بانكەكانی ڕافیدەین و ڕەشید هەژمار بۆ مووچەخۆرانی هەرێم دەكەنەوە



ئەندامێكی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی ڕایدەگەیەنێت، بانكەكانی ڕەشید و ڕافیدەین دەستیان بە ڕێكارەكانی كردنەوەی لقەكانیان لە هەرێم كردووە و دەشڵێت: “چاوەڕێی بڕیاری حكومەتی هەرێم ناكەن”.

مامۆستا دڵشاد میرانی، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی مامۆستایانی ناڕازی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی كردوومانە و سەردانی بەغدامان كردووە بۆ ئەوەی لقی بانكه‌كانی ڕەشید و ڕافیدەین لە هەرێمی كوردستان بكرێنەوە، ئەو دوو بانكە ڕێكارەكانی كردنەوەی لقه‌كانیان له‌ هەرێمی كوردستان دەستپێكردووە و تەنیا چەند ڕێوشوێنێكی ئیداری و یاسایی ماون.

ڕاشیگەیاندووە، به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانی ئێمه‌ نه‌بوونی بینای تایبه‌تی لقه‌كانیان نابێته‌ كێشه‌ بۆ كردنەوەی لقی بانكەكانیان و وتیشی، “بەدڵنیاییەوە ئەو بانكە فیدڕاڵییانە لقەكانیان لە شارەكانی هەرێم دەكەنەوە”.

جەختیشی كردەوە، “ئەو دوو بانكە هەموو عێراق و هەرێمی كوردستان بەیەك پاكێج سەیر دەكەن، بۆ كردنەوەی لقەكانیشیان چاوەڕێی حكومەتی هەرێم ناكەن فەرموویان لێبكەن”.

ئاشكراشى كرد، له‌ ڕابردوودا، وەك رێزێك وادەیەكیان بۆ حكومەتی هەرێم دانابوو بۆ ئەوەی هەماهەنگییان بكەن لە كردنەوەی لقه‌كانیاندا، بەڵام نەك هەر هەماهەنگیان نه‌كرد، بەڵكو دەستیان بەسەر ئەو مووچەیەدا گرت، كە لەلایەن حكومەتی عێراقییەوە نێردرابوو.

رۆژی 21ی شوبات، دادگای فیدراڵی عێراق له‌سه‌ر سكاڵایه‌كی ئه‌نجوومه‌نی مامۆستایانی ناڕازی بڕیاری به‌نیشتیمانیكردنی دابه‌شكردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی ده‌ركرد، وه‌زاره‌تی دارایی عێراقیش بڕیاریدا پڕۆسه‌كه‌ له‌ڕێگه‌ی هه‌ردوو بانكی ڕه‌شید و ڕافیده‌ینه‌وه‌ جێبه‌جێ بكات، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا به‌هۆی نه‌بوونی لقی ئه‌و دوو بانكه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و به‌ده‌مه‌وه‌نه‌چوونی حكومه‌تی هه‌رێم پڕۆسه‌كه‌ ده‌ستی پێنه‌كردووه‌ و حكومەتی هەرێم سوورە لەسەر كاركردن بە پڕۆژەی “هەژماری من”.

چەند خواردنێک یارمەتیت دەدات باشتر بخەویت
پێشت چەند خواردنێک یارمەتیت دەدات باشتر بخەویت
حزبێكی هەرێم پاڵپشتی بۆ بایكۆتی فەرمانبەران ڕاگەیاند
دواتر حزبێكی هەرێم پاڵپشتی بۆ بایكۆتی فەرمانبەران ڕاگەیاند
ەیوەندیدار