواتر تەندروستی عێراق دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان دادەمەزرێنێت
ەیوەندیدار