ڕێواز فایەق: بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بە دڵی زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بوو



سەرۆکی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بە دڵی زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بوو، دەشڵێت: ” پێکهاتەکان بون بە بەشێک لە ململانێ سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان”.

ڕێواز فایەق، سەرۆکی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ كەناڵی (كەی ئێن ئێن) ڕایگەیاندووە، دڵخۆشە بە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی، بەڵام، هەندێک هەنگاوی تەکنیکی هەن، کە پێویستە جێبەجێ بکر‌ێن، ئەوکات تێدەگەن بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبەرژەوەندی مووچەخۆرانە یاخود نا.

وتیشی، “ئەگەر ئاستەنگێک هەبێت بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان پێویستە بە زوترین کات چارەسەربکرێت، چونکە هەردوو حکومەتی هەرێم و ناوەند پابەند کراون بە جێبەجێ کردنی بڕیارەکە”.

لەبارەی کەمکردنەوەی کورسی پێکهاتەکان وتی: “پێکهاتەکان بوون بە بەشێک لە ململانێ سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، لە بەریەککەوتنی هێزە سیاسییەکان نەیانتوانی بێ لایەنیی خۆیان بپارێزن، هەمیشە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئاشکرا دەیوت: بە پێکهاتەکانەوە زۆرینەی پەرلەمانمان هەیە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، بە هەموو پێکهاتەکان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان 23 هەزار دەنگیان هێناوە، سەیرم لێدێت، کە دەڵێن 400 هەزار تورکمان لە هەرێمی کوردستان هەیە.

ڕێواز فایەق جەختیشی كردەوە، نەخشەی سیاسی ناو هۆڵی پەرلەمان هەمیشە هۆکار بوو بۆ پاراستنی حکومەت لەو کاتانەی داوا دەکرا لێپرسینەوە لە حکومەت بکرێت.

لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رێواز فایەق رایگەیاند، ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەسەر ئەوە ماوەتەوە کە کەرەستەکانی هەڵبژاردن ئامادەن یاخود نا، لەسەر خواستی هیچ لایەنێکی سیاسی نەوەستاوە، ئێستا دۆخەکە گونجاوە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن، پێشبینیش دەکات لە مانگی حوزەیران هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.

سەبارەت بە ئەدای خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان،سەرۆکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان وتی، زۆرینەی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم زانیارییان کەم بو سەبارەت بە کێشەکان، زۆریکیان هەر سەرقاڵی ئامادەکردنی ڤیدیۆی خۆیانبون بۆ ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویبکەنەوە.

 

ژیری دەستکرد، کاریزمای نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
پێشت ژیری دەستکرد، کاریزمای نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
دواتر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
پەیوەندیدار