ئەمریکا و بەریتانیا لە یەمەن چ شوێنێکیان بە ئامانج گرتووە؟



بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر چەند ناوچەیەکی ڕۆژئاوا، باکووری ڕۆژئاوا و باشووری ڕۆژئاوای یەمەن دەستپێکرد، پێگەی حوسییەکانیان بە ئامانج گرت.

ئەم بۆردوومانکردنە بۆ سەر یەمەن یەکەم وەڵامی ڕۆژئاوایە بۆ بە ئامانجگرتنی کەشتییە بارهەڵگرەکانی ئیسرائیل لەلایەن حوسییەکان لە دەریای سووردا، کە دەڵێن لە تۆڵەی هێرشەکانی ماوەی ئەم سێ مانگەی ئیسرائیلە بۆ سەر کەرتی غەززە.

بەگوێرەی ئەوەی حوسییەکان ڕایانگەیاندووە، بۆردوومانەکە جگە لە کەمپەکان، چوار فڕۆکەخانەی لە شوێنە جیاجیاکانی ئەو وڵاتە بە ئامانج گرتووە، هاوکات فەرماندەیی هێزی ئاسمانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، بۆردوومانەکە ٦٠ ئامانجی لە ١٦ شوێنی یەمەن کردووەتە ئامانج.

تەلەفزیۆنی مەسیرە کە سەر بە حوسییەکانە، بڵاویکردەوە کە هێرشەکان، بنکەی ئاسمانی دەیلەمی کردووتە ئاماج کە دەکەوێتە نزیک فڕۆکەخانەی سەنعای پایتەخت، دەوروبەری فڕۆکەخانەی حودەیدە، ناوچەکانی ناحیەی زەبید، کەمپی سەربازی کاهلان لە ڕۆژهەڵاتی شاری سەعدە، فڕۆکەخانەی تەعز، کەمپی لیوای ٢٢ لە قەزای تەعزیە، و فڕۆکەخانە لە قەزای عەبس.

 

ئەو شارانەی بە ئامانج گیراون

شارە کەناراوانەی کە ڕوویان لە دەریای سوور کردووە بۆردوومانکراون، وەک حودەیدە، ناوچەی زوبەید و تەعز کە ڕووی لە باب مەندەب کردووە، کە یەکێکە لە ڕێگا ئاوییە گرنگەکانی جیهان و ئەمانە سێ ناوچەن کە حوسییەکان دەتوانن لێیەوە کەشتییە بارهەڵگرەکان بە ئامانج بگرن.

ئەم هێرشانە کە لەلایەن ئەمریکا و بەریتانیاوە ئەنجامدراون، بە پاڵپشتی ئوسترالیا، بەحرەین، کەنەدا و هۆڵەندا بووە، بەگوێرەی ئەوەی کە لەلایەن جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکاوە ڕاگەیەندراوە، هێرشەکانی بە “سەرکەوتوو” وەسفکردووە.

جۆ بایدن ڕایگەیاند، ئەو هێرشانە وەڵامێکی ڕاستەوخۆیە بۆ “٢٧ هێرش” کە لەلایەن حوسییەکانەوە بۆ سەر کەشتییەکانی ناو دەریای سوور دەستیپێکردووە، کە کاریگەری لەسەر جوڵەی کەشتییە بارهەڵگرەکان هەبووە.

 

ئەو چەکانەی لە هێرشەکەدا بەکارهێنراون چییە؟

ئەمریکا و بەریتانیا ژمارەیەک چەکیان بەکارهێناوە بۆ بە ئامانجگرتنی پێگەی حوسییەکان و تۆڕی سی ئێن ئێنی ئەمریکیش ڕایگەیاندووە کە مووشەکی “تۆماهۆک” بەکارهێنراوە، کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی جەنگی بە کێشی هەزار پاوند (٤٥٣.٥) کیلۆگرام هەیە.

ئەم مووشەکانە سیستەمی جی پی ئێسیان تێدایە، هەروەها توانای گۆڕینی ئامانج یان ڕێڕەوەکانیان هەیە دوای هەڵدانی.

ئەمریکا بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٩١ لە کاتی جەنگی دووەمی کەنداو مووشەکەکانی تۆماهۆکی بەکارهێنابوو، ئەو مووشەکانە لە دژی هێزە عێراقییەکان بە سەرۆکایەتی سەدام حوسێن سەرۆک کۆمار بەکارهێنران.

 

ژێردەریایی ئەتۆمی بەشداری لە هێرشەکەدا کردووە

ڕاپۆرتە میدیاییە ئەمریکییەکان لەوان “سی ئێن ئێن و ئەی بی سی نیوز” ئاماژەیان بەوە کردووە کە ژێردەریایی ئەتۆمی ئەمریکی “یو ئێس ئێس فلۆریدا” بەشداری کردووە لە بۆردومانکردنی ئامانجەکانی حوسییەکان لە یەمەن، هەروەها ئەم ژێردەریاییە توانای هەڵگرتنی ١٥٤ مووشەکی تۆماهۆکی هەیە.

کەناڵی ئەی بی سی نیوز لە زاری بەرپرسێکەوە بڵاویکردەوە، مووشەکەکانی تۆماهۆک لە کەشتییە سەرزەوی و ژێردەریاییەکانی هێزی دەریایی ئەمریکاوە هەڵدراون.

ژێردەریاییەکە لە ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ بینراوە کە لە ڕێگەی کەناڵی سوێزەوە چووەتە ناو دەریای سوورەوە.

هاوکات وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ئاماژەی بەوەکرد بە چەندین جۆری فڕۆکە و مووشەک بەشدارییان لە هێرشەکەدا کردووە، کە فڕۆکەکانی بەریتانیا هێرشیان کردووەتە سەر شوێنەکانی هەڵدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکان لە باکووری ڕۆژئاوای یەمەن.

حوسییەکان هەڕەشەی وەڵامدانەوە دەکەن

حوسییەکان سەبارەت بە هێرشەکانی ئەمریکا و بەریتانیا، ڕایگەیاند، “بە هیچ شێوەیەک پاساوێک بۆ دەستدرێژی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر یەمەن نییە”، هەڕەشەی لە ئەمریکا و بەریتانیا کرد کە “باجێکی قورس” دەدەن، ئەمەش لە کاتێکدایە ئێران ئیدانەی هێرشەکانی سەر حوسییەکانی لەلایەن ئەمریکا و بەریتانیا کرد.

واشنتۆن لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی پێکهێنا بە مەبەستی پاراستنی کەشتییە دەریاییەکانی دەریای سوور لە ناوچەکەدا کە ١٢٪ی بازرگانی جیهانی پێیدا تێدەپەڕێت.

عێراق ناوی وەرگیراوانی بۆ هێزەکانی ئاسیش و پۆلیس بڵاوکردەوە
پێشت عێراق ناوی وەرگیراوانی بۆ هێزەکانی ئاسیش و پۆلیس بڵاوکردەوە
بەهۆی بەفربارینەوە لە دوو پارێزگا پشوو ڕاگەیەنرا
دواتر بەهۆی بەفربارینەوە لە دوو پارێزگا پشوو ڕاگەیەنرا
ەیوەندیدار