کشانەوەی ئەمریکا گورزی بەهێز لە ئابووری عێراق دەدات



بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، فازڵ نەبی و ئابووریناس، سەفوان قوسەی ھاوڕان لەسەر ئەوەی کە کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش بە تایبەتی ئەمریکا لە عێراق، کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر ئابووری عێراق دەبێت و ڕاشیانگەیاند کە بە کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، ئەوا بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار زیاتر بەرز دەبێتەوە.

پرسی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کە بووەتە جێگای مشتومڕی عێراقییەکان بە تایبەتی کە زۆربەی لایەنە شیعەکان داوا دەکەن، ھێزە بیانییەکان بەتایبەتی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بکشێنەوە، بێ ئاگا لەوەی کە ئایا کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا چی لێکەوتەیەکی لەسەر ئابووری عێراق دەبێت.

لە ماوەکانی ڕابردوودا، بانکی ناوەندیی عێراق چەندین ڕێوشوێنی بە ئامانجی جێگیرکردنی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار گرتووەتەبەر، بەڵام ھێشتا بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار لە دابەزینە.

پێشتر بانکی ناوەندیی عێراق فرۆشتنی یەک دۆلاری ئەمریکی بە ھەزار و ٣٢٠ دینار بۆ بانک و دامەزراوە داراییە نابانکییەکان دیاریی کرد، بەڵام ھێشتا بە زیاتر لە ٢٠ ھەزار دینار لە بڕیارەکەی بانکی ناوەندی مامەڵەی پێوە دەکرێت کە ١٠٠ دۆلار بەرامبەربە ١٥٢ ھەزار دیناری عێراقی.

بەڵام ئابووریناسان ھۆشداری ئەوە دەدەن کە ئەگەر ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق بکشێنەوە، ئەوا کاریگەری خراپی لەسەر ئابووری عێراق دەبێت، ھەروەھا بەھای دینار بەرامبەر بە دۆلار زیاتر دادەبەزێت.

فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، پێیوایە لە کاتی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا، ئابووری عێراق ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبێتەوەو وتی: “بێگومان ئەگەر ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش بە تایبەتی ئەمریکا لە عێراق بکشێنەوە، ئەوە کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر ئابووری عێراق دەبێت، چونکە ئەمریکییەکان لە بواری ئابوورییدا، زۆر ھاوکاری عێراقیان کردووە و لە ھەموو گرنگتر، ئەوان (ئەمریکییەکان) پارەکانی عێراقیان لە دەرەوە پاراستووە، بۆ ئەوەی ئەو کۆمپانیایانەی کە لەسەردەمی سەدام حوسێن قەرزیان لای عێراقە نەتوانن دەست لەو پارانەی عێراق لە دەرەوە بدەن، بۆیە بە بۆچوونی من لە کاتی کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق، ئابووری عێراق زۆر باش نابێت، بەڵام بەو شێوە نییە کە ئابووری عێراق بڕوخێت و وەک لوبنان، سووریا و ئێرانی لێبێت، ئەوەش لەبەر چەند ھۆکارێک کە یەکەمیان ئابووری عێراق بەراورد بە ئابووری لوبنان و سووریا بە ھێزە و دووەمیشیان وەک ئێرانی لێ نایەت، چونکە ئێران کۆمەڵێک سزای ئابووری لەلایەن ئەمریکاوە بەسەردا سەپێندراوە، من وای بۆ دەچم کە ئەو سزایانەی کە لەلایەن ئەمریکاوە بەسەر ئێراندا سەپێندراون، بەسەر عێراقدا ناسەپێندرێن”.

وتیشی: “ھەر بە بۆچوونی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بەو شێوەیە نابێت کە خەڵکی چاوەڕوانی دەکات و ئەمریکا ھەر لە عێراق دەمێنێتەوە”.

فازڵ نەبی لەبارەی ئەوەی کە ئایا لە کاتی جێبەجێکردنی بڕیاری کشانەوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق، بەهای دینار دابەزینی زیاتر بەرامبەر بە دۆلار تۆمار ناکات؟، وتی: “بێگومان ئەگەر ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت، ئەوا بەھای دینار بەرامبەر بە دۆلار زیاتر دادەبەزێت، چونکە ئەو کاتە عێراق نازانێت پارەی داھاتی فرۆشتنی نەوتەکەی لە کوێ دابنێت و ئەمە جگە لەوەی عێراق کێشەی لەگەڵ کۆمەڵێک کەس و ئەو کۆمپانیایانەدا ھەیە کە لەسەردەمی سەدام حوسێنەوە پێیان قەرزدارە، بۆیە دواجار جێبەجێکردنی بڕیاری کشانەوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە بەرژەوەندی ئابووریی عێراقدا نابێت”.

لەبارەی ئەوەی کە ئەگەر لە کاتی کشانەوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق، بەهای دینار دابەزینی زیاتری تۆمار کرد بەرامبەر بە دۆلار تا چەند ھاووڵاتییان دەتوانن بەرگەی بگرن و دەبێت حکومەتی عێراق چ ڕێوشوێنێک لەوبارەیەوە بگرێتەبەر، فازڵ نەبی ڕایگەیاند، “ئەمریکا لە عێراق دەمێنتەوە، ڕاستە بەرپرسانی عێراق بە ڕواڵەت داوا لە ئەمریکا دەکەن لە عێراق بکشێتەوە، بەڵام کشانەوەکە بەو شێوەیە نییە کە باسی لێوە دەکرێت، ئەگەر ئەمریکا لە عێراق بکشێتەوە، ئەوا عێراق ناگاتە ئەو دۆخەی کە خەڵکی عێراق برسی ببن و بەرگەی ئەو دۆخە نەگرن کە لە ڕووی ئابوورییەوە ڕووبەڕووی ببنەوە، بۆیە کشانەوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق، ئەگەرێکی زۆر دوورە و ئەوە ڕوونادات و ئەوەی من لە پەیوەندیی دارایی و ئابووری نێوان ئەمریکا و عێراق ئاگادارم، نە ئەمریکا لە عێراق دەکشێتەوە و نە حکومەتی عێراقیش داوا دەکات هاوشێوەی ھەندێک لە گرووپە چەکدارە شیعەکان کە داوای دەکەن”.

