پەروەردە هەڕەشەی سزادان دەکات و مامۆستایانیش پەنادەبەنە بەر دادگای فیدڕاڵی



پاش نزیکەی پێنج مانگ لە خۆپیشاندان و بایكۆتی مامۆستایان، بڕیاری پەروەردەكانی سلێمانی و دەوروبەری بۆ دەستپێكردنەوەی دەوام، دەنگۆی سزادانی مامۆستایان لەلایەن پەروەردەكانەوە بڵاوكراوەتەوە و ئەندامێكی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایان دەڵێت: “سزادانی مامۆستایان نایاساییە”.

بەرهەم مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سکرتارییەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان‏ بۆ تۆڕی میدیایی خەڵک ڕایگەیاند، “تا ئێستا بەشێک لە خوێندنگاکان بایکۆتیان شکاندووە، بەڵام ڕێژەیەکی کەمە و پێی ناوترێت دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن”.

ئاماژەی بەوەکرد، “ئێمە لەبری زمانی فشار و هەڕەشە، چاوەڕێی ئەوەبووین بە لێکتێگەیشتنەوە هەوڵی جێبەجێکردنی داواکاریی مامۆستایان بدرێت”.

سەبارەت بە سزادانی مامۆستایان ئەوەی خستەڕوو، “ئەم سزایانەی کە بڵاوبوونەتەوە شوێن ناگرێت، بەپێی یاسای ئینزیباتی و خزمەتی باری شارستانی گرێبەستێک هەیە لەنێوان فەرمانبەر و حکومەتدا کە دەبێت مووچەی مامۆستایان ٣٠ ڕۆژ جارێک دابەشبکرێت، بەڵام ئێستا چەندین مانگ بەسەر دواکەوتنی مامۆستایان تێپەڕیووە”.

وتیشی، “لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەگەر بزانین ئەم هەڕەشە کردنانە بەردەوامدەبێت، هەمووی دەکرێتە دۆسیە و دەبرێتە بەغدا، ئەو کاتە شەرمەزاری بۆ حکومەت دەمێنێتەوە، چونکە لە بنەڕەتدا ئەو مافی مامۆستاکەی پێشێل کردووە”.

مامۆستا بەرهەم مستەفا لە ڕێگەی تۆڕی میدیایی (خەڵک) پەیامێکی ئاڕاستەی بەڕێوەبەری پەروەردەکان کرد و ڕایگەیاند، “دەبوایە بە زمانی لێکتێگەیشتن و ڕازی کردن هانی مامۆستایان بدەن بگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن، نەک هەوڵبدرێت بە هەڕەشە و فشار مامۆستایان ناچاربکەن”.

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، گەڕانەوەی مامۆستایان بۆ هۆڵەکانی خوێندن تەنها پاش جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان دەبێت، کە دابەشکردنی مووچە لە کاتی خۆیدا، پلەبەرزکردنەوەی مامۆستان و دامەزراندنی وانەبێژان لەخۆدەگرێت.

مامۆستا بەرهەم مستەفا، ئاشکراشیکرد، “هەموو پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان تەنها ٢٥ ملیار دیناری دەوێت کە حکومەت ناچێتە ژێرباری”.

ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازی و وانەبێژان لە دوکان و ڕانیە ئەنجامدرا، جەختیان لە جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان کردەوە.

هاوکات بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، کاتژمێر ٢ی پاش نیوەڕۆ مامۆستایان کۆنگرەیەک ئەنجامبدەن، هەڵوێستی کۆتاییان دەربارەی پڕۆسەی خوێندن ئاشکرا بکەن.

 

یەحیا ڕەسول: وەك كردەوەی شەڕانگێزی مامەڵە لەگەڵ بۆردومانەكانی ئەمریكا دەكەین
پێشت یەحیا ڕەسول: وەك كردەوەی شەڕانگێزی مامەڵە لەگەڵ بۆردومانەكانی ئەمریكا دەكەین
20 مین و پارچە تەقەمەنی دۆزرانەوە
دواتر 20 مین و پارچە تەقەمەنی دۆزرانەوە
پەیوەندیدار