كارتی نیشتمانی دەبێتە تاكە پێناسی فەرمی لە فەرمانگەكان



بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی فیدڕاڵی عێراق، تەمەنی پێناسی باری شارستانی و ڕەگەزنامە 17 ڕۆژی ماوە و لە 1ـی ئاداری ئەمساڵەوە تەنیا كار بە كارتی نیشتمانیی دەكرێت لە فەرمانگە حكومییەكاندا، پەرلەمانتارێكیش دەڵێت: “بڕیارێكی فیدڕاڵییە و لە هەرێمیش كاری پێدەكرێت”، هاوكات بەڕێوەبەری ڕەگەزنامە و كارتی نیشتمانی سلێمانی جەختدەكاتەوە، كە هێشتا مامەڵەی دەرهێنان و پێدانی كارتی نیشتمانی بە هاووڵاتیان بەردەوامە.

بەپێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی عێراق، دەبێت لە 1ی 3ی 2024ەوە لە مامەڵەی فەرمانگەكان تەنها كار بە كارتی نیشتمانی بكرێت وەك تاكە بەڵگەنامەی فەرمی.

كاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، كارپێكردنی كارتی نیشتمانی لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لەسەر دەرچووە و دەبێت وەزارەتی ناوخۆی فیدڕاڵی عێراق پێوەی پابەند بێت و بڕیاری لە جێبەجێكردنیشی داوە.

سەبارەت بەوەی ئایا لە هەرێم ئەو بڕیارە كاری پێ دەكرێت، وتی، “بابەتی پێناس بابەتێكی فیدڕاڵییە و هەر بڕیارێك لەو بارەیەوە بدرێت دەبێت هەموو عێراق و هەرێم پێوەی پابەند بێت، چونكە پرسێكی فیدڕاڵییە و ناكرێت لە عێراق جێبەجێ‌ بكرێت و لە هەرێم جێبەجێ‌ نەكرێت”.

لای خۆشیەوە، سیامەند حەمەحسێن، بەڕێوەبەری ڕەگەزنامە و كارتی نیشتمانی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بڕیارەكە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی فیدڕاڵییەوە دەرچووە و لەلایەن ئێمەشەوە كاری پێ‌ دەكرێت، بەڵام بەو جۆرەش نییە، كە لە 1ی ئادارەوە ئەوەی كارتی نیشتمانی نەبێت نەتوانێت مامەڵە لە فەرمانگەكان بكات.

ڕوونیشی كردەوە، حاڵەتەكە بەو جۆرە نییە، كە ئیتر كار بە پێناسی باری شارستانی و ڕەگەزنامە ناكرێت، چونكە هێشتا خەڵك ماوە كارتی نیشتمانی دەربكات یان خەڵك هەیە لە دەرەوەیە و دێتەوە و كارتی نیشتمانی دەردەكات، بۆیە هێشتا كار بە پێناس و ڕەگەزنامە دەكرێت.

جەختیشی كردەوە، دەركردن و پێدانەوەی كارتی نیشتمانی بە هاووڵاتیان بەردەوام دەبێت.

 

بەرپرسێکی سەربازی پارتی هۆشداری لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەدات
پێشت بەرپرسێکی سەربازی پارتی هۆشداری لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەدات
شەپۆلی باران و لافاو دەگاتە هەرێم و پارێزگایەك خرایە ئامادەباشییەوە
دواتر شەپۆلی باران و لافاو دەگاتە هەرێم و پارێزگایەك خرایە ئامادەباشییەوە
ەیوەندیدار