یەکێتی وەبەرهێنەران: هێرشەکان دۆخێکی دژواریان لە سەرجەم شارەکانی هەرێمدا دروستکردووە



یەکێتی وەبەرهێنەران ڕایدەگەیەنێت کە هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی سەر شارەکانی هەرێمی کوردستان نائارامی سیاسی و ئابوورییان لە ناوچەکەدا هێناوەتە ئارا و داوا لە حکومەتی هەرێم و عێراقی فیدراڵ دەکات هەموو ڕێكارێكی پێویست بگرنەبەر بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەم پەلامارانە.

یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی دەربارەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری هەولێر بلاوکردەوە و پرسەو سەرەخۆشی ئاڕاستەی کەسوکاری پێشڕەو دزەیی  کرد و تێیدا هاتووە، لە هێرشەکەدا “هاوکارمان (پێشرەو دزەیی) وەبەرهێنەری دیار و بەناوبانگی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان و چەند ئەندامێکی خانەوادەکەی گیانیان لەدەستداو سەختی و کاریگەریی بۆردوومانەکانیش هۆکار بوون بۆگیان لەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتی سڤیل”.

یەکێتی وەبەرهێنەران ئەوەش دەخاتەڕوو کە بەردەوامی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی سەر شارەکانی هەرێمی کوردستان نائارامی سیاسی و ئابوورییان لە ناوچەکەدا هێناوەتە ئارا و دۆخێکی دژواریان لە سەرجەم شارەکانی هەرێمدا دروستکردووە.

دەقی راگەیەنراوەکەی یەکێتی وەبەرهێنەران:

بەناوی خودای گەورە و میهرەبان

ڕاگەیەنراوێک لەیەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستانەوە

شەوی ڕابردوو هەولێری پایتەختی کوردستان کرایە ئامانج و بەهۆیەوە هاوکارمان (پێشرەو دزەیی) وەبەرهێنەری دیار و بەناوبانگی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان و چەند ئەندامێکی خانەوادەکەی گیانیان لەدەستداو سەختی و کاریگەریی بۆردوومانەکانیش هۆکار بوون بۆگیان لەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتی سڤیل، بەم بۆنە خەمناکەوە پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی ئەو هاورێ ئازیزەمان و خانەوادەکەی و سەرجەم قوربانیانی ئەو بۆردوومانە دەکەین و ئەم هەوڵە سەرکۆنەو شەرمەزار دەکەین، هاوکات هەر هێرش و پەلاماردانێكیش رەتدەکەینەوە كە سەروەری خاکی هەرێم و عێراق پێشێل دەکات.

ئاشکرایە، کە بەردەوامی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان، کە ماوەیەکە شارەکانی هەرێمی کوردستانی کردووەتە ئامانج، نائارامی سیاسی و ئابوورییان لە ناوچەکەدا هێناوەتە ئارا و دۆخێکی دژواریان لە سەرجەم شارەکانی هەرێمدا دروستکردووە، کە روون و ئاشکرا کاریگەرییەکانی لەسەر هەموو بوارەکانی ژیان دیارە.

ئومێدەوارین هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراقی فیدراڵ، هەموو ڕێكارێكی پێویست بگرنەبەر بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەم پەلامارانەو كاری جددی بكەن بۆ چارەسەركردنی ریشەیی و رێگریكردن لە تێكچوونی ئاسایشی هەرێمی كوردستان.

ئێمە لە یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان پێمان وایە، ئەوەی لە نێوان وڵاتانی زلهێزدا دەگوزەرێت نابێت لەسەر حسابی وڵاتانی ناوچەکە بێت و شکستی جەنگ و ماڵوێرانییەکانی خۆیان بە ئێمەدا هەڵواسن، چونکە دۆخەکە بەم جۆرە چارەسەر نابێ و تەنھا ئاڵۆزی نالەباری تیا دێتە ئارا، کە سەرەنجام گەلانی عێراق باجەکەی دەدەن.

بەدەرفەتیشی دەزانین لە وەها دۆخیکدا، داوا لە هەمووان بکەین یەک دەنگ و یەک هەڵویست و یەک ریز بین، چونکە جیاوازی لە کوردبوونمان ناکرێت و کەی ویسترا، بەوانەشەوە کە بە دۆست و پشتیوانیان دەزانین رق و کینەی خۆیان بەسەر خاک و وڵات و هاونیشتمانیانماندا دەرێژن.

خودای گەورە و کاربەجێ پارێزەری هەموو لایەک بێت و وڵاتمان لە ئاشووب و ناهەموواری بەدوور بکات.

یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان

16-1-2024

لیژنەكەی عێراق ئەنجامی لێكۆڵینەوەی بۆردومانەكەی هەولێری ڕاگەیاند
پێشت لیژنەكەی عێراق ئەنجامی لێكۆڵینەوەی بۆردومانەكەی هەولێری ڕاگەیاند
خانمی یەکەمی عێراق ئیدانەی هێرشەکەی هەولێری کرد
دواتر خانمی یەکەمی عێراق ئیدانەی هێرشەکەی هەولێری کرد
ەیوەندیدار