“ئەنقەرە، هەمان هەڵوێستی پارتی سەبارەت بە پەکەکە لە یەکێتی دەیەوێت”



سەرەڕای هەوڵەکان بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان، بەڵام گرژییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوامن، کە دووەم گەورەترین حزبی دەسەڵاتدارە لە هەرێمی کوردستان.

لە مانگی شوباتی ڕابردوودا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، تۆمەتەکانی لە دژی یەکێتی دووپاتکردەوە بەهۆی پەیوەندیی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە.

ئەردۆغان ڕەخنەی لە پشتگیرییەکانی یەکێتی بۆ پەکەکە گرت و هۆشداریدا لەوەی ئەنقەرە “هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست” بۆ پاراستنی خۆی دەگرێتەبەر.

وتەکانی ئەردۆغان دوای زنجیرەیەک هۆشداری یەک لە دوای یەکی بەرپرسانی دیکەی تورکیا لەوانە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و یەشار گولەر وەزیری بەرگریی هات.

لەناو فشارە بەردەوامەکانی تورکیادا، عێراق سەرەتای ئەم مانگە لەگەڵ بەریتانیا، تورکیا و ئەمریکا بەشداریکرد لە قەدەغەکردنی پەکەکە، بەڵام تا ئێستا وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نەیناساندووە.

یەکێتی بەردەوام ڕەتیدەکاتەوە پاڵپشتی پارتی کرێکارانی کوردستانی کردبێت، سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان  تۆمەتەکانی ئەردۆغانی بە “بێ بنەما” وەسفکرد، جەختی لەوەکردەوە کە یەکێتی نە پەکەکەی بانگهێشت کردووە بۆ ناو هەرێمی کوردستان و نە تەسلیمی هەڕەشەکانی سەر سنوورەکانی تورکیا بووە.

سەعدی ئەحمەد پیرە جەختی لەوەشکردەوە، ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی پەکەکە و تورکیا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕوویداوە لە نزیک دهۆک و ئامێدی.

ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشتر Amwaj.media بڵاویکردووەتەوە، ئۆپەراسیۆنی تورکیا دژ بە پەکەکە لە ژێر دەسەڵاتی یەکێتیشدا ڕوویداوە.

ململانێکانی نێوان تورکیا و یەکێتی زیان بە پەیوەندییەکانی ئەو حزبە لەگەڵ ئەنقەرە دەگەیەنێت، کە هاوکات بەهۆی پەیوەندییە ئاشکراکانی یەکێتی لەگەڵ پارتە کوردییەکانی سووریا ئەنقەرە زیاتر نیگەرانە.

 

پەیوەندییەکانی پەکەکە و یەکێتی

پەکەکە و یەکێتی لە سەرەتای دامەزراندنیانەوە لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە پەیوەندییەکی ئاڵۆزیان هەبووە، لە کاتی شەڕی ناوخۆ لە هەرێمی کوردستان لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا، پەکەکە لایەنگری یەکێتی بوو نەک پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بزووتنەوەکە کاریگەری و جەماوەری لە سلێمانی و ناوچەکانی دەوروبەری پەیدا بکات، کە تا ئەمڕۆش هەر بەردەوامە.

دوای کۆتایی هاتنی شەڕ لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی ئەوکاتەی یەکێتی هەوڵیدا بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی پەکەکە لە سلێمانی، ئەمەش بەهۆی پەیوەندییە فەرمییەکانی لەگەڵ ئەنقەرە.

ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە نێوان هێزەکانی پەکەکە و یەکێتیدا سەریهەڵدا و شەڕەڤانەکان دوورخرانەوە لەناو شارەکان، هاوکات پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و سلێمانی پەرەیسەند و زەمینەی بۆ دامەزراندنی نوێنەرایەتی یەکێتی لە تورکیا خۆشکرد.

هاوکات لە دوای شەڕی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ و پەرەسەندنی هێزە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا، جارێکی دیکە نزیکبوونەوە لەنێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دروستبوو.

 

دابەشکردنی دەسەڵات لە کوردستانی عێراق

پارتی کرێکارانی کوردستان لە مێژە بووەتە کەلێن لە پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و تورکیا، شرۆڤەکار کەمال چۆمانی دەڵێت؛  ڕاپۆرتی ڕفاندنی دوو کەسی هەواڵگری تورکیا لە سلێمانی لە ساڵی ٢٠١٧ لەلایەن پەکەکەوە بووە هۆی تێکچوونی خێرای پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و یەکێتی، بەهۆیەوە تورکیا ئۆفیسی ئەنقەرەی پارتەکەی داخست و نوێنەرەکەی دەرکرد.

ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا دژ بە پەکەکە لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی یەکێتی بریتین لە تیرۆرکردنی چالاکوانانی پەکەکە لە پارێزگای سلێمانی.

لە مانگی ئەیلولی 2023 گرژییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو پەرەیسەند، کاتێک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا لە فڕۆکەخانەی عەربەت لە پارێزگای سلێمانی هێرشیکردە سەر فڕۆکەخانەی عەربەت سێ ئەندامی یەکەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری یەکێتی کوژران، ئەمەش یەکەمین بە ئامانجگیرانی ڕاستەوخۆی هێزەکانی یەکێتی بوو لەلایەن تورکیاوە.

