ئایندەیەكی تەماوی



سەڵاح ڕەشید

ئەوەی زۆر رونە و رۆژ بە رۆژ زیاتر ئاشكرا دەبێت، ئەوەیە كە بارودۆخی كوردستان، عێراق، ناوچەی ناوەراست و زۆر شوێنی تر بەرەو نادیاری و گرژی و ئاڵۆزی دەچێت و دیار نیە سبەینێ چی روئەدات.

هێزە دەسترۆشتوەكانی ئەم هەرێمە بەم عەقڵیەتەی حوكمرانیە، نە ئێستا و نە لە ئایندەیەكی نزیكدا ناتوانن چارەسەری بنەرەتی كێشە گرنگ و چارەنوسازەكان بكەن، خەمی سەرەكی ئەوان هەوڵدانە بۆ جەسپاندنی دەسەڵاتی بنەماڵە و كەسانی دەوروپشتیان.
بە ئاشكرا هەردوو هێزی سەرەكی بەسەر دو بەرەی جیاوازی دژ بەیەكدا دابەش بون.
پارتی خۆی لە میحوەری توركیا و ئەمەریكی و یەكێتی لە هی ئێرانیدا دۆزیوەتەوە، ئەم دو هێزە هاوپەیمانی ئەم دەوڵەتانە نین، بەڵكو كار بۆ بەرژەوەندی ئەوان دەكەن و هیچ كاریگەریەكیان لەسەر بڕیاری سیاسی ئەم دو دەوڵەتە نیە.

پارتی خۆی خستۆتە ئەو بەرەیەی كە پێویستە كار و چالاكی حیزبی و حكومی لە بەرژەوندی توركیادا بێت، دۆست و دوژمنی پارتی لە روانگای بەرژەوەندی توركیاوە دەستنیشان دەكرێت، بێ ئەوەی توركیا گرنگی بەو هەڵوێستانەی بدات و زۆر بێمنەتە. داخستن و پەك خستنی ناردنی نەوتی هەرێم لە رێگای توركیاوە بۆ دەرەوە و بوردومانی رۆژانەی فرۆكەی توركی بۆسەر شار و شارۆچكەكانی هەرێم، نیشانەیەكی دیارە بۆ بایەخنەدانی ئەو وڵاتە بە بەرژەوندیەكانی ئەم هەرێمە. توركیا نە لە رابوردودا و نە لە ئایندەیەكی نزیكدا نابێتە دۆستی راستەقینەی كورد، بەڵام دراوسێیەكە و گرنگ و پێویستە هەوڵبدرێت پەیوەندیەكی تەندروستی لەگەڵدا دروست بكرێت.

ئەمەریكا مێژویەكی هەمە رەنگ و دێرین و تاڵی لە گەڵ كوردا هەیە، هەرەسی ١٩٧٥ نێشانەیەكی زیندوی ئەو پەیوەندیەیە، ئەمانیش وەك هەر وڵاتێكی تری سەر ئەم زەمینە، بەرژەوەندی سەرەكی خۆی لە پێش هەمو بەرژوەندیەكی ترەوە دەبینێ، ئەمە وڵاتێكی زلهێزە نەك ریكخراوێكی خێرخوازی تا هاوكاری گەلان و وڵاتانی دنیا بكات و لەبەر خاتری پێشێلنەكردنی پرنسیپەكانی مافی مرۆڤ بەزەیی بە میللەتانی ژێر دەستدا بێتەوە.

كورد نە خاوەنی ‌هێزی ئەتۆمیە و نە خاوەن تەكنەلۆجیای نوێی جیهانیە و نە لەشكری سوری سۆڤێتی هەیە تا بتوانێت هاوكاری ئەمەریكا بكات، كورد چاوەرێی رەحمەت و پارە و چەك و پشتگیری سیاسیەتی.

ئەمەریكا لەبەر بەرژەوەندی خۆی پشتگیری سنورداری رۆژئاوای كوردستان دەكات، ئەویش لەبەر دژایەتی دەسەڵاتی ئێرانی و روسی و سوریە، ئەگینا فرۆكەی جەنگی توركی ناوبەناو هێرش دەكەنە سەر دام و دەزگا جیاوازەكان و كیڵگە نەوتیەكان و ژێرخانی ئابوری ئەو ناوچەیە و ئەمان ئامادەنین، نەك بەرگریان لێبكەن، بەڵكو ئیدانەی زارەكی ئەو هێرشانەش ناكەن.

هاوكاری و پشتگیری ئەمەریكا بۆ هەرێمی كوردستان، بە هەمان شێوەی وڵاتانی ترە، ئەم هاوكاریە لەبەر خاتری كورد نیە، بەڵكو لە دژی پەرەسەندنی هەژمونی ئێرانە لە كوردستان و عێراق.

كەمكردنەوەی ٢٥٪ هاوكاریەكانی ئەمەریكا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، كۆتایی هێنانی لە ٢٠٢٦ نیشانەی دیاری سیاسەتی ئەو زلهێزەیە.

