بزوتنەوەی گۆران: سەرکێشیکردن بە هەرێمى کوردستانەوە ئەوپەڕی هەستنەکردنە بە بەرپرسیاریەتی



بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنیت هۆکاری بەشێکی ئەو دۆخەی بەسەر هەرمی کوردستاندا هاتووە لێکەوتەى حوکمڕانی خراپی ناوخۆیین و ئێستاش هەرێم لە هەمووکات زیاتر بە قەیران و خراپی دۆخی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان و مووچەخۆراندا تێدەپەڕێت.

بزوتنەوەی گۆڕان لە ساڵیادی ڕاپەڕینەکەی 1991دا پەیامێکی بڵاویکردەوە و ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان لە هەلومەرجێکی دژواری سیاسیی و ئابووری و دامەزراوەییدا یادی (33)هەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان دەکاتەوە.

ڕاشیگەیاند، ئێستا هەرێمی کوردستان لە هەمووکات زیاتر بە ساتەوەختی پڕ ئاڵنگاری و قەیران و خراپی دۆخی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان و مووچەخۆران تێدەپەڕێت.

بزوتنەوەی گۆڕان راشیگەیاند، سەرکێشیکردن بە هەرێمى کوردستان، کە بەرهەمی خوێن و خەباتی خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە و شانە چەکدارەکانە، ئەوپەڕی هەستنەکردنە بە بەرپرسیاریەتی نیشتیمانی و نەتەوەیی.

دەقى بەیاننامەکەى بزوتنەوەى گۆڕان بۆ یادى 33 ساڵەى راپەڕین:
‎ئەمڕۆ، لە هەلومەرجێکی دژواری سیاسیی و ئابووری و دامەزراوەییدا؛ هەرێمی کوردستان یادی (33)هەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان دەکاتەوە، ڕاپەڕینێک وەک ڕەتکردنەوەیەکی گشتی لە ڕانیەی دەروازەی ڕاپەڕینەوە چەخماخەی سەند و بە ماوەیەکی کەم هەمووو ناوچەکان لە دەستی ڕژێمی بەعس ئازادکران و، لەدوا وێستگەشدا لە شاری کەرکووک تاجی سەرکەوتنی لەسەرنا.

‎ئەم ڕووداوە مێژووییە پڕ بایەخە، لە کاتێکدا بەبیر دەهێنینەوە، هەرێمی کوردستان لە هەمووکات زیاتر بە ساتەوەختی پڕ ئاڵنگاری و قەیران و خراپی دۆخی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان و مووچەخۆران تێدەپەڕێت. ئەم دۆخەش لە هەموو ڕووەکانەوە کاریگەری نەرێنی جێهێشتوە، لە ڕوی سیاسییەوە بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکان و دامەزراوەکانی یاسادانان و چاودێری هەڵوەشاندووەتەوە؛ بەمەش هەرێم نەک تەنیا لە بۆشایی دامەزراوە شەرعیەکاندا ماوەتەوە، بەڵکو پێگەی لەسەر ئاستی عێراقیش لاوازتر و کەم کاریگەرتر بووە.

‎لەم چوارچێوەیەدا، ئەو ئاڵنگارییانەى ئەمڕۆ ڕووبەڕووى هاونیشتیمانیان و هەرێمى کوردستان بووەتەوە؛ بەشێکی زۆریان دەرئەنجامی بە لاڕێدابردنی ئامانجەکانی ڕاپەڕین و لێکەوتەى حوکمڕانی خراپن لەناوخۆدا، بەشێوەیەک ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا، دروستنەکردنی هێزێکى نیشتمانى نیزامی، بەکارهێنانى دامەزراوە نیشتمانیەکان بۆ بەرژەوەندى حیزبە فەرمانڕەواکان، نەهێنانەدی ئامانجە دیموکراتیەکان و ڕێزنەگرتن لە ئازادییە گشتی و مەدەنیەکان، پابەندنەبوون بە سەروەری یاسا و لاوازکردنی ڕۆڵی دامەزراوەکان، قوڵکردنەوەی ناکۆکیە حزبیەکان و پەرتەوازەیی و دروستنەکردنی کۆدەنگی نیشتیمانی، بە دوو ڕوانگەی جیاواز مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا و پاشەکشێی خواست و داواکارییە نەتەوەیی و ستراتیژییەکان، نەبوونی یاسای بوودجە و شەفافیەت لە داهات و خەرجی، کە هەمووو ئەمانە بەسەریەکەوە بوووەتە هۆی لاوازبوونی متمانەی سیاسیی بە حوکمڕانی کوردی و کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان.

‎لەناو ئەم واقیعە تاڵەدا، ئێمە لە بزوتنەوەى گۆڕان، کە دواهەمین پرۆژەى سیاسی ئەندازیارى ڕاپەرین نەوشیروان مستەفایە جەختدەکەینەوە؛ مەترسیەکان لەسەر سیستمی فیدڕاڵیزم و هەرێمی کوردستان ڕژد و کاریگەرن، هەربۆیە سەرکێشیکردن بە هەرێمى کوردستان، کە بەرهەمی خوێن و خەباتی خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە و شانە چەکدارەکانە، ئەوپەڕی هەستنەکردنە بە بەرپرسیاریەتی نیشتیمانی و نەتەوەیی، هاوکاتیش هاونیشتمانیان شایەنی ئەوەن لەچوارچێوەى دامەزراوەکانی هەرێمى کوردستان بەوپەرى ڕێز و متمانەوە ئاستێکی بەرزی ژیان و بژێوی و ئازادیان بۆ دەستەبەرکراو بێت، لەو پێناوەشدا بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان و مووچەخۆران پێویستە فشارەکان جدیتر بکرێن بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی ئیتحادی بە ئاراستەی جێبەجێکردنی مافە دەستورییەکان و دابینکردنی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەران.

‎لەکۆتاییدا، دوای تێپەڕبوونی (33) ساڵ بەسەر ڕاپەڕین و دەستکەوتەکانی؛ لە هەموو کات زیاتر، چارەنووسی هەرێمی کوردستان بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە بەستراوەتەوە، ئەمەش دوابەدوای بۆ چوارهەمین جار ڕاگەیاندنی ڕۆژی هەڵبژاردنی خولی شەشەم لە (10ى6ى2024)، لەو ڕوانگەیەوە، سەرەڕای پێشوازی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد، هیوادارین لەمپەرەکانی بەردەم پرۆسەکە لاببرێت و هەڵبژاردن لەکاتی دیاریکراودا ئەنجام بدرێت، چونکە پرۆسەی دیموکراسی و نوێکردنەوەی ڕەوایەتی سیاسیی و تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان پەیوەندیدارە بەم هەنگاوە پێویستەی ژیانی دیموکراسی.

‎بزوتنەوەی گۆڕان
5ی ئازاری 2024

بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی لەنێوان هەڕەشە و دەرفەتدا
پێت بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی لەنێوان هەڕەشە و دەرفەتدا
بافڵ تاڵەبانی: هەموو ئامانجێکمان سەرفرازیی خەڵک و پاراستنی خاکی کوردستانە
دوات بافڵ تاڵەبانی: هەموو ئامانجێکمان سەرفرازیی خەڵک و پاراستنی خاکی کوردستانە
پەیوەندیدار