لای خۆیەوە ئابووریناس، سەفوان قوسەی لەبارەی لێکەوتەکانی کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش بە تایبەتی ئەمریکا لە عێراق وتی:”ئەگەری ھەیە، ھەڕەشە و داواکارییەکان بۆ کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، ئابووری عێراق بخاتە نێو ئەو سزا ئابووریانەی کە بەسەر ژمارەیەک وڵاتدا سەپێندراون، بە دڵنیاییەوە بوونی عێراق لەنێو ئەو ژینگەیەدا وا دەکات مامەڵەی ئابووری عێراق بە دراوی دۆلار پەراوێز بخرێت کە ئەوەش ڕەنگدانەوەیەکی خراپی لەسەر ژیانی عێراقییەکان دەبێت، بە تایبەتیش عێراق ساڵانە زیاتر لە ٦٠ ملیار دۆلار ھاوردە دەکات کە ئەوەش وەک پێویست خواستی بازاڕ لە دۆلار پڕ ناکاتەوە”.

ڕاشیگەیاند: “ئێستا لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، داوا دەکرێت کە نەوتی عێراق بە دۆلار نەفرۆشرێت، ئەمەش بەمانای پەراوێزخستی زیاتری ئابووری عێراق بەرامبەر بە دۆلار دێت”.

وتیشی: “لەئێستادا ئەمریکا، یەکێتی ئەورووپا و وڵاتانی کەنداو خاوەن ئابووری بەھێزن کە ئەوەش وا دەکات عێراق پێویستی بەو وڵاتانە ھەبێت، جگە لەوەش لەم ھەلومەرجەدا، بەرگەی ئەوە ناگرین ئەگەر عێراق بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی گەمارۆدان، بە تایبەتیش ئەگەر سیاسەتی عێراق لەسەر کرانەوە بەڕووی سیاسەتی وڵاتە سزادراوەکان ھەژمار بکرێت، بۆیە ئومێد دەکەین درک بە گرنگی مانەوەی عێراق لە چوارچێوەی ناوچەی ھاوسەنگی بکرێت، بە جۆرێک کە سیاسەتی عێراق بەڕووی ھەموواندا کراوە بێت، بۆ ئەوەی عێراق بتوانێت خواست و پێداویستییەکانی دابین بکات”.

سەفوان قوسەی پێیوایە ئەگەر سیاسەتی عێراق لەسەر کرانەوە بەڕووی سیاسەتی وڵاتە سزادراوەکان ھەژمار بکرێت ، ئەوا بەھای دینار بەرامبەر بە دۆلار دابەزینی زیاتر تۆمار دەکات و، وتی: ” ئەگەر سیاسەتی عێراق لەسەر کرانەوە بەڕووی سیاسەتی وڵاتە سزادراوەکاندا ھەژمار بکرێت ، ئەوا بەھای دینار بەرامبەر بە دۆلار دابەزینی زیاتر تۆمار دەکات، ئەو کات لەوانەیە دۆلار لە بازاڕەکانی عێراقیشدا نەمێنت، چونکە ھەر کاتێک عێراقییەکان ھەست بە مەترسی و نیگەرانی بکەن، ئەوا دەست بە دراوی دۆلارەوە دەگرن و نایخەنە بازاڕەوە لەبەر ئەوەی لە گەمارۆدان و جەنگدا شارەزاییان پەیدا کردووە”.

ڕۆژی ١٨ی مانگی کانوونی دووەم، سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی ڕایگەیاندبوو کە دەبێت خشتەیەک بۆ کۆتاییھێنان بە ئەرکی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق دیاری بکرێت، چونکە بۆ سەقامگیریی عێراق گرنگە.

ئێستا لیژنەیەکی باڵای ھاوبەشی سەربازی لە نێوان عێراق و ئەمریکا بۆ کۆتاییھێنان بە ئەرکی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق پێکھێنراوە و تا ئێستا دوو جار لیژنەکە لە بەغدا کۆبووەتەوە.

ئەوەش دوای ئەوە دێت لە ئاکامی ئەو ھێرشانەی کە لە دوای ١٧ تشرینی یەکەمەوە لەلایەن ھێزەکانی ئەمریکاوە کراونەتە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە ژمارەیەک ناوچەی عێراق، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی پشتێنەی بەغدا لە حەشدی شەعبی، موشتاق تاڵب سەعیدی ناسراو بە (ئەبو تەقوا) و دوو فەرماندەی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق، بە ناوەکانی ئەبو باقر ساعیدی و ئەرکان عەلیاوی لەگەڵ ٣٩ چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی کوژراون.

 

کەشناسی دەڵێت لەم ناوچانە بەفر دەبارێت
پێشت کەشناسی دەڵێت لەم ناوچانە بەفر دەبارێت
دادگای فیدراڵی دەربارەی سێ سکاڵای تایبەت بە کەرکووک کۆدەبێتەوە
دواتر دادگای فیدراڵی دەربارەی سێ سکاڵای تایبەت بە کەرکووک کۆدەبێتەوە
ەیوەندیدار