زێباری: 400 ملیار دۆلاری عێراق بە هۆی گەندەڵییەوە دزراوە



هۆشیار زێباری ئاشکرای دەکات کە 400 ملیار دۆلاری عێراق بە هۆی گەندەڵییەوە دزراوە و سەبارەت بە لەسێدارەدانی سەدام حسێنیش دەڵێت: “شێوازی لەسێدارەدانەکەی جوامێرانە نەبوو”.

هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی و وەزیری پێشووتری دارایی عێراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت ئاشکرای کرد کە بە هۆی گەندەڵییەوە 400 ملیار دۆلاری عێراق بردراوە.

زێباری ڕایگەیاند، بە داخەوە گەندەڵی زۆر گەورە کراوە. تەنانەت لە سەردەمی ئێمە و نوری مالیکی، ئەیاد عەلاوی، ئیبراهیم جەعفەر و حکومەتەکانی دیکە و حەیدەر عەبادیشدا گەندەڵی بەو شێوەیە گەورەیە نەبوو، ئەوکات گەندەڵی لە چەند هەزار دۆلارێکدا دەکرا، بەڵام ئێستا بە ملیۆنان و ملیارەها دۆلار دەدزرێت و دەکرێت لە دابینکردنی پارە بۆ جەنگ و ململانی هەرێمییەکانیش بەکار بهێنرێن.

زێباری ئەو زانیارییانەشی پشتراسکردەوە کە باس لەوە دەکەن 400 ملیار دۆلاری عێراق بە هۆی گەندەڵییەوە نادیارە وتی، “ئەو ژمارەیە ڕاستە و سەلمێنراوە”.

ڕوونیشیکردەوە کە تەنها بەڕێوەبەرێکی جێبەجێکاری بانکێکی عێراق لە ماوەی دوو ساڵدا نزیکەی شەش ملیار دۆلاری بردووەتە دەرەوە و وتیشی: “ئەو کات بۆمان دەرکەوت پارەکە بۆ عەممان و بەیروت بردراوە”.

جەختیشیکردەوە لەوەی گەندەڵی یەکێکە لە گەورەترین هەڕەشەکان بۆ سەر سەقامگیری عێراق.

هاوکات ئەو تۆمەتانەش ڕەتدەکاتەوە کە سەبارەت بە گەندەڵی درانە پاڵی و وتی: “جەخت دەکەمەوە لەوەی لە هیچ دۆسیەیەکی گەندەڵییەوە تێنەگلاوم. بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سیاسی بوو و ستەمی لێکردم و چاپۆشی لە مافە سیاسی و دەستوورییەکانم کرد”.

هۆشیار زێباری لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا باسی لە شێوازی لەسێدارەدانی سەدام حسێن، سەرۆکی ڕژیمی بەعس کرد و ڕایگەیاند، شێواز و کاتی لەسێدارەدانی شەرمهێنەرانە بوو، سەرباری ئەو تاوانانەی لەسەریان دادگایی کرا، بەڵام بە شێوەیەکی قێزەونانە لەسێدارە دراو پێگەیەکی پێ درا کە شایستەی نەبوو.

وتیشی: “بۆ ئەوەی ڕوون و ڕاشکاو بم، جوامێری نەبوو بەو شێوە قێزەونە تۆڵەی لێ بکرێتەوە… بەڵام ئەگەر لێم بپرسی ئایا پەشیمانن لە گۆڕینی ڕژێم، پێت دەڵێم: نەوەڵا”.

کەشناسی: ئەگەری بەفربارین هەیە و پلەی گەرماش بەرز دەبێتەوە
پێشت کەشناسی: ئەگەری بەفربارین هەیە و پلەی گەرماش بەرز دەبێتەوە
دادگای فیدراڵی چارەنووسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکلا دەکاتەوە
دواتر دادگای فیدراڵی چارەنووسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکلا دەکاتەوە
ەیوەندیدار