وەزیری ئاوەدانکردنەوە دەربارەی “ڕێگەی مەرگ” ڕوونکردنەوە دەدات



وەزیری ئاوەدانکردنەوەی ڕایدەگەیەنێت کە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، هەزار و 300 کیلۆمەتر ڕێگەوبانی نوێیان دروست کردووە، سەبارەت بە ڕێگەی نێوان کەلار-دەربەندیخانیش ڕوونکردنەوە دەدات کە بە هۆی زۆریی ڕووداوەکانی هاتووچۆوە بە “ڕێگەی مەرگ” ناودەبرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان کە پەیامنێری “خەڵك” ئامادەی بوو، ڕایگەیاند لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 440 پڕۆژەیان بە بڕی 900 ملیار دینار جێبەجێ کردووە.

ڕوونیشیکردەوە کە لە ماوەی دەستبەکاربوونی لە وەزارەتەکەدا هەزار و 300 کیلۆمەتر ڕێگەی نوێیان دروست کردووە.

سەبارەت بە ڕێگەی دەربەندیخان-کەلار کە چەندین ساڵە تەواو نەکراوە ڕایگەیاند، لە دوای دەستبەکاربوونیان لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، ڕێژەی تەواوکردنی پڕۆژەکەیان لە 15٪ەوە گەیاندە 65٪ و هیواشی خواست لەمساڵدا ڕێگەکە تەواو بکرێت.

دانا عەبدولکەریم دەربارەی ڕێگەی سلێمانی-چوارقوڕنەش ئەوەی خستەڕوو کە پڕۆژەکە سێ قۆناغە، یەکەمیان کە 22 کیلۆمەترە 95٪ی تەواو بووە، دووەمیشیان 45٪ی جێبەجێکراوە، بەڵام قۆناغی سێیەم بە هۆی نەبوونی پارەی پێویستەوە، دەستی پێنەکردووە.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە ڕەخنەشی لە خراپی کوالێتی ئەو قیرە گرت کە لە بەشێك لە شەقامەکاندا بەکاردەهێنرێت و بە پێویستیشیزانی بابەتی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێڵ بەو شێوەیەی ئێستا بە کراوەیی نەمێنێتەوە و لەسەر بنەمای پێویستیی بهێنرێتە هەرێمی کوردستان.

سەرۆك کۆمار و سەرۆکی هەرێم هەڵوێستێکی هاوبەشیان دەربارەی مووچەی فەرمانبەران ڕاگەیاند
پێشت سەرۆك کۆمار و سەرۆکی هەرێم هەڵوێستێکی هاوبەشیان دەربارەی مووچەی فەرمانبەران ڕاگەیاند
کەشناسی کاتی کۆتاییهاتنی شەپۆلی بەفر و بارانەکەی ڕاگەیاند
دواتر کەشناسی کاتی کۆتاییهاتنی شەپۆلی بەفر و بارانەکەی ڕاگەیاند
ەیوەندیدار