مێسی دەبێتە هۆی گەڕانەوەی پارەی بلیت بۆ هاندەرانی یارییەک



یاری دۆستانەی یانەی ئینتەرمیامی ئەمریکی کە لیۆنێل مێسی یاریی بۆ دەکات لە هۆنگ کۆنگ، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا بەبێ بەشداری مێسی بەڕێوەچوو، دوای ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان ٥٠٪ی نرخی بلیتەکان درایەوە بە هاندەران.

ئاژانسی تایبەتی تاتلەر ئاسیا لە ڕاگەیەنراوێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام ڕایگەیاندووە، هەستیان بە “پەشیمانی و نائومێدییەکی قووڵ” کردووە بەهۆی ئەو نائومێدییەی هاندەران ئەزموونیان کردووە لە یارییەکەدا، دوای ئەوەی مێسی بە درێژایی یارییەکەی یەکشەممەی ڕابردوو لەسەر کورسی یەدەگ دانیشتووە.

یاریەکەی هۆنگ کۆنگ بە بەشداری نزیکەی ٤٠ هەزار هاندەر بەڕێوەچوو،  هەندێکیان نزیکەی ٥ هەزار دۆلاری هۆنگ کۆنگیان داوە کە دەکاتە ٦٤٠ دۆلاری ئەمریکی بۆ یەک بلیت، بەهۆی ناڕەزایەتی هاندەرانەوە ٥٠٪ی نرخی بلیتەکەیان وەردەگرنەوە.

جیراردۆ مارتینۆ، ڕاهێنەری یانەی ئینتەرمیامی ڕایگەیاند، ستافی تەکنیکی و پزیشکی تیپەکەی ڕایانگەیاندووە کە مێسی بەهۆی دۆخی تەندروستییەوە نەیتوانیوە بەشداری یارییە دۆستانەکەی یەکشەممەی ڕابردوو لە هۆنگ کۆنگ بکات، بەڵام چەند ڕۆژێک دواتر لە خولەکی ٦٠ لە تۆکیۆ  لە خولی ژاپۆنی وەک یاریزانی یەدەگ بەرامبەر ڤیسێل کۆبێ بەشداری کرد.

ئاژانسی تاتلەر ئاسیا ئاماژەی بەوەشکردووە، زانیمان میسی بەشداری یارییەکە ناکات و داوامان لە کارگێڕی ئینتەرمیامی کرد داوای لێبکەن کە هۆکاری بەشدارینەکردنی لە یارییەکەدا ڕوونبکاتەوە.

لە یارییەکەی ژاپۆن کە لە یاریگای نیشتمانی لە تۆکیۆ بەڕێوەچوو، ژمارەیەکی زۆر کورسی بەتاڵ بوو و ڕێکخەرانیش تەنها ٢٨ هەزار و ٦١٤ بلیتیان فرۆشت.

میدیای دەوڵەتی چین و سیاسەتمەدارانی هۆنگ کۆنگ و بەشێک لە هاندەرانی تۆپی پێ ڕۆژی چوارشەممە ڕەخنەیان لە بەشداریکردنی مێسی گرت لە یارییەکەی ژاپۆن، لە هەمان کاتدا ڕۆژنامەی گڵۆباڵ تایمزی دەوڵەتی چین ڕایگەیاند کە ئامادەنەبوونی مێسی لە یارییەکەی ڕۆژی یەکشەممەدا پرسیاری زۆر لەسەر هۆنگ کۆنگ دروست دەکات کە بە شێوەیەکی جیاواز مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

لەبارەی ڕێککەوتنێکی نێوان هەرێم و بەغدا زانیاری نوێ دەخرێتەڕوو
پێشت لەبارەی ڕێککەوتنێکی نێوان هەرێم و بەغدا زانیاری نوێ دەخرێتەڕوو
مەزڵوم عەبدی هۆشداری لە پەرەسەندنی ململانێکان دەدات
دواتر مەزڵوم عەبدی هۆشداری لە پەرەسەندنی ململانێکان دەدات
ەیوەندیدار