 

گرژییەکانی یەکێتی و تورکیا

ململانێکانی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و تورکیا، سەرکردەکانی سلێمانی بەردەوام دووچاری کێشە کردووەتەوە، پەیوەندی جەلال تاڵەبانی لەگەڵ ئەنقەرە پڕ بوو لە داخوازییەکانی تورکیا بۆ ڕادەستکردنەوەی ئەو بەرپرسە کوردانەی کە تۆمەتبارن بە پاڵپشتیکردنی پەکەکە.

تاڵەبانی لە ماوەی سەرۆکایەتی عێراقدا (٢٠٠٥-٢٠١٤) وتەیەکی بە ناوبانگی هەیە کە ڕایگەیاندووە، “تەنانەت پشیلەیەکی کوردیش ڕادەستی تورکیا ناکات”.

پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ سەرکردایەتی ئێستای یەکێتی باشتر نییە، بافڵ تاڵەبانی کوڕی جەلال تاڵەبانی و سەرۆکی ئێستای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سەرەتای مانگی ئازاردا ڕایگەیاند، پەکەکە دوژمنی من نین، لەگەڵ هەندێکیان پەیوەندیم هەبووە، بانگەشەکردنی بۆ یەکگرتوویی کورد و ئازادکردنی سەرکردە زیندانیکراوەکانی کورد لە تورکیا، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەنقەرە زیاتر ئاڵۆز کردووە.

بەشێک لە گرژیەکانی تورکیا و یەکێتی لە ئەنجامی نزیکبوونەوە لە حزبە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستانە، کە ئەنقەرە ڕەخنە لە یەکێتی دەگرێت لەسەر پشتیوانیکردنی ئەو جۆرە گروپانە بەو پێیەی بە نزیک لە پەکەکە دەیانبینێت.

ئەردۆغان لە لێدوانەکانی مانگی شوباتدا بە تایبەتی ڕەخنەی لە پەیوەندییەکانی یەکێتی بە گروپە سیاسی و چەکدارە جیاوازەکانەوە گرت، هەروەها تورکیا هۆکاری هێرشەکەی عەربەتی بۆ ئەو گومانانە گەڕاندەوە کە یەکێتی ڕاهێنان بە پەکەکە و هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات.

هاوکات لەگەڵ ئەوەی یەکێتی هیچ پەیوەندییەکی ئاشکرای لەگەڵ پەکەکەدا نییە، بەڵام بە ئاشکرا پەیوەندی لەگەڵ گروپە کوردییەکان هەیە لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان، بە شانازییەوە درێژەی بە هاوکارییەکانی داوە، بەتایبەتی بافڵ تاڵەبانی کاری بۆ دروستکردنی ئەو پەیوەندیانە کردووە، لەوانەش لە ڕێگەی سەردانکردنی سوریاوە.

 

هەڵبژاردەی یەکێتی

لە وەڵامی ئەو ئیستفزازییە هەستپێکراویەدا، تورکیا یەکێتیی خستوەتە ژێر فشارێکی بێئەندازە، ئەنقەرە لە مانگی نیسانی 2023ەوە گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕاگرتووە، ئەمەش وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە بەرامبەر چڕبوونەوەی چالاکییەکانی پەکەکە لە سلێمانی، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی نزیکەی 60-70%ی کارەکانی فڕۆکەخانە، لە ڕووی داراییەوە کاریگەری نەرێنی لەسەر یەکێتی دروستکردووە.

کەمال چۆمانی شرۆڤەکار بە Amwaj.media ی ڕاگەیاندووە، ئەنقەرە دەیەوێت هەمان هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ببینێت، بەڵام ئەستەمە یەکێتی شوێنپێی پارتی دیموکراتی کوردستان بکەوێت.

سنووردارکردنی پێشووی گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٧دا سەپێندرابوو، لە مانگی ئازاری ٢٠١٨دا لەسەر هەولێری ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵگیرا، بەڵام تەنها ١٨ مانگ دواتر تورکیا گەشتەکانی لەگەڵ سلێمانی ڕاگرت.

بە وتەی ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، یەکێتی ڕووبەڕووی دۆخێکی هەستیار دەبێتەوە، دانپێدانان بە داواکارییەکانی ئەنقەرە و قەدەغەکردنی بەغدا لەسەر پەکەکە دەتوانێت فشارەکانی تورکیا کەم بکاتەوە، لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە تا قەدەغەکردنی فڕین، بەڵام ئەمە مەترسی ئەوەی هەیە پێگە و متمانەی یەکێتی تێکبدات.

هەرچەندە پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری کشانەوەی لە هەڵبژرادنی پەرلەمانی کوردستان داوە بەهۆی ناڕازیبوون بەرامبەر بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵیی عێراق، بەڵام یەکێتی هەڵوێستێکی سەربەخۆ و جیاوازی هەیە.

یەکێتی ئەمە وەک دەرفەتێک دەبینێت بۆ بەدەستهێنانی قازانجی سیاسی بە پاراستنی هەڵوێستی ئێستای- بەکارهێنانی پەیوەندییەکان بە پەکەکە و هەروەها گرژییەکانی لەگەڵ تورکیا بۆ جیاکردنەوەی لە ڕکابەرەکەی لە هەولێر.

 

سەرچاوە: Amwaj.media

نرخی دۆلار جاریکی دیکە بەرزبووەوە
پێشت نرخی دۆلار جاریکی دیکە بەرزبووەوە
هەولێر؛ ڕێگری لە گردبوونەوەی کۆمپانیاکان کرا
دواتر هەولێر؛ ڕێگری لە گردبوونەوەی کۆمپانیاکان کرا
ەیوەندیدار