بایکۆت شکا و پرۆسەی خوێندن دەستی پێکردەوە



له‌ سنوورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ و سلێمانی ده‌وامی خوێندنگەکان ده‌ستی پێکردەوە‌ و مامۆستایانی ناڕازی بایكۆتیان شكاند، نوێنەریکی مامۆستایانی ناڕازیش دەڵێت، “ئێمە ئەوەی لە تواناماندا هەبوو، کردمان”.

ماوەی ٥ مانگ دەبێت مامۆستایان و وانەبێژان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری بایکۆتی پرۆسەی خوێندنیان کردووە، جەختیان لە جێبەجێ کردنی داواکارییەکانیان دەکردەوە، وێڕای ئەوەی تا ئێستا حکومەت بە فەرمی داواکاری مامۆستایانی جێبەجێ نەکردووە، بەڵام بایکۆت شکا و مامۆستایان گەڕانەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن.

قوباد تاڵەبانى، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان دوینێ لەگەڵ مامۆستایانی ناڕازی کۆبووەوە و بەڵێنی پێدان، پاش هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی عێراق پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان بەگوێرەی ساڵانی خزمەت بخرێتە بواری جێبەجێبەجێکردن و مامۆستایانی وانەبێژیش بە قۆناغبەندی بكرێنە گرێبەست.

هاوکات پاش کۆبوونەوەکە مامۆستایانی ناڕازی بایكۆتیان شكاند و رایانگه‌یاند، لە ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠ی شوباتەوە ده‌ست به‌ ده‌وام ده‌كه‌نه‌وه‌.

ئەمڕۆ سێشەممە بە شێوەیەکى فەرمى دەوامى خوێندنگەکان دەستی پێکردەوە و مامۆستایان و خوێندکاران گەڕانەوە هۆڵەکانى خوێندن لە تەواوى سنوورى پارێزگاى سلێمانى، هەڵەبجە و ئیدارەى سەربەخۆى گەرمیان و راپەڕین.

عادل حەسەن نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی ڕایگەیاند، ئەوەی لە تواناماندا هەبوو کردمان، له بایکۆت و خۆپیشاندان، سەردانی بەغدا و گەیاندنی دەنگی مەزڵومیەتی مووچەخۆران بە ناوەندە ناوخۆیی و نیودەوڵەتیەکان، دیدارمان لەگەڵ نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان و  کونسوڵی وڵاتان ئەنجامدا، دەنگە ناڕازییەکانمان گەیاندە پەرلەمانی وڵاتانی ئەوروپی و ڕۆژئاوایی.

وتیشی، تەنها بایکۆت و خۆپیشاندان ڕاگیراون، لە بەغدا و هەوڵەکانی ترمان بەردەوام دەبین، ئێمە ئەوەی لە تواناماندا هەبوو کردمان.

مامۆستایان لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و قەزای کۆیە، لە مانگی ئەیلوول ساڵی ٢٠٢٣ ەوە، بایکۆتیان ڕاگەیاند و هەفتانە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان بەڕێوەدەچوون، جەختیان لە جێبەجێ کردنی داواکارییەکانیان لە دابەشکردنی مووچە لە کاتی خۆیدا، بە گرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ و پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان دەکردەوە.

بەنداوێک بە توانای 500 ملیۆن مەتر سێجا لە شارێکی کوردستان دروست دەکرێت
پێشت بەنداوێک بە توانای 500 ملیۆن مەتر سێجا لە شارێکی کوردستان دروست دەکرێت
حکومەتی هەرێم دەیەوێت هاووڵاتییان بگەڕێنێتەوە بۆ گوندەکان
دواتر حکومەتی هەرێم دەیەوێت هاووڵاتییان بگەڕێنێتەوە بۆ گوندەکان
ەیوەندیدار