ناوچەكێشەلەسەرەكان دەبنە گۆڕەپانی داعش



 

تیرۆرستانی داعش ماوەیەكە جموجۆڵیان دەستپێكردووەتەوە، شرۆڤەكارێك دەڵێت داعش بە دوای بۆشایی و هەلەوەیە، ڕەنگە ناوچە كێشەلەسەرەكان ئەو بۆشایی و هەلەبن بۆيان، چونكە داعش خۆی لە مەفرەزەی بچووكی گورزوەشێن و شەڕی پارتیزانیدا ڕێكخستووە و ناوچە كێشەلەسەرەكانیش لەنێوان پێشمەرگە و سووپای عێراقدا بوونەتە ناوچەیەكی چۆڵ و كراوە.

ئەبو كاروان ئەندامی پێشووی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ (خەڵك) دەڵێت “داعش و تێرۆرستان هەمیشە بەدوای بۆشایی و هەل دەگەڕێن، بۆ ئەوەش ڕەنگە باشترین جوگرافیا بۆ ئەوەی كارە چەپەڵەكانیان پەیڕەو بكەن، ناوچە كێشە لەسەرەكان بن ، لەم ناوچانە كەلێن هەیە، هەماهەنگی نییە، هەر لایەك چاوی لەلاكەی ترە ئەركە سەربازی و هەواڵگرییەكان جێبەجێ بكات، بۆیە ئەو پێشێلكارییانەی لێدەكەوێتەوە”.

ڕاشیگەیاند “بۆ ئێمە ئەو ناوچانە ناوچەی كێشەلەسەر نین، ناوچەی كوردستانین، ئەوێ خاكمانە، خەباتمان بۆ كردووە، دەبێ بەردوام بین لە داوا و فشار بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئەمنی و هەواڵگری، بایەخی زیاتری پێبدەین، چاودێری چڕ بكەینەوە”.

ئاماژەی بە ئەوەش كرد “شەڕی تێرۆر ئەوەنده هەواڵگرییە، ئەوەندە سەربازی نییە، بۆیە دەبێ گرنگی زیاتر بەو لایەنە بدەین”.

ڕاشیگەیاند “پێویستە لایەنە سیاسییەكان و تیمەكانیان لە پەرلەمانی عێراق ڕۆڵی خۆیان ببینن لە فشار بۆ سەر لایەنی عێراقی و بەمەبەستی هاوئاهەنگی زیاتر بۆ پڕ كردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییە”.

ڕۆژی یەك شەممە لە هێرشێكدا لە خۆرئاوای كەركوك زیاد لە 10 پۆلیسی فیدڕاڵی كوژران و برینداربوون، كە یەكێكیان ڕائیدە.

لە هێرشێكی دیكەشدا لە پارێزگاری دیالە لە قەزای خاڵس هەشت هاووڵاتی سڤیل كوژران.

شەوی ڕابردووش چەكدارەكانی داعش لە سنووری خۆرئاوای كەركوك لە ناوچەی سەرگەڕان هێرشیانكردەوە سەر سووپای عێراق.

لە سنووری پارێزگەی سلێمانیش هێزەكانی ئاسایش گرووپێكی تیرۆرستی سەر بە ئەو ڕێكخراوەیان دەستگیركرد.

لەلایەكی دیكەوە بەپێی سەرچاوە خۆجێییەكان چەكدارەكانی داعش بە تەنها لە عێراق نا، بەڵكو لە سووریاش جموجۆڵیان زیادبووە.

بەپێی زانیارییەكان لە بیابانەكانی سووریا چەكدارەكانی داعش بە ئاشكرا دەركەوتوون، لەوێ بڵاوبوونەتەوە و تۆماری ڤیدیۆییان بڵاوكردووەتەوە.

 

پەبجی مۆبایل و کینتاکی هاوبەشییەک رادەگەیەنن
پێشت پەبجی مۆبایل و کینتاکی هاوبەشییەک رادەگەیەنن
حكومەتی هەرێم: بۆ سەری ساڵ مەراسیم ساز ناكەین
دواتر حكومەتی هەرێم: بۆ سەری ساڵ مەراسیم ساز ناكەین
ەیوەندیدار