بێگومان نە كوردستان و نە عێراق لەو ناوچە گرنگانە نین بۆ ئەمەریكا كە لە پیشەوەی ئەجندەی ئەودا بێت، زۆر وڵات و جێگای تر هەن كە زۆر لە پێش ئێمەون، ئەوە ئۆكرانیا، فەلەستین و غەزە، چین و سۆڤێت و كۆریای باكور و وا كێشەی دەریای سور (یەمەن)ی بۆ زیاد بو، ئەمانە هەموی لە كاتێكدایە كە لە ٤ی تشرینی دوهەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەنجام ئەدرێت و دەسەڵاتی بایدن كێشەی نوێ بۆ خۆی زیاد ناكات.
ئەم راستیان ئەوە ناگەیەنێت كە كورد دژایەتی ئەمەریكا بكات، گرنگە هەمو هەوڵێك بدرێت دۆستایەتی لەگەڵ ئەوان و هەمو وڵاتانی تر قوڵتر و فراوانتر بێت، بەیادنەكردنی ئەو راستیانەی سەرەوە.

ئێران: پەیوەندی كوردستانی باشور و ئێران زۆر دێرینە و ئەوانیش وەك هەمو وڵاتێكی تر، هەمو جموجۆڵ و پەیوەندیان لەگەڵ دنیای دەرەوە لە روانگای بەرژەوەندی خۆیانەوە دەبینن.
دەسەڵاتی فیعلی ئێستا لە عێراقدانە بەدەست سەرۆك وەزیرانە و نە بەدەست هاوپەیمانی شیعەوەیە و نە پەرلەمان و حیزبەكان رۆڵیان هەیە، دەسەڵاتی راستەقینە بەدەست ئێرانەوەیە، ئەوان فەرمان دەردەكەن و ئینجا هێزە شیعیەكان و حەشدی شەعبی وەك لقێكی سوپای پاسدارن ئەرك و فەرمانەكان جێبەجێ دەكەن.

با بە‌هەڵدا نەچین، هیچ هێزیك (نە كورد، نە سونە، نە شیعەی سەدر) ناتوانێت ئیمرۆ كارێكی گرنگ لە عێراقدا بكات بێ رەزامەندی ئێران، ئەوان ئێستا دەسەڵاتیان بەسەر هەمو گروپەكاندا هەیە، بەشێ لە سونەكان و كلدانیەكان بەدەرنین لەو راستیە، هەڵنەبژاردنی شعلان كریم بە سەرۆكی پەرلەمان لە ١٣/١/٢٠٢٤ بە دەنگی ١٥٢ پەرلەمنتار نیشانەیەكی نوێی هەژمونی ئێرانە.

كوردستان سنورێكی زیاتر لە ٦٣٠ كم درێژی لەگەڵ ئێران هەیە، ناچار و پێویستە كە پەیوەندیەكی باش و گونجاوی لەگەڵدا هەبێت، ئێران كەم بوار هەیە لە كوردستان راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ دەستی تێوە نەدابێت، ئەمە كاری ئیمرۆیان نیە، بەڵكو ئەمە كلتوری ئەو وڵاتەیە و چەندەها ساڵە بەو شێوەیە دەروات.

پەیوەندی مێژوی یەكێتی و ئێران وای كردوە، كە رەنگدانەوەشی لەسەر پەیوەندی لەگەڵ هێزە شیعەكان و هەمو گروپەكانی ئەو فەلەكە لە عێراق بداتەوە، بانگهێشتكردنی نوێنەرانی ئێران بۆ كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی وەك تاقە نوێنەری وڵاتانی دەروەوە، نێشانە ئەو پەیوەندیە تایبەتەیە.

گروپەكانی سەر بە ئێران لە عێراق، بە ئارەزوی خۆیان هێرش دەكەنە سەر هەرێم بە گشتی و شوێنەكانی هاوپەیمانان و فرۆكەخانە هەولێر بە تایبەتی، ئەمە هەندێ دەزگای نە شارەزا ، باس لەوە دەكەن كە رەنگە ئێران ئاگای لێ نەبێت، تا كار گەیشتە ئەوەی كە شەوی ١٤/١/٢٠٢٤ ماڵی پێشرەو دزەیی بە موشەك بۆردومان بكرێت و ئێران بە ئاشكرا خۆی بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت.

بێگومان ئەمە یەكەمجار نیە كە هەولێر بە ئاشكرا بۆردومان دەكرێت، ئەوەبو لە ١٣/٣/٢٠٢٢ ماڵی شێخ باز بەرزنجی بە هەمان شێوە موشەك باران كرا.

ئێران دەیەوێت پارتی وەك یەكێتی لێبكات و بیخاتە ژێر ركێفی خۆیەوە، وە توركیاش بە هەمان شێوە دەیەوێت یەكێتی دژایەتی پارتی كرێكاران بكات وەك چۆن پارتی دەیكات، لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەبینین چۆن فرۆكەی توركی بۆردومانی شوێنی گرنگی ناوچەی سەوز دەكات.

