ئاوات شێخ جەناب بۆ چاودێری دارایی عێراق: دەرگای وەزارەت و گەنجینەکان کراوەیە



وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم پێشوازی لەشاندێکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق کرد و ڕایگەیاند، دەرگای وەزارەت و سەرجەم بەڕێوبەرایەتی و گەنجینەکان کراوەیە بۆ هەر وردبینی و بەدواداچوونێك.

ئەمڕۆ یەك شەممە ( ٢٥ شوباتی ٢٠٢٤ ) ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی کرد لە شاندێکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق کە پێکهاتبوون لە (حیدر یوسف خلخال و علا‌و حسێن محەمەد ) بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێری دارایی عێراق.

بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی دارایی هەرێم، لە دیدارێکدا کە ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، وەزیری دارایی جەختی لەو هەماهەنگی و هاوکارییە کردەوە، کە ماوەی دوو ساڵە لە نێوان وەزارەتی دارایی و تیمە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە.

ڕاشیگەیاند، دەرگای وەزارەت و سەرجەم بەڕێوبەرایەتی و گەنجینەکان کراوەیە بۆ هەر وردبینی و بەدواداچونێک لەلایەن تیمە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێری داراییەوە.

سەردانی شاندی دیوانی چاودێری دارایی عێراق لە چوارچێوەی کاری ئاسایی و وردبینی تیمە هاوبەشەکانی نێوان دیوانی چاودێری دارایی هەردوولایە بۆ ڕاپۆرتەکانی تەرازوی پێداچوونەوەی مانگانە و ئامادەکردنی ڕاپۆرتی شەش مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردووی داهات و خەرجیەکانی هەرێمی کوردستان.

لای خۆشیانەوە، “شاندەکە سوپاسی وەزیری دارایی و بەڕێوبەرایەتییەکانی وەزارەتیان کرد، کە هەمیشە هاوکار و پشتیوانی تیمە هاوبەشەکان بوون و هەمووکات دەرگایان بۆ تیمەکان واڵا بووە”.

 

حكومەتی هەرێم پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەستپێدەكاتەوە
پێشت حكومەتی هەرێم پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەستپێدەكاتەوە
نرخی بەنزین هەرزان دەبێت
دواتر نرخی بەنزین هەرزان دەبێت
ەیوەندیدار