تەلەگراف؛ ئێران “مەشق” بە حوسییەکان دەکات



ڕۆژنامەیەکی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، یاخیبووە حوسییەکان کە کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور دەکەنە ئامانج، لە ئەکادیمیایەکی دەریایی ئێران، بە سەرپەرشتیی سوپای پاسداران، مەشق و ڕاهێنانیان پێکراوە.

 

ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی، باسی لەوە کردووە کە نزیکەی ٢٠٠ کەس لە ئەندامانی ئەو گرووپەی کە ناوچەیەکی بەرفراوانی یەمەنیان کۆنترۆڵ کردووە، لە ئەکادیمیای زانست و تەکنەلۆجیای دەریایی خامنەیی لە ناوچەی کەنار دەریای زیبەکنار، لەسەر دەستی سوپای پاسداران مەشق و ڕاهێنانیان وەرگرتووە .

 

لە ڕاپۆرتەکەدا، وردەکارییەکانی ئەو ڕاهێنانەی کە لە لایەن سەرچاوە هەواڵگرییەکان لە ئێرانەوە کۆکراونەتەوە، بەروونی “تێوەگلانی ڕاستەوخۆی تاران لە فراوانکردنی ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیشان دراوە”.

 

بەپێی ڕۆژنامەکە، خولێکی تایبەت بە مەشق و ڕاهێنان بۆ چەکدارە بیانییەکان تەرخانکراوە، کە ئەندامانی سەر بە گروپی حوسییشیان تێدابووە و نزیکەی شەش مانگ بە سەرکردایەتی شارەزایان و بەرپرسان لە سوپای قودس بەردەوام بووە.

 

ئەکادیمیای ئاماژەپێکراو لە ساڵی ٢٠١٣ لە کەناراوەکانی دەریای خەزەر دامەزراوە و لە ماوەی چوار ساڵدا هەموو مەشق و ڕاهێنانە دەریاییەکانی سوپای پاسداران بە مەشق و ڕاهێنانی بریکارەکانی ئێرانیشەوە بۆ ئەوێ گواستراونەتەوە، بەپێی هەمان ئەو سەرچاوانەی زانیارییەکانیان داوەتە ڕۆژنامە بەریتانییەکە.

 

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا حوسییەکان هێرشەکانیان لە دەریای سوور چڕتر کردووەتەوە، ئەمەش لە پاشخانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس دێت، کە لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە دەستیپێکردووە.

 

حوسییەکان ئەو کەشتییە بازرگانیانە دەکەنە ئامانج کە گومانی ئەوەیان هەیە پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەبێت یان بەرەو بەندەرەکانی ئیسرائیل بڕۆن، لە نزیک گەرووی ستراتیجی بابولمەندەب لە کۆتایی باشووری دەریای سوور، و دەڵێن ئەوان وەک هاوسۆزییەک لەگەڵ کەرتی غەززە ئەم هێرشانە دەکەن.

 

ئەم هێرشانە هەڕەشە لە هاتووچۆی کەشتیوانی لە ڕێڕەوە ئاویەکەدا دەکەن، کە نزیکەی لەسەدا ١٢ی بازرگانی جیهانی لە ڕێگەیەوە دەگوازرێتەوە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە دوورگەی فارور لە ناوەڕاستی کەنداوی عەرەبیدا لەلایەن هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە کۆنترۆڵکراوە و بۆ “مەشقپێکردنی بەکرێگیراوانی ئێرانی” بەکارهاتووە.

 

ئێران چەندین جار تۆمەتی تێوەگلانی لە پلاندانان بۆ هێرشی چەکدارانی حوسی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور ڕەتکردووەتەوە.

 

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، عەلی باغری، ڕایگەیاندبوو، ” (حوسییەکان) خاوەنی دەسەڵاتی خۆیانن و بە پشتبەستن بە بڕیار و تواناکانی خۆیان کاردەکەن”.

 

ئێران پشتیوانی حوسییەکان دەکات، بەڵام بە فەرمی ڕەتیدەکاتەوە چەکدارکردنی ئەو گروپە چەکدار بکات، کە دوای ڕووخانی حکومەت، سەنعای پایتەختی یەمەنیان کۆنترۆڵکرد و ئێستا زاڵن بەسەر ناوچەیەکی فراوانی وڵاتدا.

 

حوسییەکان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور دەکەن ئامانج، ئەمەش کۆمپانیاکانی کەشتیوانی ناچارکردووە رێڕەوی کەشتیەکان بگۆڕن.

 

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بڕیارنامەیەکدا داوای ڕاگرتنی “بەپەلە”ی هێرشی حوسییەکانی بۆ سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور کرد، هەروەها داوای لە وڵاتان کرد، ڕێز لەو گەمارۆیە بگرن کە بەسەر ئەم “یاخیبووانەدا” سەپێنراوە کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن.

 

ڕۆژی چوارشەممەی رابردوو، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئێرانی بە “یارمەتیدان و هاندانی” یاخیبووانی حوسی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی بە ئامانجگرتنی ئەو کەشتیانەی لە دەریای سوور هاتووچۆ دەکەن کە گومانیان هەیە پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەبێت یان بەرەو ئیسرائیل دەڕۆن، ئەمەش وەک پشتیوانییەک لە کەرتی غەززە.

 

بلینکن پێش ئەوەی مەنامە بەجێبهێڵێت وتی، “ئێران بە (دابینکردنی) تەکنەلۆژیا، ئامێر، هەواڵگری و زانیاری هاوکاری ئەم هێرشانەی کردووە لە ناوچەکەداو ئەمەش کاریگەرییەکی ڕاستەقینەی هەبووە.”

سامسۆنگ ئەلیکترۆنیکس شاشەی 2024ی Neo QLED و MICRO LED و OLED و Lifestyle نمایش دەکات
پێشت سامسۆنگ ئەلیکترۆنیکس شاشەی 2024ی Neo QLED و MICRO LED و OLED و Lifestyle نمایش دەکات
بەشەخۆراکی مانگی ڕەمەزان چوار ماددەی خۆراکی نوێ لەخۆدەگرێت
دواتر بەشەخۆراکی مانگی ڕەمەزان چوار ماددەی خۆراکی نوێ لەخۆدەگرێت
ەیوەندیدار