بارزانی بۆ ئەمریكا: پارتی بایكۆتی هەڵبژاردنی نەكردووە



سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق دەكات و ڕایدەگەیەنێت، پارتی بایكۆتی هەڵبژاردنی نەكردووە بەڵكو لەگەڵ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و شەفاف و جێگەی دڵنیایی و دوور لە دەستوەردانی دەرەكی و بەرنامەی پێشوەختەیە بووە.

بارەگای بارزانی بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی ئاداری 2024 لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئەلینا ڕومەنسكی، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق كرد و وێڕای ئاماژەدان بە بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان و دواپێشهاتەكان، نیگەرانیی خۆی و وڵاتەكەی لە دوا پێشهاتە سیاسیەكان دەربڕی و داواشی كرد، كە پارتی دیموكراتی كوردستان ڕۆڵی خۆی ببینێت و لەگەڵ لایەنەكانی تر پێكەوە كێشە و نیگەرانی و تێبینیەكانی پەیوەست بە هەڵبژاردنەكانی هەرێم چارەسەر بكەن.

بارزانی ئاماژەی بە هۆكارەكانی دەرچوونی بەیاننامەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان دا و ئەوەی بۆ شاندی میوان ڕوونكردەوە، كە هەر لە سەرەتای نەوەدەكانی سەددەی ڕابردوو پارتی دەستپێشخەری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بووە و خۆی لە ساڵی 1991 داوای كردووە، كە پێویستە شەرعیەتی شۆڕشگێڕی جێگەی خۆی بداتە شەرعیەتی دەستووری و هەڵبژاردن بكرێ.

ڕاشیگەیاندووە، پارتی هەمیشە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بووە ترسی لە هەڵبژاردن نیە، بەڵكو تێبینی لەسەر شێوازی هەڵبژاردن و مەترسیی تێكدانی بنەماكانی پێكەوەژیان و نەهێشتنی بەشداریی پێكهاتەكان لە ژیانی سیاسیدا هەیە.

بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، كە بە بیانووی جۆراوجۆر دوو ساڵ هەڵبژاردنیان دواخست، دەستی نامۆ و دەرەكی خرانە ناو ئەو بابەتە و لە بەها و پێگەی هەرێمیان كەم كردەوە. هەروەها بە شێوەیەكی نا دەستوری و نا یاسایی بڕیار و یاساكانی هەرێمی كوردستانیان گوڕی و ستەمێكی گەورەیان لە پێكهاتەكان و تێكڕای خەڵكی كوردستان كرد.

بارزانی ئەوەشی دووپات كردەوە، كە پارتی بایكۆتی هەڵبژاردنی نەكردووە، بەڵكو لەگەڵ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و شەفاف و جێگەی دڵنیایی و دوور لە دەستوەردانی دەرەكی و بەرنامەی پێشوەختەیە، كە تێیدا دەنگدەران لە مافی دەنگدان بێبەش نەكرێن و پڕۆسەی دیموكراسی بێ بەها نەكرێت و یاساكانی هەرێم پێشێل نەكرێن.

بارزانی ئاماژەی بە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دا و ئەوەی خستەڕوو، كە ڕێككەوتنێكی ڕوون و هەمەلایەنە لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی لەژێر ناوی ئیئتیلافی دەوڵەت هەیە، كە بەداخەوە هیچ یەك لە خاڵە گرنگەكانی ئەو ڕێككەوتنامەیە جێبەجێ نەكراوە. ڕێككەوتنەكە لەپێناو ئەوە بوو كە سەقامگیری بێتە دی و خەڵك بگاتە خوشگوزەرانی و بنەماكانی شەراكەت و تەوازون و تەوافوق پیادە ببن، بەڵام هیچ یەك لەمانە نەكران. سەرۆك بارزانی جەختی كردەوە كە لە ڕاوێژ و هەماهەنگیی بەردەوامدا دەبن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و نەهێشتنی نیگەرانییەكان.

نێچیرڤان بارزانی: فەرمانبەران دڵنیا دەكەمەوە ئەم سەختیانەش تێدەپەڕن و دەبنە ڕابردوو
پێشت نێچیرڤان بارزانی: فەرمانبەران دڵنیا دەكەمەوە ئەم سەختیانەش تێدەپەڕن و دەبنە ڕابردوو
شەقامێكی سلێمانی دادەخرێت
دواتر شەقامێكی سلێمانی دادەخرێت
ەیوەندیدار