کاریگەری وشکەسەرما و کڕێوە بەفر بەردەوام دەبێت



بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەرزەزانی سلێمانی ڕایگەیاند، “لە سەنتەری شاری سلێمانی پلەکانی گەرما لە ژێر سفرەوەیە”، هاوکات شارەزایەکی کەشناسی ئاماژەی بەوەکرد، “کاریگەری وشکەسەرما و کڕێوە بەفر بەردەوام دەبێت”.

ئاسۆ كەمال، بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەرزەزانی سلێمانی بۆ (خەڵک) ڕایگەیاند، ئەو بەفربارینەی سەنتەری شاری سلێمانی گرتووەتەوە پێشبینی نەکراو بوو، ئێمە پێشبینیمان دەکرد لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر ببارێت.

وتیشی، پلەی گەرما ئەمڕۆ لە ناوشاردا ٠.٢ پلە لە ژێر سفری سەدییەوەیە، لە ناوچە شاخاوییەکان بۆ نموونە گۆیژە و ئەزمەڕ ٣ پلە لە ژێر سفرەوەیە، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا لە ناوشاردا ٥ سانتیمەتر بەفر باریووە، پێشبینی دەکرێت پروشەی بەفر بەردەوامی هەبێت.

سەبارەت بە بڕی بارانبارینی ئەمساڵ، ئاسۆ کەمال ڕایگەیاند، پار تا ئەمکاتە ٣٣٧ ملیم باران باری بوو، بەڵام ئەمساڵ ٤٤٧ ملیم باران باریوە.

ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند، لە ئەنجامی بەردەوامی کاریگەری بەرزەپاڵەپەستۆی سیبیریا و نزمەپاڵەپەستۆ و بارستە ھەوای ساردی سەرەوەی بەرگەھەوا، کە سەنتەرەکەی بەسەر ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجەوەیە، بووەتە ھۆی دروستبوونی کەشێکی سارد و ھاتنی ھەور چربوونەوەی بۆ کڕێوە بەفر.

ئاماژەی بەوەشکرد، کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆکە لە کاتەکانی پاش نیوەرۆی ئەمڕۆ بەدواوە لەسەر ئەو ناوچانە دەکشێتەوە و لە ئێوارەدا کۆتای پێدێت و ئاسمان ساماڵ دەبێتەوە، کاریگەری وشکە سەرما و بەرزەپاڵەپەستۆکەی سیبیریا بەردەوامی دەبیت بۆ سبەی پێنجشەممە.

وتیشی، پلەکانی گەرما سبەینێ بەراورد بە ئەمڕۆ 1 بۆ 2 پلە بەرزدەبێتەوە، بای باکوری ڕۆژھەڵات لە ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەرین بەردەوام دەبێت بە خێرای 15 تا 30 کیلۆمەتر لە کاتژمێریکدا .

ئاراس جەبار، ئەوەشی خستەڕوو، دوو سبەی ڕۆژی ھەینی کاریگەری بەرزەپاڵەپەستۆکەی سیبریا لە کاتەکانی بەرەبەیانەوە دەکشێتەوە و کاریگەری وشکە سەرما و بای چالاکی باکوری ڕۆژھەڵات لە ناوچەکانی ڕۆژھەڵاتی ھەرێم کۆتای پێدێت، ھەر لە ڕۆژی ھەینیەوە پلەکانی گەرماش 4 تا 5 پلە لەو ناوچانەدا بەرزدەبێتەوە کە زیاتر کاریگەربوون بەو شەپۆلە سەرمایە و لە ناوچەکانی دیکەشدا بەرێژەیەکی کەم بەرزبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت.

باسی لەوەکرد، سەبارەت بە بارانبارین لە ڕۆژی ھەینیەوە تا ناوەراستی ھەفتەی داھاتوو کەش سەقامگیر دەبێت، ئەگەر ھەیە ناوەراستی ھەفتەی داھاتوو ناوچەکانمان بکەوێتە ژێر کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆیەکی دەریای ناوەراست و باران بە ڕێژەی کەم بۆ مامناوەند لە شوێن و ناوچەی جیاجیادا دەستپێبکاتەوە.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان: ڕێکارەکانی تاپۆکردن گۆڕانکارییان تێدادەکرێت‌
پێشت سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان: ڕێکارەکانی تاپۆکردن گۆڕانکارییان تێدادەکرێت‌
مەسرور بارزانی: دەبێت شایستە داراییەکان و بودجە لە ڕێگەی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمەوە بدرێن
دواتر مەسرور بارزانی: دەبێت شایستە داراییەکان و بودجە لە ڕێگەی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمەوە بدرێن
ەیوەندیدار