حاجی سادق کێ یە؟ کە لەلایەن ئیسرائیلەوە لە سووریا کوژرا



میدیاکانی ئێران کوژرانی بەرپرسی هەواڵگری سوپای قودس و جێگرەکەیان لە سووریا ڕاگەیاند، کە لە بۆردومانەکەی ئیسرائیلدا ڕۆژی شەممە، 20-1-2024  لە گەڕەکی مزە لە دیمەشقی پایتەخت کرانە ئامانج .

 

سوپای پاسداران، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: چوار ڕاوێژکاری سەربازی ئێران، لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزەکانی سووریا لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کوژراون و ئیسرائیلیش بە تۆمەتباری سەرەکی ئەم کردەوەیە ناو دەبات .

 

بەپێی بەیانامەکەی سوپای پاسداران، حوجەتوڵڵا ئومێد زادە، ناسراو بە حاجی سادق، عەلی ئاغازادە و حوسێن محەمەدی و سەعید کەریمی، لە کەسایەتییە دیارەکانی نێو هەواڵگری فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانن کە گیانیان لە دەستداوە.

 

ئومێدزادە کێیە؟

 

یوسف ئومێدزادە ناسراو بە(حاجی سادق) بەرپرسی هەواڵگری فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانە.

 

لەدایکبووی تارانی پایتەختە و وەک فەرماندەی فەیلەقی قودس لە سووریا مامەڵەی کردووە، کە پێشتر ژەنەراڵ ڕەزا موسەوی، لەو پۆستەدا بوو، کە لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوودا کوژرا.

 

حاجی سادق لە کاتی بە بارمتە گیران لەلایەن هێزەکانی جەبهەتولنوسرە لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئاڵۆزییەکانی سووریادا لەنێو زیندانیانی ئێرانی بووە و دواجاریش بەهۆی ئاڵوگۆڕی گیراوانی نێوانیان لە بارمەتەیی ئازاد بووە، بەپێی ڕاپۆرتی میدیا ئێرانییەکان.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێک کە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست چەند مانگێک لەمەوبەر بڵاویکردۆتەوە، حاجی سادق، ئەو ئامانجە ئەمریکیانەی دەستنیشانکردووە، کە پێویستە لە سووریا هێرشیان بکرێتە سەر، هەروەها لە ئۆپەراسیۆنەکانی کە هێزەکانی ئەمریکای تیا دەکرایە ئامانج راوێژی پێدەکرا.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا کە لەسەر بنەمای بەڵگەنامە دزەپێکراوەکان نووسراوە، “ئومێد زادە” سەرکردایەتی پلانەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانی کردووە لە سووریا دژی هێزەکانی ئەمریکا.

 

هێرشە نوێیەکەی سەر ئەندامانی سوپای پاسدارانی ئێران لە سووریا، دوای چوار هەفتە دێت لە کوژرانی ڕەزا موسەوی، بەرپرسی باڵای فەیلەقی قودس، لە هێرشێکی هاوشێوەدا لە گەڕەکی سەیدە زەینەب لە دەوروبەری دیمەشق.

 

پێشتر بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە بارەگای فەرماندەیی سەربازی لە تەلئەبیب، لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە هێرشی سەر ئێران، ئاماژەی بەوەدا؛ وڵاتەکەی لە ئێستاوە “هێرش” دەکاتە سەر ئێران، بەڵام نەچووە ناو وردەکاری زیاتر.

وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ئامانجەکان بۆ لەناوبردنی حەماس بەدی نەهاتووە
پێشت وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ئامانجەکان بۆ لەناوبردنی حەماس بەدی نەهاتووە
بانكی ناوه‌ندی عێراق خستنه‌ڕووی دۆلاری بڵاوکردەوە
دواتر بانكی ناوه‌ندی عێراق خستنه‌ڕووی دۆلاری بڵاوکردەوە
ەیوەندیدار