مەزڵوم عەبدی هۆشداری لە پەرەسەندنی ململانێکان دەدات



مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی باڵای هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ڕۆژئاوای کوردستان هۆشداریدا لە پەرەسەندنی ململانێکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێرشەکانی گروپەکانی سەر بە ئێران لە عێراق و سووریا و ڕایگەیاند، “ڕەنگە ببێتە دەرگایەک بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش”.

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات-هەسەدە لەڕێگەی بەرنامەی زوومەوە کۆنفرانسێکی بۆ ڕۆژنامەنووسان لە واشنتۆن سازکرد، تیایدا هەڕەشەکانی بەردەم شەڕڤانەکانیانی خستەڕوو، کە هێزێکی ئەمنیی سەرەکین و ڕێگری لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش دەکەن.

ئەمریکا نزیکەی ٩٠٠ سەربازی لە رۆژئاوای کوردستاندا هەیە و لەگەڵ هێزەکانی “هەسەدە” وەک بەشێک لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش کاردەکەن.

مەزڵوم عەبدی هۆشداری توندی دا، کە زیادبوونی هێرشەکانی گروپە هاوپەیمانەکانی ئێران لە ناوچەکەدا کاریگەری لەسەر ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکانیان هەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، “بەم هەموو گرژیانە و هەموو ئەم هێرشانە بۆ سەر هێزەکانمان و لە ناوچەکانمان لە لایەنی جیاوازەوە، دەبینین کە داعش سوود لەم هەموو هێرشانە وەردەگرێت”.

میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق و سووریا لە دوای هێرشەکەی حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەم بۆ سەر ئیسرائیل و شەڕی کەرتی غەززە، هێرشەکانیان بۆ سەر سەرباز و پێگەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا زیادکردووە.

لەو چوارچێوەیەدا کوژرانی سێ ئەندامی سوپای ئەمریکا، لە کۆتایی مانگی ڕابردوو لە ئوردن گرژییەکانی زیاتر کرد و دەیان هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەستیپێکرد.

هێزەکانی سوریای دیموکرات وەک هاوپەیمانی نزیکی ئەمریکا کەوتوونەتە ژێر هێرشەوە و سەرەتای ئەم هەفتەیە شەش شەڕڤانیان شەهید بوون، لە هێرشێکی میلیشیایەکی سەر بە ئێراندا لە سووریا بۆ سەر بنکەیەک کە سەربازانی ئەمریکای تێدا ئامادەن.

ئەوەشی خستەڕوو، “بینیمان کە ئامانجی سەرەکی پشت ئەم هێرشانە بۆ سەر بنکە هاوبەشەکانمان و بنکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ناچارکردنی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانە لە سووریا بۆئەوەی بکشێنەوە”.

مەزڵوم عەبدی، ئاماژەی بەوەشکرد، “هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات و لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد لە سووریا زیاتر هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەکە دەکات”.

ناوبراو داوایکرد ئەمریکا کاریگەری زیاتر بەسەر ئەنقەرەدا هەبێت بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشانەی کە “ژێرخانی سڤیل و سەربازیی دەکەنە ئامانج”.

لە مانگی تشرینی یەکەمدا ئەمریکا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیای لە ڕۆژئاوای کوردستان خستەخوارەوە و ڕایگەیاندبوو کە ئەمە مەترسییە بۆ سەر سەربازانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

مەزڵوم عەبدی وتی، لەو کاتەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا لەلایەن هێزی ئاسمانی ئەمریکاوە خراوەتە خوارەوە، نابینین نیەتێک هەبێت لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە بۆ نزیکبوونەوە لە بنکەکانی ئەمریکا، وەک ئەوەی ساڵی رابردوو ڕوویدا”.

هاوکات مەزڵوم عەبدی وتیشی کە نیگەرانن لە فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی F-16 لەلایەن ئەمریکاوە بە تورکیا، کە دوای ئەوەی ئەنقەرە بەدواداچوونی بۆ پەسەندکردنی پەیوەستبوونی سوید بۆ ناتۆ کردووە ئەوەش پەسەند کراوە.

مێسی دەبێتە هۆی گەڕانەوەی پارەی بلیت بۆ هاندەرانی یارییەک
پێشت مێسی دەبێتە هۆی گەڕانەوەی پارەی بلیت بۆ هاندەرانی یارییەک
نرخی مریشک بەرزبوەوە
دواتر نرخی مریشک بەرزبوەوە
ەیوەندیدار