ڕۆژنامەنووسان لە بەرداشی جێبەجێنەکردنی یاساکانی ڕۆژنامەنووسی



ساڵی ڕابردوو ٢٤٩ پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە، جێبەجێنەکردنی یاساکانی ڕۆژنامەنووسی گرفتی بۆ ڕۆژنامەنووسان دروستکردووە.

سلێمان ئەحمەد هەواڵسازی ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوزە، خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە، ساڵانێکە لە باشووری کوردستان دەژی، مۆڵەتی مانەوەی هەیە، بەڵام پێش سێ مانگ بۆ بەشداری پرسە کۆچی دوای باوکی چووە ڕۆژئاوای کوردستان، لە کاتی گەڕانەوەی بۆ باشووری کوردستان لە دەروازەی پیشخاپوور دەستگیردەکرێت، نزیکی سێ مانگە بێ هیچ بەڵگەیەک دەستبەسەرە.

ئەرکان محەمەد، هەواڵسازی ئاژانسەکەیە، ئەوەی خستەڕوو لەلایەن ئاسایشەوە هەواڵسازەکەیان ماوەی ٨٥ ڕۆژە دەستگیرکراوە، هەرچەندە بڕیاری دادگا هەیە بۆ بینین، بەڵام تا ئێستا ڕێگانەدراوە تەنانەت پارێزەکان ئەو ڕۆژنامەنووسانە ببینن، ئەمەش پێشێلکردنی یاسا و بڕیاری دادگایە.

ئەمڕۆ سەنتەری میترۆ ڕاپۆرتی دۆخی ڕۆژنامەنووسانی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بڵاوکردەوە، ٢٤٩ پێشێلکاری بەرامبەر ٢٤٧ ڕۆژنامەنووس و دامەزراوەی ڕاگەیاندن تۆمارکراوە، پێشێلکارییەکانیش جۆراوجۆرن:-

١٣٤ڕێگری و جیاکاری

٣٧ دەستبەسەرکردن بێ دادگایی

 ٣٨ زەوتکردنی کەلوپەلی ڕۆژنامەنووسی

 ٤ هێرشی ئەلیکترۆنی

 ٢٧ هێرش و هەڕەشە و سوکایەتی

٢ شکاندنی کەلوپەلی ڕۆژنامەنووسی

٥ دەستگیرکردنی بەدەر لە یاسای ڕۆژنامەنووسی

٢ هەڵکوتانە سەر ماڵی ڕۆژنامەنووسان

دەستگیرکردنی سلێمان ئەحمەدی ڕۆژنامەنووس لەلایەن ئاسایش و شکاندنی بڕیاری دادوەر پێچەوانەی یاسایە، تەنانەت وەزارەتەکانیش ڕێنمایی پێچەوانەی یاساکان دەردەکەن.

د. سامان فەوزی، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی یاساکانی ڕاگەیاندن ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، سەرباری کەموکورتی یاساکانی ڕۆژنامەنووسی، بەڵام لە دادگاکان کار بە یاساکانی ڕۆژنامەنووسی ناکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، ساڵی ڕابردوو دوو ڕێنمایی لە وەزارەتەکانی ڕۆشنبیری و داراییەوە بۆ دەزگا ڕاگەیاندنەکان دەرکرا، کە پێچەوانەی یاسا ڕۆژنامەنووسیەکانە و بەربەست بۆ کاری ڕاگەیاندن دروستدەکات.

فەرمانگە حکومییەکان یاساکانی ڕۆژنامەنووسی جێبەجێناکەن، جیاکاری لەنێوان دەزگا ڕاگەیاندنەکان دەکەن، ئەمەش کێشەی بۆ ڕۆژنامەنووسەکان دروستکردووە.

کارزان تاریق، پەیامنێری مەیدانییە لە کەناڵی ئێن ئاڕ تی، باس لە گرفتەکانی پەیامنێران دەکات، کە هەندێ لە فەرمانگە حکومییەکان زانیاری تەنها بە چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندن دەدەن، لەکاتێکدا زانیارییەکان مافی هەموو ڕۆژنامەنووسانە، پێچەوانەی یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیارییە.

لە هەرێمی کوردستان نزیکی هەزار و ٥٠٠ دەزگای ڕاگەیاندنی مۆڵەتپێدراو هەیە، نۆ هەزار ڕۆژنامەنووسیش ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانن.

پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا بووەتە هۆکاری زیادبوونی میدیای ئەلیکترۆنی، هەژان خالید، توێژەر لە سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان باس لەوەدەکات زیادبوونی دەزگا ڕاگەیاندنەکان کاریگەری لەسەر ژینگە و پیشەی ڕاگەیاندن دروستکردووە، زۆری و بۆری بەرهەمهێناوە، دۆخەکە پێویستی بە ڕێکخستنەوەیە، کاریگەری لەسەر ژنانی ڕۆژنامەنووسیش دروستکردووە.

لەنیا بەختیار، پەیامنێری میدیای ئەلیکترۆنی وێستگە نیوزە، ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، ڕێژەی ژنان لەناو کاری ڕۆژنامەنووسیدا دڵخۆشکەرە، بەڵام زۆرجار لەناو دەزگا ڕاگەیاندنەکان و دەرەوەی دەزگاکانیش هەراسان دەکرێن.

شەقامێکیتر لە یەکتربڕی لای باخی بەختیاری کرایەوە
پێشت شەقامێکیتر لە یەکتربڕی لای باخی بەختیاری کرایەوە
بەهای دۆلار شكا
دواتر بەهای دۆلار شكا
ەیوەندیدار