بێدەنگی هەندێ هێزی ناوچەی سەوز، كە ئامادە نەبون ( بێگومان لە ترسا) ناوی ئێران بهێنن كە هێرشەكەی كردوە، ئەوە زەمینەیەكی زۆر خراپ و نا تەندروست دروست دەكات، بۆ ئەوەی ئەگەر سبەینێ ناوچەی سلێمانی بەر هێرشی توركی كەوت، هێزەكانی ناوچەی زەرد بە هەمان زمان مامەڵە بكەن!!

بێگومان لە ناوەركدا رۆڵی توكیاهیچ جیاوایەكی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی تر نیە، بەڵكو زۆر دژوارتر و توند تر و رەگەزپەرسانەتر پەلاماری كورد ئەدا و دروشمی ( یان لەگەڵمای یان دوژمنی) بە كردار بەكار دێنێ، هێرشی ١٨/٩/٢٠٢٣ بوسەر فرۆكەخانەی كشتوكاڵی لە عەربەت نیشانەیەكی كۆن نیە كە ئەوان ئامادەن هەشوێنێكیان بوێت بۆردومانی بكەن.

چارە:
كێشە قوڵ و دێرین و مەترسیدارەكان، پێویستیان بە چارەسەری ئازایانە و لەخۆبوردانە و هەمیشەیی و دراسەكراو هەیە، ئەوەی ئێستا دژ بە كورد دەكرێت، دژ بە پارتی و یەكێتی نیە، رەنگە ئیمرۆ دژ بە لایەكیان بێت، بەڵام بە دڵنییایەوە سبەینێ دژ بە لاكەی ترە، ئەگینا موشەكبارانی ئێران بۆسەر ماڵی پێشرەو دزەیی یان شێخ باز، هەموكەس دەزانێت، كە پەیوەندی بەوەوە نیە كە ئەم شوێنە بارەگای موسادی لێیە، ئێران باش دەزانێت بارەگای رەسمی و ئاشكرای موساد لە كوێیە، بۆ ناچن ئەوێ بۆردومان بكەن؟

ئەوەی كە رونە حكومەتی هەرێم ئەو دەسەڵات و هێزەی نیە وەك پاكستان كە دوای چەند كاتژمێرێك بە هەمان شێوە هێرش بكاتە سەر سیستان و بلوجستان لە ئێران
ئیمرۆ لە هەركاتێكی تر كورد پێویستی بەوەیە كە ناوماڵی خۆی پتەو بكات پێویست و گرنگە، كە یەكێتی و پارتی زۆر زیاتر لە ئێستا لەیەك نزیك ببنەوە، یەك هەڵوێستی كورد، باشترین وەڵامە بۆ ئەو هێرشانەی دوێنێ كرا و سبەینێش دەكرێت، ئەبێت ئەو دوهێزە لەبەر بەرژەوەندی گشتی و مانەوەی خۆیان، هەنگاوی بوێرانە بنێن هێزە سەربازی و ئیداریەكانیان بە تەواوی تێكەڵاو بكەن و واز لە یەكەی٧٠ و ٨٠ و زۆنی رەنگاو رەنگ بهێنن.

زۆر گرنگیشە هاوپەیمانێتی لەگەڵ هێزە میانرەوە شیعی و سونی و كلدانی و كۆمەڵگای مەدەنی ببەسترێت. هەروەها گرنگە پێداچونەوەیەك بە پەیوەندی لەگەڵ ئێران و توركیا بكرێت و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و هاوپەیمانان ئەپدێت بكرێتەوە، ئەبێت هەمو ئەم پەیوەندیانە لە روانگای بەرژەوەندی میللیەوە دابرێژرێتەوە، بە مانایەكی تر هاوسەنگی پێویستە لە هاوپەیمانێتی و دۆستایەتیدا، یاخود وەك هەندێ رۆشنیری كورد نامەیەكیان ئاراستەی نەتەوەیەكگرتوەكان كردوە و داوا دەكەن كە ئەنجومەنی ئاسایش بریارێك دەربكەن وەك بڕیاری ٦٨٨ ی ١٩٩١
بە پاراستنی كوردستان لە نێوان هێڵی ٣٢-٣٦.
كوردستان جوگرافیایەكی زۆر ناگونجاوی هەیە، چی بكەین كە سنورمان لەگەڵ نەرویج و سوید و نەمسا نیە، دەوروپشتمان وڵاتانی نا دیموكرات و دۆستانی كورد نین، مادەم ناتوانین جوگرافیای خۆمان بگۆرین، پێویستە رێگایەكی گونجاو بۆ مامەڵەكردنێكی ئاشتیخوازانە و باشتر لە ئێستا لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا بدۆزینەوە..
تۆ بڵێی چارەی تر هەبێت؟

پلاسخارت: عێراق لە مەترسیدایە
پێشت پلاسخارت: عێراق لە مەترسیدایە
ئاسایشی سلێمانی ڕوونکردنەوە لەسەر دەستگیرکردنی مامۆستایان دەدات
دواتر ئاسایشی سلێمانی ڕوونکردنەوە لەسەر دەستگیرکردنی مامۆستایان دەدات
ەیوەندیدار