وتەبێژی حکومەتی هەرێم گەندەڵییەکانی حکومەتی عێراق بڵاودەکاتەوە



پێشەوا هەورامانی بەشێك لەو گەندەڵییانەی حکومەتی عێراق بڵاودەکاتەوە کە لە چەند سەرچاوەیەکی میدیاییدا باسکراون و داوای لیستی ئەو گروپانەش دەکات کە هەریمی کوردستان بۆردوامن دەکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بابەتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت: “لەوەتەی درووستبوونی کێشەکان لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هەر ڕۆژەو بابەتێکی تازە دەخرێتە بەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستان بەمەرجی ناردنی موچەو مافی خەڵک،لەکاتێکدا ئێمە ڕوون و ئاشکرا هەموو شتێکمان پێشکەشی حکومەتی فیدراڵ کردووە!”.

دەشڵێت: “لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە، ئایا ئەم شەفافییەت و تەوزیحەی لە ئێمەیان دەوێت لای ئەوان هەیە؟”.

وتەبێژی حکومەتی هەرێم بە پشتبەستن بە هەواڵی چوار دەزگای میدیایی “باوەڕپێکراو” چەند گەندەڵییەکی حکومەتی عێراق بەم شێوەیە دەخاتەڕوو:

ئەلجەزیرە، 20%ی پارەی مووچەی عێراق بۆ مووچەخۆری وەهمی دەڕوات کە نزیکی 10 ملیار دۆلاری ساڵانەیە کە زیاترە لە موچەی هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

ئەلحوڕە: 300 ملیار دۆلار لە عێراق بۆ پڕۆژە و مووچەی وەهمی چووە.

ئەلبەغداد ئەلیەوم: لە لیستی خانەنشینانی عێراقدا، 22 هەزار مووچەخۆری وەهمی هەن کە 800 ملیار دینار لە خەزێنەی عێراق دەبەن.

بی بی سی: ساڵی 2014 حکومەتی عێراق خۆی دانی بەوەدا ناوە کە 50 هەزار سەربازی وەهمی مووچەیان لە خەزێنەی عێراق وەردەگرن،وەهمی نەک بندیوار!.

پێشەوا هەورامانی دەپرسێت: “ئایا کەس لیستی ئەو گروپە میلیشیانەی لەلایە کە هەرێمی کوردستان بۆردومان دەکەن؟”.

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێیوایە چارەسەرنەکردنی پرسی مووچەی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە گەندەڵییەوە نییە و دەڵێت: “ئەگەر بابەتەکە گەندەڵییە، دەبوو مووچەی خەڵکی هەموو پارێزگاکانی عێراق رابگیرایە، نەک وەکو ئەوەی هەندێک موراهیقی سیاسی ناوخۆیی دەڵێن لەبەر خاتری شەریف ناوێک گەلێک لە کوردستان برسیکراوە!”.

فڕۆکەکانی تورکیا خانووی گوندنشینێکی شارباژێڕیان خاپوور کرد
پێشت فڕۆکەکانی تورکیا خانووی گوندنشینێکی شارباژێڕیان خاپوور کرد
“بەغدا ڕاستەوخۆ مووچە بدات، ئیتر پێویست بە مانەوەی هەرێمی کوردستان ناکات”
دواتر “بەغدا ڕاستەوخۆ مووچە بدات، ئیتر پێویست بە مانەوەی هەرێمی کوردستان ناکات”
ەیوەندیدار