هۆڵی پرسەخانەی مزگەوتی ئەحمەدی حاجی عەلی داناخرێت



بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، هۆڵی پرسەخانەی مزگەوتی ئەحمەدی حاجی عەلی دانەخراوە و لە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێكین بۆ كێشەی ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل لەناوچەی نزیک مزگەوتەکەدا.

حاجی ئاكۆ حەسەن، بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، هۆڵی پرسەخانەی مزگەوتی ئەحمەدی حاجی عەلی دانەخراوە و دانانی پرسەی هاووڵاتیان تیایدا بەردەوامە.

ڕاشیگەیاند، لەگەڵ پارێزگا و قائیمقامیەت و هاتووچۆی سلێمانی لە گفتوگۆداین بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ كێشەی قەرەباڵغی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل، چونكە داخستنی هۆڵی پرسەی مزگەوت بەو ئاسانییە نییە، بەتایبەتی ئەو مزگەوتە، كە پرسەیەكی زۆری تیادا دادەنرێت.

وتیشی، “ڕاستە لە هەندێك كاتدا قەرەباڵغی دروست دەبێت، بەڵام لە ئێستادا مزگەوتەكە دانەخراوە و خەریكی گفتوگۆ و دیراسەكردنین لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە و ڕەنگە چارەسەرێكی بۆ بدۆزرێتەوە”.

مزگەوتی ئەحمەدی حاجی عەلی لە سلێمانی، یەكێكە لە مزگەوتە گەورە و دیارەکانی پارێزگای سلێمانی، كە لەسەر دیزاین و نەخشەیەكی تایبەتی دروست كراوە و ژمارەیەكی زۆری نوێژخوێنان و موسڵمانان ڕووی تێ‌ دەكەن و هۆڵی پرسەخانەكەی ڕۆژانە پرسەی تێدا دادەنرێت، كە زۆرێك لە بەرپرسانی شار و كەسایەتییەكانیش ڕووی تێ‌ دەكەن و پرسەكانیان دەبەنە هۆڵی پرسەخانەی ئەو مزگەوتە بەهۆی هەڵكەوتەی شوێنەكەی و فراوانی هۆڵەكەیەوە.

سودانی بڕیاری بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاگەیاند
پێشت سودانی بڕیاری بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاگەیاند
بۆن دەتوانێت چارەسەری کێشەی دەروونی بکات؟
دواتر بۆن دەتوانێت چارەسەری کێشەی دەروونی بکات؟
ەیوەندیدار