نوێنەرانی کورد لە بەغدا چی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم دەکەن؟



قەیرانە یەک لە دوای یەکەکان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامن، بێ مووچەیی تەنگی بە هاووڵاتییان هەڵچنیوە، ساڵی ڕابردوو تەنها ٩ مووچە دابەشکرا، ئەمساڵیش دیارنییە گرفتی مووچە چارەسەر دەبێت یاخود نا.

مامۆستایان و وانەبێژان زیاتر لە چوار مانگ دەبێت بایکۆتی پڕۆسەی خوێندنیان کردووە، چارەنووسی کەرتی پەروەردە لە مەترسیدایە، وێڕای فشارەکان بۆ شکاندنی بایکۆت مامۆستایان جەخت لە جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان لە دابەشکردنی مووچە لە کاتی خۆیدا، پلە بەرزکردنەوە و دامەزراندنی وانەبێژان دەکەنەوە.

هەمواری یاسای بودجە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، حکومەتی عێراقیش بڕیاری داوە مانگانە ٦١٨ ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بنێرێت، تا ئەو کاتەی هەمواری یاساکە دەکرێت، بەڵام میکانیزم و کاتی ناردنی پارەکە دیار نییە.

نەرمین مەعروف، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بۆ تۆڕی میدیایی خەڵک ڕایگەیاند، “لە یاسای بودجەی ئەمساڵدا گرفتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر دەکرێت”.

 

خەڵک: کەی هەمواری یاسای بودجە دەکرێت؟

نەرمین مەعروف: هەمواری یاسای بودجە بەپێی ماددەی ٧٧ یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ بڕگەی دووهەمی کە پشتبەستە بە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی تایبەت بە بودجەی سی ساڵە، حکومەت پێش تەواوبوونی ساڵی دارایی دەبێت خشتەی نوێی داهات و خەرجییەکانی بنێرێتەوە بۆ پەرلەمان، لەوێ بۆ ساڵی نوێ پەسەندبکرێت.

ساڵی پار بەهۆی پشووی پەرلەمانی عێراق و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، هەمواری یاسای بودجە دواکەوت و لە کاتی خۆیدا نەنێردرا، جاوەڕوان دەکرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا دوای ئەوەی لە ئەنجومەنی وەزیران پەسەندکرا هەموارەکە بنێردرێت بۆ پەرلەمان، خوێندنەوەی یەکەم و دووەم، ئینجا دەنگدانی لەسەر بکرێت، دەتوانم بڵێم هەمواری یاساکە دەکەوێتە کۆتای مانگی شوبات و سەرەتای مانگی ئادار.

 

خەڵک: بەغدا پارەی مووچە بۆ هەرێم دەنێرێت؟

نەرمین مەعروف: وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق بە نووسراوێک لە ١٦ ئەم مانگە ئاڕاستەی دامودەزگاکانی حکومەتی کردووە، لە نێویشیاندا نووسراوەکە بۆ دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان چووە، جەختیکردوەتەوە لەوەی کە مانگانە ٦١٨ ملیار بۆ هەرێم دەنێرن و چاوەڕوانی هەمواری یاسای بودجە نابن، بە مەرجی ناردنی لیستی مووچەخۆران بە (ناوی سیانی، مووچەی بنەڕەتی، لێبڕین و دەرماڵە) تا بتوانن تا کاتی هەموارەکە بەردەوامبن لە ناردنی مووچە.

 

خەڵک: میکانیزم و ڕێکارەکانی ناردنی ٦١٨ ملیارەکە بە چ شێوازێکە؟

نەرمین مەعروف: میکانیزم و ڕێکارەکانی ناردنی پارەکان لە چوارچێوەی کارەکانی وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێمە، ئەو بڕە پارەیەی کە دیاریکراوە بۆ هەرێم بنێردرێت ٦١٨ ملیار دینارە و بەشێوەی قەرز نییە، بەڵکو لە پشکی ٪١٢.٦٧ هەرێمە لە بودجەی گشتی عێراق، چاوەڕوان دەکرێت پاش گەیشتنی زانیارییەکان و وردبینی کردن بۆ لیستی ناوی مووچەخۆرەکان ئەو بڕە پارەیە بنێرێت.

لێکتێگەیشتن لەنێوان شاندی هەرێم و بەغدا هەیە، بۆئەوەی پرسی مووچەی فەرمانبەران بەتەواوی چارەسەرببێت، لە ڕێگەی هەمواری یاسای بودجەی ٢٠٢٤.

