بەڵێ بۆ ئەو عورفە سیاسییە نەکەن!!!



خەڵەف غەفوور- ڕۆژنامەنووس

گفتوگۆکان بەشێوەی ناڕاستەوخۆ بۆ پێکهێنانی ئیدارەی خۆجێی کەرکوک، لەسەروویانەوە بەرکەوتەی پۆستی پارێزگار، دەستیانپێکردووە، بەگوێرەی لێدوانی هەندێک لایەن، ئاماژەی دڵخۆشکەر بۆ وا زوو ڕێککەوتن لەسەر پۆستی پارێزگار نییە، سیناریۆکانیش هیچ باش ناخەنەڕوو.

عەرەب بە هەموو لیستەکانییەوە کۆکن لەسەر ئەوەی پۆستی پارێزگار لای ئەوان بێت، تورکمان چارەسەری مامناوەندییان خستووتەڕوو بە ڕێنوینیی تورکیا، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا وتی “با وەرگرتنی پارێزگاری کەرکوک بە نۆرەبێت”.

یەکێتی و پارتی هێشتا پێکەوە نین، بەڵام دەبێ پێکەوەبن، بژاردەی دیکەیان نییە، ئەگەر بگەنە ڕێککەوتنی نیشتمانی و کوتلەی کوردستانی پێکبهێنن، ئەوا دەتوانن کاریگەرتربن و دەبنە ژمارەیەکی سەنگین.

عەرەب و تورکمان لە ڕێگەی پێشنیازی پارێزگاری بە نۆرەوە دەیانەوێت لە ناسنامەی کوردستانیی کەرکوک بدەن، ئەو نۆرەیە عورفی سیاسیی بەرهەمدەهێنێت کە بۆ کورد لە کەرکوک مەترسیدارە، بەڵام لەسەر ئاستی عیراق بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کورد بەسوودە، چونکە ڕاستییەکەی پۆستی جێبەجێکار نییە و بۆ شیعەش باشترە ئەو پۆستە لای کورد بێت نەک سوننە.

یەکێتی کە خاوەن زۆرترین کورسییە لەسەر ئاستی لیستەکان، دەرفەتی یەکەمی هەیە بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگار بەم شێوەیە:

یەکەم، یەکێتی و پارتی و تورکمان و کورسیی کۆتای مەسیحییەکان ڕێکبکەون و پۆستەکان دابەشبکەن، تورکمان دڵنیایە پۆستی پارێزگار نە بە ماف و نە بایکۆتی پرۆسەی سیاسیش بۆ ئەوان نەبێ، ڕەنگە چاوی لە جێگری پارێزگار یان سەرۆکی ئەنجومەن بێت، پارتیش هەمان حاڵی تورکمانی هەیە.

دووەم، یەکێتی و پارتی و لیستە عەرەبییەکان و مەسیحییەکان ڕێکبکەون، پارێزگار بۆ یەکێتی و دوو پۆستەکەی دیکەش بۆ پارتی و لایەنی عەرەبی، لێرەدا دوورخستنەوەی تورکمان دەبێتە مەترسی.

سێیەم، هەموو پێکهاتەکان ڕێکبکەون و بەپێی کورسی پۆستەکان دابەشبکەن، ئەوە باشترین ڕێگەیە، بەڵام ئەستەمیشە ئەگەر فشاری هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی زۆریان بۆ نەهێنێت.

ورد سەیری بکەی مەترسییەکان لەسەر کورد زیاترن، لەم قۆناغەدا کوردستانیبوونی کەرکوک و داهاتووی کورد و کەرکوک لەبەردەم تۆفانی سیاسیی تاقەت پڕوکێندان.

تەعریب، داگیرکردنی زەوی، بە زۆر چۆڵکردنی گووندە کوردییەکان و بە سەربازگەکردنی، هەڵکوتانە سەر گەڕەکە کوردییەکانی ناوشار و قەدەغەکردنی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە شوێنە ڕەسمییەکان.

ئەوانە ئەگەر هێزی پارێزگارێکی بەهێز بۆ ڕێلێگرتنی نەبێت، ئەوا لە داهاتوودا دەبنە کردار و ئاسان هاوکێشە لاسەنگکراوەکە ڕاستناکرێتەوە.

تورکیا مەبەستێتی وەکو قۆناغی یەکەم بۆ پێدانی ناسنامەی تورکمانی بە کەرکوک، عورفی پارێزگاری بە نۆرە بچەسپێنێ، ئەوە دەبێتە سەرەتای پڕۆژەیەکی دوورمەودا و بەوردی کاری لەسەردەکات.

هێزی کوردستانی دەبێت لەو مەترسییە تێبگات و هەموو کارتەکانی بەکاربهێنێت، شەڕی کورد شەڕی ناسنامە و ڕەتکردنەوەی پڕۆژەی تەعریب و تەتریکی کەرکوکە، نەک کێبڕکێی دیموکراسی و پشتبەستن بە ڕێککەوتنی سیاسی کە زیانی زۆری بۆ داهاتووی کەرکوک و دۆزەکەی دەبێت.

بۆ کورد شەڕی ناسنامە و پاراستنی ناسنامەی کوردستانیبوونی کەرکوکە، بۆ ئەوانیش یاری و داهێنانی عورفێکی سیاسییە کە عەقڵیەتی شۆڤێنی نەخشەی بۆ کێشاوە.

قائیمقامیەتی هەولێر: سزای ئەو كەسانە دەدرێت كە نرخ بەرز دەكەنەوە
پێشت قائیمقامیەتی هەولێر: سزای ئەو كەسانە دەدرێت كە نرخ بەرز دەكەنەوە
“ئەمریکا بووە بە کێشە بۆ هەرێمی کوردستان و هیچ کاتێكیش بەرگری لە کورد ناکات”
دواتر “ئەمریکا بووە بە کێشە بۆ هەرێمی کوردستان و هیچ کاتێكیش بەرگری لە کورد ناکات”
ەیوەندیدار