وەزارەتی نەوت: هەرێم ڕۆژانە بە بێ ئاگاداری ئێمە 200-250 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنیت



وەزارەتی نەوتی عێراق جەختیکردەوە لەوەی تا ئێستا گرێبەستەکانی نەوتی هەرێمی کوردستانی ڕادەست نەکراوە و ڕۆژانەش هەرێم بە بێ ئاگاداری وەزارەتەکەیان 200-250 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهینیت.

ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی نەوتی عێراق وەڵامی ڕاگەیەندراوەکەی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوت لە کوردستانی دایەوە کە سەبارەت بە پرسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردبووەوە.

وەزارەتی نەوت ڕایگەیاند، ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێی بۆری نەوتی عێراق – تورکیا بە هۆی بڕیاری تورکیا و دوای بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی نیودەوڵەتی هات لە پاریس کە لە بەرژەوەندی عێراق پەسەند کرد و جەختیشیکردەوە لەوەی بۆ یەک ڕۆژیش هەناردەکردنی نەوت لەسەر بڕیاری تاکلایەنەی عێراق ڕانەگیراوە و حکومەتی فیدراڵیش گەورەترین زیانمەندی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە هۆکاری ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کۆمپانیا بیانییەکان ئامادە نین بەرهەمەکانیان بە فەرمی ڕادەستی حکومەتی هەرێم بکەن بۆ ئەوەی بە پێی یاسای بودجە هەناردە بکرێت و ئەگەر کۆمپانیاکان نەوتەکە ڕادەست بکەن، ئەوا دەکرێت لە ماوەیەکی کورتدا دەست بە هەناردەکردنی بکرێتەوە.

سەرلەنوێ جەختیشیکردەوە کە ڕۆژانە 200-250 هەزار بەرمیل نەوت بە بێ ئاگاداری و ڕەزامەندی وەزارتی نەوت لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێندرێت کە ئەوەش ناوبانگ و پابەندییە نیودەوڵەتییەکانی حکومەتی عێراق دەخاتە مەترسییەوە و لایەنی بەرپرس لەو سەرپێچییەش، هەموو لێکەوتە یاساییەکانی لە ئەستۆ دەگرێت.

وەزارەتی نەوت دووپاتیشیکردەوە کە بە هیچ شێوەیەک گرێبەستەکانی نێوان کۆمپانیاکان و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەلایەن حکومەتی فیدراڵی و وەزارەتی نەوتەوە پەسەند نەکراون، چونکە بنەمای دروستی دەستووری و یاساییان نییە و دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیش هیچ بوارێکی گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە نەماوە، جگە لە پابەندبوون بە بڕیارەکە.

ئەوەشی خستەڕوو کە تا ئێستا هیچ وێنەیەکی گرێبەستەکان نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیاکانی نەوت نەدراوە بە وەزارەتەکەیان، ئیتر چۆن داوا لە وەزارەتی نەوت دەکرێت پێیانەوە پابەند بێت؟

وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیەندراوەکەی کۆمەڵەی “ئیپکۆر”یشی بە دەستوەردانێکی ڕاستەوخۆ لە کاروباری سەروەریی ناوخۆیی و دەرەکی عیراق وەسفکرد و وەک سەرپێچییەکی دیکە لەسەر کۆمەڵەکە تۆماری کرد و داواشی لێ کرد کە ڕێز لە سەروەری عێراق و یاسا و بڕیارە دادوەرییەکانی بگرێت.

“بۆ چارەسەرکردنی بابەتی مووچە، پێویستە پابەندبین بە بنەماکانی دەستوور”
پێشت “بۆ چارەسەرکردنی بابەتی مووچە، پێویستە پابەندبین بە بنەماکانی دەستوور”
ئەمڕۆ خۆپیشاندانی مامۆستایان دەستپێدەکاتەوە
دواتر ئەمڕۆ خۆپیشاندانی مامۆستایان دەستپێدەکاتەوە
ەیوەندیدار