 

خەڵک: گرفتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەر دەکرێت؟

نەرمین مەعروف: ئەوەی زامنی مووچە دەکات، ئەو لێکتێگەیشتن و کۆدەنگیەیە کە هەیە، بۆ ئەوەی مووچە جیابکرێتەوە لە کێشە و ئاڵۆزییەکان، هاوشێوەی خەرجییە حاکیمەکانی دیکە.

وەزارەتی دارایی ئامادەیی دەربڕیوە کە مانگانە ٦١٨ ملیار بۆهەرێم بنێرێت و ئەمەش بە نووسراو هەیە، بۆ ناردنی پارەکەش چاوەڕوانی هەموارەکە ناکەن، ئەمەش ئاماژەیەکی ئەرێنی و دڵخۆشکەرە، بۆ ناردنی پارە بۆ هەرێم مانگانە لە کاتی خۆیدا.

 

خەڵک: چارەنووسی مووچە لێبڕاو و پاشەکەوتکراوەکانی ساڵانی ڕابردوو چی لێدێت؟

نەرمین مەعروف: ماددەیەک هەیە لە یاسای بودجەی ساڵانی ڕابردوو، باس لە پاکتاوی دارایی دەکات، لە نێوان هەرێم و بەغدا بۆ هەموو ئەو ساڵانە، هەر بۆیە هەردوو حکومەت لەنێوان خۆیاندا دەبێت ئەم پاکتاوە داراییە ئەنجامبدەن، بۆئەوەی بزانن مافی چ لایەک بەسەر لایەکی دیکەوە هەیە.

لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا حکومەتی هەرێم پشکی خۆی لە بودجە وەرنەگرتووە، ئەگەر هەرێم بتوانێت لەو پاکتاوە داراییە بیسەلمێنێت مافی کەوتووەتە لای حکومەتی عێراق، دەتوانرێت سوودی لێ ببینرێت بۆ گێڕانەوەی مووچەی فەرمانبەران، بەڵام ئەوەی گرنگە دووبارەنەبوونەوەی دواکەوتن و پاشەکەوتی مووچەیە، هەر بۆیە لە ٤ مانگی ڕابردوودا کارمان بۆ جیاکردنەوەی مووچە کردووە لە پابەندییەکانی هەرێم بە یاسای بودجە.

 

خەڵک: لە هەمواری یاسای بودجە نرخی نەوت بە چەند دەخەمڵێنرێت؟

نەرمین مەعروف: یەکێک لەو هۆکارانەی کە تا ئێستا هەمواری یاسای بودجە نەگەیشتووەتە پەرلەمان ئەوەیە کە حکومەتی فیدراڵ دەیەویت خەمڵاندنی ورد بۆ نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بکات، چونکە ٪٩٥ داهاتی عێراق پشتی بە نەوت بەستوووە، بۆیە حکومەت دەیەوێت دڵنیاببێتەوە لە ئاڕاستەی نرخی نەوت لە داهاتوودا، بۆئەوەی لەسەر ئەو پێشبینینیانە خشتەی داهات و خەرجییەکان بنێرێت بۆ پەرلەمان.

پار نرخی نەوت ٧٠$ بوو، بەڵام لە هەندێک ڕۆژدا دەگەیەشتە سەروو ٨٠ $، بۆ ئەمساڵ پێشبینی دەکرێت نرخی نەوت لە ٧٠$ بۆ ٧٥$ بخەمڵێنرێت بۆ هەر بەرمیلێک نەوت کە دەفرۆشرێت.

 

خەڵک: نوێنەرانی کورد لە بەغدا پاڵپشتی مامۆستایانی ناڕازییان کردووە؟

نەرمین مەعروف: سەبارەت بە مامۆستایانی ناڕازی، چەند ڕۆژێک پێش ئێستا لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی دارایی و دوو ئەندامی تر لە لیژنەکە پێشوازیمان کرد لە نوێنەری مامۆستایانی هەرێمی کوردستان، دووپاتی هەڵوێستی خۆمان کردەوە بۆ پشتیوانی داواکاری مامۆستایان، بەردەوامدەبین لە هەوڵەکانمان تا ئەو کاتەی گرفتی مووچە بەتەواوی چارەسەر دەبێت لە هەرێمی کوردستان، داکۆکی لە مافی مووچەخۆران لە بەغدا دەکەین.

بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی: پابەندبوونی شۆفێران بە خێرایی زیادیکردووە
پێشت بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی: پابەندبوونی شۆفێران بە خێرایی زیادیکردووە
دوو برای تۆمەتباری کوشتنی پۆلیسەکەی سلێمانی دەستگیرکران
دواتر دوو برای تۆمەتباری کوشتنی پۆلیسەکەی سلێمانی دەستگیرکران
ەیوەندیدار