پارێزگاری سلێمانی: دەست لە قۆرخکردنی داهاتی گشتیی هەڵبگرن و دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەنەوە



پارێزگاری سلێمانی داوا لە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان دەکات “دەست لە قۆرخکردنی داهاتی گشتیی هەڵبگرن و دەست بە دابەشکردنی مووچەو بوجە خزمەتگوزارییەکان بکەنەوەو کۆتایی بە بەتاڵکردنی کاسەی ماڵان و بەتاڵانبردنی داهات و سامانی گشتیی بێنن”.

ئەمڕۆ یەکشەممە، هەڤاڵ ئەبوبەکرد، پارێزگاری سلێمانی پەیامێکی دەربارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و دابەشنەکردنی مووچە بڵاوکردەوە و تێیدا داوا دەکات مووچە بە بارمتە نەگیرێت.

هەڤاڵ ئەبوبەکر کە ژمارەیەکی زۆری بەڕێوەبەرایەتییەکانی پارێزگاکەی دەستیان بە بایکۆتکردنی دەوام کردووە داوا لە دەسەڵاتدانی هەرێم دەکات ” دەست لە قۆرخکردنی داهاتی گشتیی هەڵبگرن و دەست بە دابەشکردنی مووچەو بوجە خزمەتگوزارییەکان بکەنەوەو کۆتایی بە بەتاڵکردنی کاسەی ماڵان و بەتاڵانبردنی داهات و سامانی گشتیی بێنن”.

دەقی پەیامەکەی پارێزگاری سلێمانی:

(کاسەی پڕ ئاشتیی ماڵە)، بە بارمتەگرتنی خەڵک و خاک و ژیان و کارو بژێویی و مووچەو بودجەی خەڵکی کوردستان، لە لایەن دەسەڵاتدارانی ناوەندو بە کەمتەرخەمیی و سەرکەشیی و بێباکیی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و بە دەستتوەردانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی، تەواوکردنی جینۆسایدی خەڵکی کوردستان و زیادکردنی ئیکۆسایدو ئیکۆنۆمیکساید و بایۆسایدە بۆ پرۆسەی پاکتاوکردنی ڕەسەنترین دانیشتووانی سەر ئەم زەمینەو، لە باربردنی ئارامیی دەرونیی تاک و ئاسایش و ئاشتیی کۆمەڵایەتیی و سەقامگیریی گشتییە.

چارەسەرنەکردنی کێشەو قەیرانە قوڵەکانی دارایی و ئابوریی لە دە ساڵی ڕابردووداو بە ئێستاشەوە، گەورەترین زیانی بە خەڵکی کوردستان و دامودەزگاکان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان گەیاندووە، پاشەکەوت و لێبڕین و کەمکردنەوەو خەرجنەکردنی مووچە لە ڕۆژژمێری مانگانەی خۆیدا؛ پابەندیی کارگێڕیی ناهێڵێت و بایکۆتی ناچاریی دەهێنێتەکایەوەو ڕاژەو خزمەتگوزارییەکان پەکدەخات و مانایەک بۆ دامەزراوە حکومییەکان ناهێڵێتەوەو زیانی گەورەیش لە کەرتی تایبەت دەدات، پەیوەندیی و متمانەی نەک تەنها خەڵک بە حکومەت ناهێڵێت، بەڵکو پابەندیی و پەیوەندیی و متمانەی فەرمانبەرانیش بە خودی حکومەت لەبەیندەبات، شیرازەی خێزان دەپچڕێنێت و مانا بۆ هیچ شتێک ناهێڵێتەوە.

دەمانووت؛ داهات و دارایی و مووچەو بودجە تێکەڵی ململانێ سیاسییەکانتان مەکەن؛ نەتانبیست، ئێستا کە تێکەڵتان کردووە؛ دەبێت ئیرادەو توانستی ئەوەتان هەبێت کە بە خێرایی لە ڕووی سیاسییەوە چارەسەری بکەن.

دەست لە قۆرخکردنی داهاتی گشتیی هەڵبگرن و دەست بە دابەشکردنی مووچەو بوجە خزمەتگوزارییەکان بکەنەوەو کۆتایی بە بەتاڵکردنی کاسەی ماڵان و بەتاڵانبردنی داهات و سامانی گشتیی بێنن، بۆ ئەوەی مانایەک بۆ حوکمڕانیی و ئاشتیی و ئاسایش و ئابوریی و ئاوەدانیی؛ بگەڕێتەوە.

‎پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوور لە خواست و ئەجێنداو ململانێی هەموو حیزبەکان؛ دارایی دارای خۆی ڕێکبکاتەوەو، بچێتە بەغداو بچێتە شوێنەکانی ترو شەڕی داوا ڕەواکانی خەڵک بکات و، خۆی لە قوڵکردنەوەی ناکۆکییە ناوخۆییەکان؛ دوربخاتەوە.

حزبێكی هەرێم پاڵپشتی بۆ بایكۆتی فەرمانبەران ڕاگەیاند
پێشت حزبێكی هەرێم پاڵپشتی بۆ بایكۆتی فەرمانبەران ڕاگەیاند
بڕیاری لێخۆشبوون بۆ کرێی ساڵێکی زیانلێکەوتووانی بازاڕی لەنگەی هەولێر پەسەند کرا
دواتر بڕیاری لێخۆشبوون بۆ کرێی ساڵێکی زیانلێکەوتووانی بازاڕی لەنگەی هەولێر پەسەند کرا
ەیوەندیدار