دارا سێکانیانی: پێویستمان بە شیعەکان دەبێت، چونکە هیچ یاسایەک تەنها بە دەنگی کورد تێناپەڕێت



کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان ڕۆژی شەممە بەبێ ئامادەبوونی لایەنە کوردییەکان بەڕێوەچوو، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت: “ئەگەر کاریگەری زۆریشی نەبێت بە دڵنیاییەوە بێ کاریگەری نابێت”.

بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر ئەو هێرش و دەستدرێژییانەی دەكرێنە سەر خاكی عێراق، پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ئەنجامدا، لایەنە کوردییەکان بەشدارییان لە کۆبوونەوە نەکرد و پەرلەمانتارە شیعەکانیش هەڕەشەیان کرد کە لە هەمواری یاسای بودجەدا هەڵوێستیان دەبێت.

بە واژۆی نزیکەی ١٠٣ پەرلەمانتار داواکرا دانیشتنێک تایبەت بکرێت بەوەی کە داوابکرێت هێزەکانی ئەمریکا ناوچەکە بەجێبهێڵن، ڕۆژی شەممە دانیشتنەکە ئەنجامدرا، بەڵام نوێنەری کورد و سوننە ئامادەی دانیشتنەکە نەبوون، ئەمەش ناڕەزایەتی پەرلەمانتارە شیعەکانی بەدوای خۆیدا هێنا.

ئەمڕۆ سێشەممە، دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق تایبەت بۆ (خەڵک) ڕایگەیاند، “پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکگرتوو و کۆمەڵ بەشداری دانیشتنەکەبوون، بەڵام لایەنە کوردییەکانی دیکە بەشدارییان نەکرد”.

ئاماژەی بەوەکرد، “پەرلەمانتارە شیعەکان  گلەییان لە کورد و سوننە کرد و نیگەرانییەکانیان لەوە دەربڕیوە کاتێک هێرشکرایەسەر هەولێر ئەوان ناڕەزایەتیان دەربڕیوە و بە بەشێک لە سەروەری عێراقیان داناوە، بەڵام ئێستا کورد هەڵوێستی نییە، ڕاشیانگەیاند کە ئەوانیش پێویستیان بە شیعەکان دەبێت، ئەو کاتە ئەوانیش هەڵوێستیان دەبێت”.

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەشکرد، “من پێم وایە کورد دەبوو ئامادە ببوایە، لەبەرئەوەی ئێمە کاری زۆرمان ماوە لە پەرلەمان و هیچ پڕۆژەیاسایەک بە تەنها بە دەنگی کورد تێناپەڕێت، پێویستیمان بە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، هەمواری یاسای بودجە و ماددەی ١٤٠ هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا مافە دەستورییەکان و شایستەی دارایی هەرێمی کوردستان”.

سەبارەت بەوەی ئەم هەڵوێستەی کورد زیان بە هەمواری یاسای بودجە دەگەیەنێت، دارا سێکانیانی وتی، “ئەگەر کاریگەری زۆریشی نەبێت بە دڵنیاییەوە بێ کاریگەری نابێت، چونکە ئێمە پێویستمان بە لایەنی شیعەکان و سوننەکان دەبێت، چونکە هیچ یاسایەک بە تەنها بە دەنگی پەرلەمانتاری کورد تێناپەڕێت”.

بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە دەکرا کورد بەشداری کۆبوونەوەکە بکات و دەنگ بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا نەدات، یاخود تێبینی  و سەرنجی تایبەتی خۆیی هەبێت.

دارا سێکانیانی ئەوەشی خستەڕوو، “ئێمە دژی هەر دەستێوەردان و دەستدرێژییەکین و پێویستە ڕەچاوی یاسا نێودەوڵەتییەکان بکرێت، بەڵام هێرشی ئەمریکا بۆ سەر بنکەی گروپە چەکدارەکان بە مانای ئەوە نایەت کە عێراق لەگەڵ ئەمریکا لە شەڕدایە، بەڵکو دەکرێت بە گفتوگۆ و دانیشتن چارەسەربکرێت”.

هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد، “پێویستە عێراق وریابێت لەوەی گروپێکی چەکدار وڵاتەکە پەلکێشنەکاتە ناو شەڕێکی نەخوازراوەوە”.

پاش هەڵگیرسانی شەری حەماس و ئیسرائیل گرژی و ململانێکان بەشێک لە ناوچەکانی گرتەوە و پریشکی شەڕەکەش گەیشتە عێراق، لەلایەن مقاوەمەی ئیسلامیەوە هێرشکرایەسەر بنکەی هێزەکانی ئەمریکا، لە وەڵامی هێرشەکاندا ئەمریکا بنکەی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانی لە عێراق بۆردوومان کرد.

ئەمەش ناڕەزایەتی لایەنە شیعەکانی بەدوای خۆیدا هێنا و داوایانکرد هێزەکانی هاوپەیمانان عێراق بەجیبهڵێن.

وەزارەتی پەروەردە خشتەی بابەتەکانی تاقیکردنەوەی 9ی بنەڕەتی ڕاگەیاند
پێشت وەزارەتی پەروەردە خشتەی بابەتەکانی تاقیکردنەوەی 9ی بنەڕەتی ڕاگەیاند
ئەمریکا هەلی خوێندنی پاڵپشتیکراوی بۆ خوێندکارانی هەرێم ڕاگەیاند
دواتر ئەمریکا هەلی خوێندنی پاڵپشتیکراوی بۆ خوێندکارانی هەرێم ڕاگەیاند
ەیوەندیدار