هیومان رایتس وۆچ: ساڵی ٢٠٢٣ “ساڵی سەرکوتکردنی مافەکانی مرۆڤ بوو



رێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ دەڵێت، شەڕی غەززە، ئۆکرانیا و سودان، دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە مافی مرۆڤ لە ساڵی ٢٠٢٣ هیچ بەهایەکی نەبووە.

 

هیومان ڕایتس وۆچ ڕەخنەش لە یەکێتی ئەوروپا دەگرێت سەبارەت بە “شێوازی مامەڵەیان سەبارەت بە دەربازبوون لە پابەندبوونەکانی مافی مرۆڤ بەرامبەر بە پەناخوازان و کۆچبەران، بەتایبەتی ئەو پەناخوازانەی لە ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هاتوونەتە وڵاتەکانیان”.

 

هیومان ڕایتس وۆچ ئەوەشی خستووەتەروو، کە ساڵی ٢٠٢٣ لە ڕووی سەرکوتکردنی مافەکانی مرۆڤ لە جیهاندا، بە تایبەت لە ئەنجامی ململانێ خوێناوییەکانی کەرتی غەززە، سودان و ئۆکرانیا، “ساڵێکی پڕ کارەسات” و سەرکوتکردنی مافەکانی مرۆڤ بووە.

 

ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا کە باس لە دۆخی مافی مرۆڤ دەکات لە نزیکەی 100 وڵاتدا، دەڵێت؛ شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە، شەڕی سودان لە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی، ململانێ بەردەوامەکانی ئۆکراین و ڕووسیا، بۆرما، ئەسیوپیا، هۆکاربوون بۆ سەرهەڵدانی دەیان کارەساتی جەرگبڕی مرۆیی.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، “لە ساڵی ٢٠٢٣دا هاووڵاتیانی مەدەنی بە شێوەیەکی ناجۆر لەپەرەسەندنەکانی نیوان ئیسرائیل و فەلەستین دا، کراونەتە ئامانج و هێرشیان کراوەتە سەر و کوژراون”.

 

هیومان ڕایتس وۆچ، ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس تۆمەتبار دەکات بە ئەنجامدانی “کردەوەگەلێک کە دەگەنە ئاستی تاوانی جەنگ”، بەهۆی ئەو هێرشەی کە بزووتنەوەکە لە ٧ی ئۆکتۆبەردا بۆ سەر باشووری ئیسرائیل دەستیپێکرد، هەروەها وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بە بۆردومانی چڕی کەرتی غەززە و گەمارۆدانی.

 

سەبارەت بە سودان، کە لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا ململانێکان سەریهەڵدا، ڕێکخراوەکە باسی لە “پێشێلکاری بەرفراوان بەرامبەر خەڵکی سڤیل بە تایبەت لە ناوچەی دارفور” کردووە.

 

لاما فەکیح، بەڕێوەبەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقای ڕێکخراوەکە، پشتڕاستی کردەوە کە “ڕەوشێکی دژوار سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ لە ناوچەکەدا، بەڵگەدار کراوە”.

 

بەدەر لە ململانێ چەکدارییەکان، ڕێکخراوەکە هۆشداریدا لە کاریگەرییە کارەساتبارەکانی قەیرانی کەشوهەوا لەسەر مافەکانی مرۆڤ لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا، کە زنجیرەیەک کارەساتی سروشتی بێ وێنە و بەرزترین پلەی گەرمی بەرزی بەخۆیەوە بینیوە.

سەرۆکی هەرێم لە بەغداوە بۆ مووچە هەڵوێستی نواند
پێشت سەرۆکی هەرێم لە بەغداوە بۆ مووچە هەڵوێستی نواند
“خەڵک” زانیاری لەسەر دابەشکردنی نەوت بڵاودەکاتەوە
دواتر “خەڵک” زانیاری لەسەر دابەشکردنی نەوت بڵاودەکاتەوە
ەیوەندیدار