بەڕێز؛ ڕێز لە كارمەندەكانی دەنێت و 12 كارمەندی نموونەیی دیاری دەكات



ئەمڕۆ شەممە 24ی كانوونی یەكەمی 2022، گرووپی كۆمپانیاكانی بەڕێز لە ئوتێل تایتانیك لە سلێمانی مەڕاسیمی ڕێزلێنانی لە كارمەندانی لە بەشە جیاجیاكان ڕێكخست و سەرۆكی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی كۆمپانیاكەش ستایشی كار و خزمەتەكانی كارمەندانی كرد لە ساڵی ڕابردوودا و پلان و بەرنامەی كۆمپانیاكەی بۆ ساڵی نوێ‌ ڕوونكردەوە.

گرووپی كۆمپانیاكانی بەڕێز، لە ئوتێل تایتانیك خوانی بەیانی و ئاهەنگی ڕێزلێنانی بۆ كارمەندانی كۆمپانیاكەی ڕێكخست و 12 كارمەندیشی لە بەشە جیاجیاكانی وەك “كارمەندی نموونەیی ساڵ” دیاری كرد و (درعی كۆمپانیا و بڕوانامەی ڕێزلێنان)ی پێ‌ بەخشین.

یاسین مەحمود، سەرۆكی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی گرووپی كۆمپانیاكانی بەڕێز لە وتەیەكدا سوپاسی خۆی ئاڕاستەی سەرجەم كارمەندان كرد، كە بە هەستكردن بە بەرپرسیارێتییەوە كارەكانی سەرشانیان ڕادەپەڕێنن و وتی، “ئەم خەڵاتە دەبێت ببێتە هاندان بۆ كارمەندانی دیكە و هەروەها ئەوانەی وەك كارمەندی نموونەیی دیاری كراون ئەركی سەرشانیان قورستر دەبێت بۆ سەلماندنی دڵسۆزی زیاتر لە كاركردن”.

ڕاشیگەیاند، كۆمپانیای بەڕێز شانازی ئەوەی پێ‌ بڕاوە، كە یەكەم كۆمپانیا بووە بۆ دروست كردنی كۆمەڵگەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵكی كەمدەرامەت و هێنانی یەكەم كارگەی PVCی دەرگا و پەنجەرە و یەكەم كارگەی MDFی كەوانتەر و هەر یەكەم كۆمپانیاش بووە بۆ هەڵبژاردنی كارمەندی نموونەیی ساڵ.

ئاماژەی بەوەشكرد، كۆمپانیای بەڕێز سەرەڕای كاركردن لە بواری دروست كردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵكی كەمدەرامەت، دەستی بە دروست كردنی خزمەتگوزاری بنكەی تەندروستی و مزگەوت و خوێندنگە كردووە بۆ كۆمەڵگەكانی نیشتەجێ‌ بوون و هاوكات لەڕێگەی “ڕێكخراوی خێرخوازی خەڵك”ەوە خزمەت بە هەژاران و نەداران و خوێندكاران و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دەكات و مووچەی بۆ بڕیونەتەوە و خەرجی نەخۆشی و نەشتەرگەری و خوێندنیان بۆ دابین دەكات لەگەڵ كرێی خانوو بۆ كرێنشینان، كە ساڵانە بە سەدان ملیۆن دینار مەزەندە دەكرێت.

لای خۆشییەوە، بەرهەم ڕەئوف، ڕاوێژكاری یاسایی كۆمپانیای بەڕێز لە وتەیەكدا ئاماژەی بەوەكرد، كە كاردەكەن لەسەر جێبەجێ‌ كردنی یاسای كار بۆ دەستەبەری كارمەندان و هەروەها بە ئەلیكترۆنی كردنی كارەكانی كۆمپانیا لە ساڵی نوێدا، كە چەندین سوودی لەڕووی ئابووری و كات و خێرا ڕاپەڕاندنی كارەكان و شەفافیەتەوە هەیە.

لە كۆتایی مەراسیمەكەدا دەست كرا بە دابەشكردنی سوپاسنامە و “پارێزەری ڕێزلێنان” بەسەر كارمەندانی نموونەیی ساڵی 2022دا.

بافڵ تاڵەبانی بۆ مووچەی فەرمانبەران دەگاتە لای سودانی
پێشت بافڵ تاڵەبانی بۆ مووچەی فەرمانبەران دەگاتە لای سودانی
هاتووچۆی هەولێر شۆفێران و هاووڵاتیان ئاگاداردەكاتەوە
دواتر هاتووچۆی هەولێر شۆفێران و هاووڵاتیان ئاگاداردەكاتەوە
ەیوەندیدار