پێشەوا هەورامانی: بە هیچ جۆرێك نە بیر لە لێبڕین نە لە پاشەكەوتی مووچە دەكرێتەوە



 

لە دوای بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە جێگیرکردنی زیاتر لە 618 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بە ناردنی ئەو بڕە پارەیە هێشتا کورتهێنان هەیە بۆ دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆران، بەڵام “بە هیچ شێوەیەک” حکومەت بیری لە پاشەکەوت یان لێبڕینی مووچە نەکردۆتەوە، بەڵکو بەدوای “چارەسەرێکی گونجاودا” دەگەڕێن بۆ پڕکردنەوەی بڕی کورتهێنانەکە.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕۆژی 14-1- 2024 لە کۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاریدا مانگانە بڕی زیاتر لە 618 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت تا هەمواری یاسای بودجەی عێراق دەکرێتەوە، بەڵام حكومه‌تی هه‌رێم بەردەوام دەڵێت: مانگانه‌ تانها بۆ خه‌رجی مووچە و بەبێ هەژمارکردنی خەرجییەکانی بەڕێوەبردن‌ پێویستی به‌ زیاتر لە 900 ملیار دیناره‌. دوێنێ سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی لە بە‌غدا ڕایگەیاند، کە ئەوان داوایان لە بەغدا کردووە 875 ملیار دینار بنێرێت.

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم بە (دەنگی ئەمەریکا)ی ڕاگەیاند، “دەزانین کورتهێنان و و کەمی هەیە و فشاریش لەسەر حکومەت دروست دەکات، بەڵام بە هیچ جۆرێک نە بیر لە لێبڕین نە پاشەکەوت دەکرێتەوە.”

وتیشی، “پارەکە هێشتا نەگەشتووە. لەگەڵ گەیشتنی بە دوای چارەسەرێکدا دەگەڕێین و یەکسەر دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەین.”

لە ڕابردوودا حکومەتی عێراق چەند جارێک 700 ملیار دیناری وەک قەرز داوەتە حکومەتی هەرێم، بەڵام بڕیاری ناردنی زیاتر لە 618 ملیار دینار وەک “سولفە” دیاری کراوە نەک قەرز و تا یاسای بودجە هەموار دەکرێتەوە لە پەرلەمانی عێراقدا. لە ئێستاشدا حکومەتی هەریم مووچەی سێ مانگی ڕابردووی مووچەخۆرانی هەرێم قەرزدارە.

پێشەوا هەورامی وتی، ” ئەم بڕە پارەیەی دەنێردرێت حاڵەتیکی کاتییە، نەک بڵێین جیگیر دەبێت و هەموو مانگێک ئەو پارەیە دێت. هەمواری یاسای بودجە دەچێتە مانگی دوو بۆیە ئەمە وەک چارەسەریکی ناوەندیە تا هەموارەکە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدرێت.”

وتیشی، “دوای گەیشتنی پارەکە وەزارەتی دارایی بڕیار دەدات ئایە مووچەی مانگەکانی ساڵی ڕابردوو دابەشدەکرێت، یاخود دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 1ی ئەمساڵ دەدرێت.”

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ڕابردووەوە نزیکی 20 جار سەردانی بەغدادی کردووە بۆ چارەسەر کردنی پرسە هەڵواسراوەکانی نێوانیان، کە دیارترینیان بریتین لە پرسی نەوت، داهاتی ناوخۆ، خاڵە سنوریەکان و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە.

بە پێی لێدوانەکانی ڕابردووی شاندەکان، سەرجەم ئامار و داتاکانی تایبەت بە نەوت و ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم و داهاتی ناوخۆ دراوەتە حکومەتی ناوەندی و وتەبێژی حکومەت لەو بارەیەوە وتی، “لە دواین کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێم لەگەڵ شاندی فیدڕاڵ ڕێککەوتن و لێکنزیکبوونەوەی باش هەبووە لەسەر پرسی نەوت و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. هەر لەو کۆبوونەوانەدا بڕیاردراوە، کە ئەم پرسە لەڕێگەی هەموار و پەرلەمانەوە چارەسەر بکرێت.”

وتیشی، “وردەکاری و داتا و ژمارەی زۆر خراونەتە بەردەم حکومەتی فیدڕاڵ، کۆمپانیاکانی نەوتیش لەوێ خۆیان ئامادەییان هەبووە هەموو وردەکاری و ڕوونکردنەوەیەکیان داوە بە حکومەت، هەموو ڕوونکردنەوەکانیان باوەڕپێکراوبوون بۆ حکومەتی عێراق، بۆیە چاوەڕێین لە دوای هەموارەکەوە ئەم کێشەیە بە تەواوی چارەسەر ببێت و دووبارە نەبێتەوە .”

ڕۆژی 13-1-2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی تیرۆرکردنی محەمەد باقر حەکیم سەردانی شاری بەغدای کرد، بەڵام ماوەی دوو ڕۆژ لەبەغدا مایەوە و لەگەڵ زۆربەی لایەنە عێراقییەکاندا کۆبووەوە.

نرخی نەوت بەرزبووەوە
پێشت نرخی نەوت بەرزبووەوە
ڕێکخراوی منداڵانی جیهانی ئیدانەی هێرشەکەی هەولێر دەکات
دواتر ڕێکخراوی منداڵانی جیهانی ئیدانەی هێرشەکەی هەولێر دەکات
ەیوەندیدار