یەکێتی: هەق نییە لەمە زیاتر رێگا بدرێت پرۆسەی خوێندن دوابکەوێت



ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان داوا لە مامۆستایانی ناڕازی دەکات بایکۆت بشكێنن و بگەرێنەوە هۆڵەکانی خوێندن، دەشڵێت:” ئەنجامی ماوەی زیاتر لە سێ مانگ خۆپیشاندان و بایکۆتی مامۆستایان، دەریخستووە کە بەردەوامی بایکۆت تەنها لەم سنورە، جگە لەوەی سلێمانی و دەوروبەری و خوێندکارانی ئەم دەڤەرە زەرەرمەندی سەرەکی دەبن، هیچ ئەنجامێکی دیکەی لێ بەدینەهاتووە و مەترسی فەوتانی یەک ساڵی خوێندنی لەسەر ئەم دەڤەرە دروستکردووە”.

ئەمرۆ ٢٢/١/٢٠٢٤ ئەنجومەنی سەرکردایەتی بەسەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هۆڵی کۆبوونەوەکان لە سلێمانی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا پرسی بایکۆتی مامۆستایان لەسنوری پارێزگاکانی سلێمانی ، هەڵەبچە، ئیدارەی گەرمیان و راپەرین . یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان هەمیشە پشتگیری خۆی بۆ مافی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم دەربریووەو هەموو تواناکانی خۆیان خستوەتەگەر لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران و مووچەخۆران بەگشتی و سەردانە بەردەوامەکانی شاندی باڵای یەکێتی بۆ بەغدا گەواهی بۆ ئەو راستیە دەدات، بەڵام ئەنجامی ماوەی زیاتر لە سێ مانگ خۆپیشاندان و بایکۆتی مامۆستایان، دەریخستووە کە بەردەوامی بایکۆت تەنها لەم سنورە ،جگە لەوەی سلێمانی و دەوروبەری و خوێندکارانی ئەم دەڤەرە زەرەرمەندی سەرەکی دەبن، هیچ ئەنجامێکی دیکەی لێ بەدینەهاتووە، مەترسی فەوتانی یەک ساڵی خوێندنی لەسەر ئەم دەڤەرە دروستکردووە،کە کاریگەریێکی زۆر نەرێنی لە بواری زانستی ،پەروەردەیی، کۆمەڵایەتی ،مەعنەوی و مێژوویی بەسەر ئەم دەڤەرە بەجێ دێڵێت.

ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی دەشڵێت:” کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان بە ئەرکی حكومەتی هەرێم و مامۆستایان و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و سەکۆکانی میدیا دەزانیین کە ئەم ئەرکە مێژووییە هاوبەشە جێبەجێ بکەن و دەستخۆشی لەو مامۆستا بەرێزانە دەکەین کە بەگیانێکی بەرپرسیارانە گەراونەتە قوتابخانەکان، لەهەمان کاتدا داوا لە مامۆستا بەرێزەکانی دیکە دەکەین کە کۆتایی بەبایکۆت بێنن وبەشێوازێکی دیکە بەرگری لە مافەرەواکانی خۆیان بکەن ، چونکە دەکرێ لەئایندەدا دواکەوتنی مووچە قەرەبوو بکرێتەوە .بەڵام لەدەستدانی ساڵێک لەپرۆسەی خوێندن بەهیچ شێوەیەک قەرەبوو ناکرێتەوەو دەبێتە بەشێک لە مێژوویەکی ناخوازراو .بۆیە خۆمان بەبەرپرسیار دەزانین لە چارەنووسی خوێندنی ئەمساڵی مناڵەکانمان و هەق نییە لەمە زیاتر رێگا بدرێت پرۆسەی خوێندن دوابکەوێت، باهەموومان پێکەوە بیر لەسلێمانی و دەورووبەری و لە ئایندەو چارەنووسی نەوەکانی ئەم دەڤەرە بکەینەوە”.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە یەکێتی لەگەڵ یەکریزی و تەبایی و رێکخستنی ناوماڵی کوردە ،هەروەک لەگەڵ تەبایی و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدرالە کە خزمەت بە سەقامگیریی سیاسی و ئیداری و خزمەتگوزاری لەهەرێم و ناوچەدابرێنراوەکان و هەموو عیراق دەگەیێنێت.

” یەکێتی لەگەڵ هەموو هێزە کوردستانی و عيراقییەکان دانوستان دەکات و هێڵی سوور بەرامبەر هیچ پێکهاتەێیک نییە بۆ گەیشتن بە پێکهێنانی ئیدارەیێکی بنکەفراوانی خزمەتگوزار لە کەرکوک و ناوچە دابرێنراوەکانی دیکە بەبێ جیاوازی نەتەوەیی و مەزهەبی و سیاسی” ئەوەش بە پێی راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی.

هەروەها بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە خۆئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی کوردستان ،کە گەرەکە هەڵبژاردنێکی پاک و شەفاف ئەنجامبدرێت و بۆ ئەو مەبەستەش کۆبوونەوە هێڵە گشتییەکانی نەخشەرێگایەکی نوێی بۆ سەرکەوتنی یەکێتی لەو هەڵبژاردنەدا خستەروو.

کەشناسی: ئەمشەو سبەینێش باران بارین بەردەوام دەبێت
پێشت کەشناسی: ئەمشەو سبەینێش باران بارین بەردەوام دەبێت
بەهێزترین شەپۆلی موگناتیسی خۆر دەگاتە زەوی
دواتر بەهێزترین شەپۆلی موگناتیسی خۆر دەگاتە زەوی
ەیوەندیدار